سەردێر

لیژنەی دارایی بۆ (خەڵك): پێناچێت یاسای بودجە بە ئاسانی تێبپەڕێنرێت

لایەنە سیاسییەكان تێبینییان لەسەر بڕگەی تایبەت بە هەرێم هەیە

خەڵك- ئیدریس حەبار
ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق پێیوایە، بە ئاسانی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021ی عیراق تێناپەڕێنرێت لە پەرلەمان، ئاماژە بە بوونی تێبینییەكی زۆریش دەكات لەسەر پرۆژە یاساكە كە بە وتەی ئەو، وادەكات پرۆسەی پەسەندكردنەكەی قورس دەبێت.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند:”لە ڕۆژی شەممەی داهاتوو پەرلەمان دانیشتنێكی تایبەت بە پرۆژە یاسای بودجە سازدەكات، ئەگەر لەو دانیشتنەدا خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكرێت، دەچێتە سەر ڕێچكەی خۆی، بە گشتی و لە باشترین حاڵەتيشدا پرۆسەی پەسەندكردنی پرۆژە یاساكە بیست ڕۆژ بۆ مانگێكی دەوێت، تاوەكو ئامادە دەبێت بۆ دەنگدان لەسەری”.

بە وتەی شیروان میرزا:”پەسەندكردنیشی دەكەوێتە سەر لایەنە سیاسییەكان، ئەگەر لایەنە سیاسییەكان بیانەوێت پشتیوانی حكومەت بكەن و بە زوویی تێبپەڕێنرێت، ئەوا بە زوویی كارەكان ڕایی دەكرێت، بەپێچەوانەوە ئەگەر بیانەوێت گرفت دروستبكەن و رێكنەكەون لەسەری، ئەوا پرۆسەكە زۆر درێژە دەكێشێت و ڕەنگە هەر دەنگیشی لەسەر نەدرێت”.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بە دوایین كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی كرد كە “تێیدا بەڵێنییان بە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران دابوو دەنگ لەسەر پرۆژە یاساكە بدەن، بەڵام بیروبۆچوونی جیاواز و ناكۆكی زۆری لەسەرە، بۆیە لەوەناچێت تێپەڕاندنی ئاسان بێت”.

لە بارەی بڕگەی تایبەت بە هەرێمی كوردستان لە پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عیراق بۆ ساڵی 2021، شیروان میرزا دەڵێت:”ئەو بڕگەیەی لە بودجەدا تایبەتە بە هەرێمی كوردستان، دەكرێت بڵێین هەموو لایەنە سیاسییەكانی عیراق و بە تایبەت شیعەكان، تێبینییان هەیە لەسەری، بۆیە ئاسان تێناپەڕێت و هەوڵێكی زۆری دەوێت”.

لە كۆتایی مانگی ڕابردوو، دوای ئەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق پرۆژە یاسای بودجەی دارایی 2021ی پەسەند كرد، ڕەوانەی پەرلەمانی كرد، تا خوێندنەوەی بۆ بكات و پاشان دەنگی لەسەر بدات، بڕیاریشە شەممەی داهاتوو پەرلەمانی عیراق بۆ ئەو مەبەستە دانیشتنێك سازبكات و گفتووگۆ لەسەر پرۆژە یاساكە بكات، ئەمەش لەكاتێكدا عیراق بە ڕەوشێكی ئابوری نالەباردا تێدەپەڕێت كە بە بۆچوونی زۆرێك لە ئابوریناسان، بە خراپترین ڕەوشی ئابورییە لە مێژووی عیراقدا دادەنرێت.