سەردێر

عیراق كۆنتڕۆڵكردنی ئەنفلۆنزای باڵندەی ڕاگەیاند

خەڵك- بەشی هەواڵ
دوای ئەوەی لە چەند كێڵگەیەكی پەلەوەری لە پارێزگای سەڵاحەدین ئەنفلۆنزای باڵندە بڵاوبووەوە، وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق كۆنتڕۆڵكردنی ئەنفلۆنزاكەی ڕاگەیاند.

دوێنێ‌ هەینی، وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق و پارێزگاری سەڵاحەدین لە دوو ڕاگەیەنراوی جیادا هەواڵی بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندەیان لە چەند كێڵگەیەكی پەلەوەری لە شارۆچكەی سامەڕا بڵاوكردەوە و ئاشكراشیان كرد، كە دەیان هەزار مریشك مرداربوونەتەوە.

حەمید نایف، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كە وەزارەتەكەیان لەڕێگەی فەرمانگەی ڤێتێرنەرییەوە هەواڵی بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندەی لە دوو كێڵگەی پەلەوەری لە شارۆچكەی سامەڕا ڕاگەیاند و ڕاستەوخۆ و بەپەلە لیژنەی ئەنفلۆنزای باڵندەی سەر بە فەرمانگەی ڤێتێرنەری كۆبوونەوە.

ڕاشیگەیاندووە، كاروبارەكان تاوتوێ‌ كران و بڕیاری پێویست درا بۆ كۆنتڕۆڵ كردن و گەمارۆدانی نەخۆشییەكە (ئەنفلۆنزای باڵندە H5N8) و بەپێی یاسای پزیشكی ئەژەڵی.

جەختیشی كردۆتەوە، كە ڕێكاری خۆپارێزی پەیڕەوكرا و فەرمانگەی ڤێتێرنەری پلانی كۆنتڕۆڵكردنی دۆخەكەی پەیڕەوكرد لەڕێگەی لەناوبردنی سەرجەم مریشكە تووشبووەكان و پاكژكردنەوەی كێڵگەكان و ناوچەكانی دەورووبەری بە ڕووبەری 3 كیلۆمەتر.

كشتوكاڵی عیراق ئاماژەی بەوەشكردووە، كە چەندین نمونە نێردراون بۆ پشكنینی خێرا تاوەكو بەتەواوی نەخۆشییەكە ئاشكرابكرێت و دەوامی تاقیگەكان كراوە بە 100% و تیمی پزیشكی زیادە ڕەوانەی پارێزگاكە كراوە و هەڵمەتی گەڕان و ئەنجامدانی پشنین لەسەرجەم پارێزگاكان دەستی پێكردووە بۆ دۆزینەوەی هەر حاڵەتێك ئەگەر هەبێت.