خەڵك- بەشی هەواڵ
جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە یاسای چاكسازی زوڵم لە كەس ناكرێت ھەموو خەڵك ھەقی خۆی وەردەگرێت و دەشڵێت: “سبەینێ بڕیار لە دابەشكردنی مووچە دەدرێت و لە 5 ڕۆژدا مووچەی سەرجەم وەزارەتەكان دەدرێت”.
هێڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی كوردستان ڕایگەیاندووە، لە چوارچێوەی یاسای چاكسازی و پێداچوونەوە بە لیستی مووچەخۆران و خانەنشینان بە دوو قۆناغ، نزیكەی 500 ملیۆن دینار بۆ خەزێنەی حكومەت دەگەڕێتەوە.
میدیاكانی پارتی لە زاری هێڤیدار ئەحمەد-ەوە بڵاویانكردەوە، “لە قۆناغی داھاتوودا كار لەسەر لیستی ئەو كەسانە دەكرێت، كە بە پلەی وەزیری خانەنشین كراون، چونكە ئەوانە دوو بەشن، ھەیانە بەھۆی خەباتی شاخ و پێشمەرگایەتی نەیتوانیوە خوێندن تەواو بكات، لە بەرامبەر خزمەت و خەباتەكەیان پلەی باڵایان پێدراوە، لەگەڵ ئەوانیش خەڵكی دیكە ئەو پلەیان پێدراوە، ئەو بابەتە دەبێ ڕاستبكرێتەوە، ھەروەھا ئەوانەی كۆشك و تەلاریان ھەیە و مستەشار بوون دەبێت مووچەكانیان ببڕدرێت”.
سەبارەت بە دابەشكردنی مووچە، ئاشكرای كردووە، “لە كۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار لەبارەی دابەشكردنی مووچە دەدرێت، بڕیارە لە ماوەی پێنج ڕۆژدا مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكان دابەش بكرێت”.
جەختیشی كردۆتەوە، “بەپێی زانیارییەكانی من حكومەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی عێراق ڕێكبكەوێت یان نا، مانگانە مووچە بەپێی داھاتی بەردەست دابەش دەكات”.