سەردێر

پێویستە كێشەی بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار چارەسەر بكرێت

خەڵك- ئيدريس جەبار
ئەندامێكی لیژنەی چاودێری كارنامەی حكومی لە پەرلەمانی عیراق، داهاتی بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار ئاشكرا دەكات و دەڵێت” داهاتەكەی ئەوە نەبوو كە چاوەڕوان دەكرا”، بەپێویستیشی دەزانێت حكومەت لە بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار پاشگەز ببێتەوە.

حازم خالیدی،ئەندامی لیژنەی چاودێری كارنامەی حكومی لە پەرلەمانی عیراق، بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند:”بەپێی دوایین ئەبدەیت، دەبوو داهاتی بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار لەبەرانبەر دیناری عیراقی، داهاتێكی گەورە بۆ دەوڵەت دەستەبەر بكات، بەڵام لە واقعیدا ئەو داهاتە هێندە نەبوو كە چاوەڕوان دەكرا و تەنیا 12 ترلیۆن دینار بوو، ئەم بڕەش پێویست نییە و دەكرێت لە سەرچاوەكانی تری وەك كۆمپانیاكانی مۆبایل و سەرچاوەكانی ترەوە دابین بكرێت”.

بە وتەی خالیدی:”بۆچوونێك هەیە و ناڵێم ڕای گشتییە، بەڵام زۆرێك لە ئەندامانی پەرلەمان بڕوایان وایە، پێویستە كێشەی بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار چارەسەر بكرێت، بە تایبەت كە بازاڕی عیراقی كۆنترۆڵ ناكرێت و زۆربەری هەرە زۆری كاڵا و پێداویستییەكان تێیدا هاوردەكراون و لەئێستادا نرخییان بەرزبۆتەوە”.

لەبارەی كاریگەریی بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار لەسەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانیش، حازم خالیدی وتی:”بەدڵنیاییەوە بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار كاریگەریی لەسەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان دروستكردووە، چونكە بەپێی ئامارێكی وەزارەتی پلاندانان، 31%ی دانیشتوانی عیراق لەژێر هێڵی هەژارییەوەن، حكومەتیش هیچ هەنگاوێكی بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە هەڵنەناوە و بگرە بەبێ‌ ئەوەی بازاڕ كۆنترۆڵ بكات و ڕێگە لە كاریگەرییە نەرێنییەكانی بگرێت، بەهای دۆلاری بەرزكردەوە كە كاریگەریی لەسەر چینی هەژار دروستكرد”.

بە بۆچوونی ئەو ئەندامەی لیژنەی چاودێری كارنامەی حكومی لە پەرلەمانی عیراق:”بڕیارەكەی حكومەت بۆ بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار، بڕیارێكە تاوتوێ‌ نەكراوە و پێویستە حكومەت پاشەكشە بكات و لێی پاشگەزببێتەوە”.