سەردێر

جارێكی دیكە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران دواكەوت

خەڵك- بەشی هەواڵ

نزیكەی 45 ڕۆژ بەسەر دابەشكردنی مووچە تێپەڕیوە و تا ئێستتا وەزارەتی دارایی هیچ كات و خشتەیەكی بۆ دابەشكردنی مووچە دیاری نەكردووە.

ئەمڕۆ 16-1-2021 نزیكەی 45 ڕۆژ تێپەڕدەبێت بەسەر دابەشكردنی مووچەی مانگی 10ی ساڵی ڕابردوو بە لێبڕینی 21% لە 3-12-2020، بەڵام تا ئێستا هیچ وادەیەك بۆ دابەشكردنی مووچە ڕانەگەیەنراوە و ئەوەش ئاشكرانەكراوە، كە مووچەی چی مانگێك و بە لێبڕین دەبێت یان بێ‌ لێبڕین.

بۆ بەدواداچوونی پرسی دابەشكردنی مووچە (خەڵك) چەند جارێك پەیوەندی كرد بە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكەی نەدایەوە، هەرچەندە نووسینگەكەی ڕایانگەیاند، كە ئاگاداری دەكەنەوە.

پێشتر زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، كە “وەزیری دارایی ئاگاداری كردوون، كە لە ناوەڕاستی مانگەوە دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 11 دەكەن و ئەنجوومەنی وەزیرانیش بڕیار لە بڕی لێبڕینی مووچە دەدات” بەڵام 15ی مانگ تێپەڕی و هێشتا دابەشكردنی مووچە نادیارە.

بیانووی حكومەتی هەرێم بۆ لێبڕینی مووچە، نەخۆشی كۆرۆنا و كەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆ بەهۆی كەرەنتینە و دابەزینی بەهای نەوت بوو، بەڵام لە ئێستادا بەرمیلێك نەوت بەهاكەی بۆ سەروو 50 دۆلار بەرزبۆتەوە و دەوامی فەرمانگەكان دەستی پێكردۆتەوە و داهات زیادی كردووە و نەخۆشی كۆرۆناش بەرەو نەمان دەڕوات.

ئەمە لەكاتێكدایە، پێشتر ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆك وەزیرانی هەرێم ڕایگەیاندبوو، كە داهاتی ناوخۆی هەرێم بۆ 200 ملیۆن دۆلار بەرزبۆتەوە و د. جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم-یش هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، كە بەم زووانە وەزارەتی دارایی خشتەی مووچە بڵاودەكاتەوە.

لە ساڵی ڕابردوودا حكومەت 5 مووچەی پاشەكەوت كرد بەبیانووی ڕێكخستنەوەی مووچە لەگەڵ عیراق، بەڵام عیراق مووچەی مانگەكانی 11 و 12ی دابەشكرد و دەستی بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 1 كردووە، بەڵام لە هەرێم هێشتا هیچ بڕیارێك دەربارەی دابەشكردنی مووچە نەدراوە.