سەردێر

عیراق دووبارە بەهای دۆلار دادەبەزێنێتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
ماوەی مانگێكە وەزارەتی دارایی عیراق و بانكی ناوەندی بەهای 100 دۆلاریان بۆ 145 هەزار دینار بەرزكردۆتەوە و بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عیراق لە پشكی كورد دەڵێت: “پێشبینی دابەزینی نرخی دۆلار لەلایەن وەزارەتی داراییەوە دەكرێت” و بەوهۆیەوە جارێكی دیكە بەهای دۆلار لە بازاڕەكانی عیراق و هەرێم دابەزینی تۆماركرد.

دوێنێ‌ هەینی، وەزارەتی دارایی عیراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردبوو، جارێكی دیكە گۆڕانكاری بەسەر بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دێت و بۆ ئەوەش لە ڕۆژانی پێشوودا گفتوگۆی فراوانی لەگەڵ زۆرێك لە حزبەكانی بەشدار لە حكومەت و دەرەوەی حكومەت كردووە.

دەشڵێت: “لەدوای ڕاگەیاندنی گۆڕانكاری لە بەهای دینار و دۆلار، چەندین گفتوگۆ و كۆبوونەوەی كردووە بۆ چاودێریكردنی گۆڕانكاری نرخ و هەفتەی داهاتووش ئەو گفتوگۆ و كۆبوونەوانە بەردەوام دەبن لەگەڵ كەسانی ئابووری لە كەرتی گشتی و تایبەت و وەزارەتی دارایش بەرنامەیەكی هەیە بۆ زیادكردنی سود و قازانج لە گۆڕانكاری دۆلار”.

لای خۆشیەوە، فازڵ نەبی، بریكارری پێشووی وەزارەتی دارایی عیراق ڕایگەیاندووە، پێشبینی گۆڕانكاری و دابەزینی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عیراقی دەكرێت و لەناو وەزارەتی دارایی-ش نەرمی نواندنێك هەیە لەسەر ئەو پرسە.

بەهۆی ئەم لێدوانانەوە، ئەمڕۆ لەگەڵ كردنەوەی بازاڕی دراوەكان لە عیراق و هەرێم، بەهای دۆلار دابەزینی گەورەی تۆماركرد و خاوەنی نووسینگەیەكی ئاڵوگۆڕی دراو بۆ (خەڵك) ئاشكرای كرد، كە بەهای 100 دۆلار بۆ 141 هەزار و 500 دینار شكاوە و پێشبینی دابەزینی زیاتری بەهای دۆلاریش دەكرێت.