سەردێر

پارە لە كاسبكاران وەرناگیرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ

قایمقامی ناوەندی هەولێر ڕەتیدەكاتەوە مانگانە بڕی ٥٠٠ هەزار دینار لە عارەبانچی و خاوەن مێزەكانی سەر شەقامەكان وەربگیرێت و دەڵێت، لەبنەڕەتدا ئەو بڕیارە نییە.

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندی هەولێر بۆ (خەڵك) ڕەتیكردەوە هیچ بڕیارێك درابێت پارە لەكاسبكارانی عارەبانچی و مێزەكانی سەر شەقام وەربگیرێت و ڕایگەیاند، ئێمە قسەمان بۆ هیچ شوێنێك نەكردووە، چونكە لەبنەڕەتدا ئەو بڕیارە نییە.

دەشڵێت، ڕێنمایی شارەوانی هەیە بۆ بەكارهێنانی شۆستە لەم شوێنانەی فراوانن لەچەند گەڕەكێك كەوا چێشتخانەك، كافتریای ئەسەتێرەداری تێدایە بەنموونە لەلای گوندی ئینگلیزی و ئیتاڵی كەوا چەند مێزێك دادەنێن بەمەرجی ئەوەی شۆستەكە بەتەواوەتی نەگیرێت.

وتیشی: لەو شوێنانە ڕسووماتی ئەو بەكارهێنانە وەردەگیرێت، چونكە ئەوە مافی گشتییە، ٥٠٠ هەزار دیناریش نییە، بەڵكو بەپێی ڕێنماییەكانە و پێشووتریش كاری پێكراوە.

جەختیشی كردەوە بەهەزاران مێز و عارەبانە هەن كاردەكەن ئاگاداری لەم شێوەیە نەكراونەتەوە، هەوڵیش دراوە ڕێكبخرێن و ئەو دەستگێڕانەش پێویستە ڕەچاوی ڕێنمایی شارەوانی بكەن و نەبنە ڕێگر لەهاتووچۆ هاووڵاتی.

ئەوەشی خستەڕوو، داوا لەكاسبكاران كراوە لەسەر شۆستەكان هەندێك بكشێنەوە بۆ ئەوەی هاووڵاتی بتوانێت هاتووچۆ بكات و ئەوانیش كاری خۆیان بكەن، بەڵام هەندێك كاسبكار لەسەر شۆستەكان كەپری جێگیریان دروستكردووە، ئەمەش ڕێگاپێدراو نییە و ناكرێت لەسەر شەقام دروست بكرێت، كەسیش ئاگادار نەكراونەتەوە بۆ ئەوەی پارەیان لێ وەربگیرێت.