سەردێر

وتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕوونكردنەوە لەسەر مووچە دەدات

خەڵك- بەشی هەواڵ
وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوە سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەران دەدات و ڕایدەگەیەنێت، بەم زووانە وەزارەتی دارایی ڕایدەگەیەنێت و ڕەتیشی دەكاتەوە وشەی “لێبڕینی مووچە” بەكاربهێنێت.

د.جوتیار عادل، وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، حكومەتی هەرێم و بەتایبەت وەزارەتی دارایی لایەنی فەرمییە بۆ ڕاگەیاندن و بڵاوكردنەوەی خشتەی مووچە.

ڕاشیگەیاند، بەم نزیكانە وەزارەتی دارایی خشتەی دابەشكردنی مووچە و ڕێژەی تەمویلی پارەی مووچە بڵاودەكاتەوە.

دەربارەی 30 ڕۆژ جارێك مووچە وتی، “مەبەستمانە و بەرنامەی حكومەت هەیە بۆ ئەوەی هەواڵی بەپەلەی مووچە نەمێنێت و هەموو دەسەڵاتێك دراوەتە وەزارەتی دارایی تاوەكو سەرجەم داهاتەكان كۆبكاتەوە و ڕێكاری تەواو دەگرینە بەر بۆ دابین كردنی مووچە”.

جەختیشی كردەوە، “ئێمە ناڵێین لێبڕینی مووچە و لەگەڵ ئەو وشەیە نین، بەڵكو ئەوە تەمویلی حكومەتە بۆ مووچە بەپێی ئەو داهاتەی بەردەستە”.