سەردێر

نرخی ئاڵتون بەرزترین ئاستی پێوانەیی تۆماركرد

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەهۆی ناسەقامگیری بازاڕی جیهانی لە ئەنجامی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و هەروەها تێكچوونی بازاڕی عیراقی بەهۆی بڕیاری بانكی ناوەندی بۆ دابەزاندنی بەهای دینار، بەهای ئاڵتون و دۆلار بەردەوام لە ناسەقامگیریدان و ئەمڕۆش نرخی ئاڵتون بەرزترین ئاستی پێوانەیی تۆماركرد.

زێڕنگەرێك لەشاری سلێمانی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، ئەمڕۆ نرخی ئۆنسێك زێڕ بۆ 1950 دۆلار بەرزبۆتەوە و نرخی یەك لیرە 415 دۆلارە و ئەوەش بەرزترین ئاستی پێوانەییە، كە لە هاوینی ڕابردووەوە تا ئێستا تۆماركرابێت.

وتیشی، “نرخی زێڕی عەیار 21 بە 393 هەزار دینارە و عەیارە 18 بە 335 هەزار دینارە”.

هاوكات، خاوەنی نووسینگەیەكی ئاڵوگۆڕی دراو لە سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ لەكاتی كردنەوەی بازاڕ بەهای 100 دۆلار بە 143 هەزار و 850 دینار بوو، ئێوارەش لەكاتی داخستن هەر بەو نرخە بوو گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ ڕووینەداوە تێیدا.

وتیشی، “بەهای 100 دۆلار بەرامبەر بە 2 ملیۆن و 580 هەزار تمەن و بە دەستی و تا ڕادەیەك نرخەكەی جێگیرە”.