خەڵك- بەشی هەواڵ
حكومەتی هەرێمی كوردستان بە خشتەیەك وردەكاری خەرج كردنی پارەی مووچەی فەرمانبەران بلاودەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، لە ساڵی ڕابردوودا 8 مووچە دابەشكراوە، بەڵام باسی لێبڕینەكانی مووچەی نەكردووە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە ساڵی 2020، حكومەتی هەرێمی كوردستان 8 مووچەی دابەشكردووە، كە كۆی گشتی ئەو پارەیەی خەرجكراوە زیاتر لە شەش تریلیۆن و 500 ملیار دینارە.
بەپێی خشتەكەی حكومەتی هەرێم، ئەو پارەیەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پێدانی مووچە دابینی كردووە، 63.8٪ـە و ئەوەی حكومەتی عێراقیش 36.1٪ بووە و هاوكات بڕی 11 ملیار و 880 ملیۆن دینار لەلایەن عیراقەوە بۆ قەرزی بانكە ئەهلییەكان بڕدراوە.
ئاشكراشی كردووە، كە عیراق بۆ مانگەكانی (5-6-7-10-11-12) هیچ بڕە پارەیەكی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان نەناردووە.
بڵاوكردنەوەی ئەو خشتەیە لەكاتێكدایە، كە حكومەتی هەرێم هیچ ئاماژەیەكی بە لێبڕینەكانی مووچە نەكردووە، چونكە ئەو 8 مووچەیەی دابەشكراوە 5 مووچەی ساڵی 2020 و 3 مووچەی ساڵی 2019 بووە و لەو 5 مووچە، یەمووچەی مانگی 3 بە لێبڕینی 18% و مانگەكانی (2 و 9 و 10) بە لێبڕینی 21% بووە و مووچەی مانگەكانی (4 و 5 و 6 و 7 و 8) پاشەكەوت كرا و چارەنووسی مووچەی مانگی 11 و 12 نادیارە.