سەردێر

عیراق مەرجی نوێ بۆ پشكی بودجە و مووچەی هەرێم دادەنێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
گفتوگۆ و خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 لە پەڕلەمانی عیراق بەردەوامە و بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیشەوە، لایەنە عیراقییەكان چەند مەرجێكی نوێ‌ لە بەرامبەر چەسپاندنی پشكی بودجە و مووچەی هەرێم دیاری دەكەن.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عیراق بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە ئێستادا گفتوگۆ لەسەر بڕگە و ماددەكانی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 بەردەوامە و خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەكرێت و لیژنە تایبەتمەندەكانیش، بەتایبەتی لیژنەی دارایی خەریكی داڕشتنەوە و كۆكردنەوەی پێشنیارەكانە لەسەر بڕگە و ماددەكان.

ئاشكراشی كرد، تاوەكو ئێستا لەكۆی 57 ماددەی پڕۆژە یاساكە، 40 ماددەی خوێندنەوە و گفتوگۆی لەسەر تەواو بووە و بەم زووانەش دەخرێتە بەرنامەی كارەوە بۆ پەسەندكردنی.

سەبارەت بە شكی هەرێم و مووچەی فەرمانبەران، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی وتی، “لە پڕۆژە یاساكەدا پشكی هەرێم جێگیركراوە، بەڵام لایەنە عیراقییەكان چەندین مەرج و پێشنیاری تریان هەیە بۆ هەرێمی كوردستان لەبەرامبەر جێگیركردنی پشكی بودجە”.

سەبارەت بە مەرج و پێشنیارەكان لەسەر هەرێم وتیشی، “هەندێك لە پەڕلەمانتاران داوا دەكەن كۆی نەوتی هەرێم ڕادەست بكرێت و هەندێكیان داوای كۆی داهاتی ناوخۆی هەرێم دەكەن و هەروەها پێشنیاری جێگیركردنی ماددەیەكیش كراوە لەحاڵەتی پابەندنەبوونی هەرێم بە ڕادەستكردنی نەوت”.

لە پڕۆژە یاسای بودجەی عیراق، كە لەلایەن حكومەتەوە ڕەوانەی پەڕلەمان كراوە پشكی 12.67% بۆ هەرێم دانراوە لە بەرامبەر ڕادەستكردنی بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە و داهاتی نانەوتی هەرێم.