خەڵك- بەشی هەواڵ
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عیراق ئاشكرای دەكات، چوار بژاردە لە لیژنەكەیان سەبارەت بە دۆسیەی لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران گفتوگۆی لەسەر دەكرێت و دەشلێت: “تا ئێستا بەتەواوی هیچ بژاردەیەكیان یەكلایی نەبۆتەوە”.
جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عیراق بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، لیژنەكەیان بەردەوامە لە كارەكانی و گفتوگۆكانی لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان درێژەی هەیە و كارەكانیان دابەشكردووە بەسەر سێ بەشدا، كە یەكەمیان بۆ گوێ گرتنە لە بۆچوونی پەڕلەمانتاران دەربارەی پڕۆژە یاسای بودجە و دووەمیان گفتوگۆكانە لەناو لیژنەی دارایی و سێیەمیان لەڕێگەی لیژنە لاوەكییەكانەوە گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەت و فەرمانگەكان بەردەوامە.
ئاماژەی بەوەشكرد، بۆ بابەتی لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران سێ بژاردە هەیە، كە یەكەمیان ئەو بژاردەیەیە، كە حكومەت لەناو پڕۆژە یاساكە جێگیری كردووە و بژاردەی دووەم بریتیە لە بەرزكردنەوەی ئاستی ئەو مووچەیەی لێبڕین دەیگرێتەوە، كە ئێستا لە 550 هەزار دینارەوە دانراوە و بۆ ئەوەش گەیشتوینەتە ئەو بۆچوونەی بكرێتە سەرووی ملیۆنێك دینار.
ئاشكراشی كرد، بژاردەی سێیەم بریتییە لە جێبەجێ كردنی یاسای باجی دەرامەتی ژمارە 113 و بژاردەی چوارەم ئەوەیە، كە بەتەواوی لێبڕین لاببرێت و ڕەتبكرێتەوە.
ئەو پەڕلەەمانتارە كوردە وتیشی، “ئەوانە بژاردەن و پەنا بۆ هیچ یەكێكیان نابرێت تاوەكو توێژینەوەی تەواوی لەسەر نەكرێت و بۆ ئەوەش ڕاوێژكارەكان ڕاسپێردراون لە لیژنەی دارایی تاوەكو وردەكارییەكەی ئامادە بكەن تاوەكو ئەنجامەكەیمان بۆ دەربچێت لە هەردوو ڕووەوە، چی لەڕووی ئەنجامی لێبڕینەكە بۆ حكومەت و هەروەها ئەو قورساییەی دەچێتە سەر فەرمانبەران بەهۆی لێبڕینەكەوە.
جەختیشی كردەوە، بەم ززوانە یەكێك لەو بژاردانە یەكلایی دەبێتەوە و بڕیاری پێویستی لەسەر دەدرێت.