سەردێر

برنجی عەنبەر و یاسەمین لە بەشەخۆراكی مانگانە دابەش دەكرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
هەردوو وەزارەتی بازرگانی و كشتوكاڵی عیراق وردەكاری پێدانی بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان لە ساڵی نوێدا بڵاودەكەنەوە و جەختیشدەكەنەوە، كە پڕۆسەكە بە كوالێتی باشتر بەردەوام دەبێت.

وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بڕی پێویستیان لە برنجی عەنبەر، كە لە كێڵگەكانی ناوخۆی وڵات بەرهەم هاتووە ئامادەكردووە بۆ بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان.

لای خۆشیەوە، وەزارەتی بازرگانی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە، پڕۆسەی دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگانەی هاوولاتیان لەساڵی نوێدا بەردەوامە و گرنگی زیاتر بە جۆر و بڕی ئەو بەشەخۆراكانە دەدرێت، كە دابەش دەكرێن.

ڕاشیگەیاندووە، هەریەكە لە برنجی عەنبەر و یاسەمین لەچوارچێوەی ماددەكانی بەشەخۆراك بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكرێت.

جەختیشی كردۆتەوە، بەردەوامن لەسەر دابەشكردنی پسووڵەی نوێی خۆراك لەسەرجەم پارێزگاكانی عیراق و پێویستە هاووڵاتیان سەردانی بریكارەكان بكەن بۆ وەرگرتنی.

پێشتر لە لێدوانێكیدا، سەلام شەمەری، سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە پەڕلەمانی عیراق ڕایگەیاندبوو، برنجی عەنبەری بەرهەمهاتووی ناوخۆ ئامادەیە بۆ دابەشكردنی بەسەر هاووڵاتیاندا لە چوارچێوەی بەشەخۆراك لە ساڵی نوێدا.