سەردێر

گرانفرۆشەكان سزا دەدرێـن

سلێمانی ـ نزار جەزا

لیژنە تایبەتمەندەكانی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی سلێمانی لەماوەی ساڵی ڕابردوودا نزیكی 600 پسوڵەی سەرپێچییان بۆ سەرپێچیكاران كردووە.

بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی سلێمانی دەست (خەڵك) كەوتوون، لەماوەی ساڵی 2020دا نزیكی 600 پسوڵەی سەرپێچییان بۆ سەرپێچیكاران كردووە.

هەر بەپێی ئەو ئامارە، لەو ماوەیەدا 336 شوێنیان داخستووە و نزیكی 38 ملیۆن دیناریان غەرامە نوسیوە.

سۆران عەبدولغەفور بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، پاش بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، نرخی شتومەك لەناو بازاڕ ناجێگیرە، هەركاتێك نرخی دۆلار جێگیربوو، ئەوكاتە نرخی شتومەكیش جێگیردەبێت.

باسی لەئەوەشكرد، ڕۆژانە سەردانی شوێنكارەكان دەكەن، نرخ هەڵنەواسێت، یان گرانفرۆشی بكات، ئەوا بێگومان سزای پێویستی دەدەن.

ئەوەشی خستەڕوو، بەراوردی نرخی كاڵاكان لەنێوان ماركێتەكان دەكەن، لەمەشدا گرانفرۆشی بكرێت، بەهەمانشێوە سزادەدرێت.

لەماوەی ڕابردوودا بانكی ناوەندی عیراق بەهای دیناری دابەزاند، بەهۆی ئەمەشەوە نرخی شتومەك بەرزبووەتەوە.

لەم دۆخەدا بەشێك لەخاوەنكارەكان نرخی شتومەك بەشێوەی زیاتر لەنرخی ئاسایی خۆی بەرزدەكەنەوە، ئەمەش جێگەی ڕەزامەندی نییە.