سەردێر

حكومەتی عیراق مووچەی بەشێكی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج دەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم بە یاوەری شاندێك لە بەغدایە و وتەبێژی وەزارەتەكەش وردەكاری كۆبوونەوەكان لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق ئاشكرادەكات و دەڵێت: “بەم زووانە كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی بەنداوەكان چارەسەر دەبێت و لەلایەن عیراقەوە دابەش دەكرێت”.

حسێن حەمە كەریم، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵی هەرێم بە یاوەری شاندێك لە بەغدایە و چەندین كۆبووونەوەی گرنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان و بەتایبەت وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق ئەنجام داوە ئەوەش بۆ پتەوكردن و هەماهەنگی زیاتری نێوان هەردوو وەزارەت، كە ماوەی چەند ساڵێكە سستی تێكەوتووە.

ڕاشیگەیاند، هەردوو وەزارەت لەسەر چەند تەوەرێكی گرنگ ڕێككەوتوون، وەك دانانی تنوێنەری هەرێم لە لیژنە گرنگەكانی وەك پەسەندكردنی تۆو و پەسەندكردنی دەرمانە قڕكەرەكان، كە ئەوانە لیژنەی فیدڕاڵین و هەروەها دەركردنی ڕۆژانەی كشتوكاڵی بۆ بەرهەمەكان بەو پێیەی كاتی پێگەیشتنی بەرهەمەكان لە عیراق و هەرێم جیاوازە بەهۆی جیاوازی كەشوهەواوە تاوەكو لەو ڕێگەیەوە بە بەرهەمی ناوخۆیی پێداویستی ناوخۆ پڕبكرێتەوە و كاتی ڕێگەپێدان یان قەدەغەكردنی هاوردەی بەرهەمەكان دیاری بكرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، بڕیارە شاندێكی وەزارەتی كشتوكاڵی عیراقیش سەردانی هەرێم بكات بۆ هەماهەنگی زیاتر و دروستكردنی ژووری هاوبەش و كردنەوەی كەناڵی ڕاستەوخۆی پەیوەندی لەنێوان هەردوو وەزارەت و كارئاسانی بۆ هێنان و بردن و ساخكردنەوەی بەرهەمەكان لەسەرجەم ناوچەكان.

ئاشكراشی كرد، كە بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی بەنداوەكان هەوڵی جدی دراوە و سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران ئاگاداركراون و بڕیاری پێویست لەوبارەیەوە دراوە و بەم زووانە بەتەواوی چارەسەر دەبێت و مووچەی فەرمانبەرانی بەنداوەكان لەلایەن حكومەتی عیراقەوە دابەش دەكرێت.