سەردێر

كاتی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئاشكراكرا

خەڵك- بەشی هەواڵ
سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەڕلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات، كە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە ئاگادار كراونەتەوە، كە لە ناوەڕاستی مانگەوە دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكەن و دەشڵێت: “مووچەی مانگی 11 دابەش دەكرێت”.

زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابووری لەپەڕلەمانی كوردستان لەكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەوەی لە وەزارەتی دارایی بیستوومانە ناوەڕاستی ئەم مانگە دەست بەدابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران دەكرێت.

ئاشكراشی كرد، مووچەی مانگی ١١ی ساڵی ڕابردوو دابەش دەكرێت.

لەبارەی بارگرژیەكانیش ئەمڕۆی ناو پەڕلەمان وتی، “بەداخەوە ئەوە ڕوویداوە، ئێمە هەموومان پێویستە بەیەكەوە بین و پڕۆسەی سیاسی جوانتر بكەین، گفتووگۆ بكەین لەسەر ژیان و گوزارەنی خەڵك، كە بەداخەوە لەبارودۆخێكی خراپدایە”.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە ئەمڕۆ چوار شەممە 6 ی 1 ی 2021 وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراونی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە ، مووچەی 13 هەزار و 282 كەسیان بڕیوە، كە مەرجی یاساییان تێدا نەبووە.

وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراون ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، كە ئەو فەرمانە لە ڕۆژی 1 ی 1 ی 2021ەوە جێبەجێ دەكرێت.

هاوكات “وەزارەتی دارایی ڕاگرتنی مووچەی نایاسایی زیاتر لە 10 هەزار فەرمانبەر و خانەنیشنی ڕاگەیاند” و بەوەش پارەیەكی زۆر بۆ خەزێنەی حكومەت دەگەڕێتەوە، كە كۆی گشتی ڕاگرتن و بڕینی ئەو مووچانە نزیكەی 24 هەزار مووچەخۆرە.