سەردێر

نرخی دۆلار دابەزی و بەهای ئاڵتون بەرزبووەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەهۆی ناسەقامگیری بازاڕی جیهانی لە ئەنجامی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و هەروەها تێكچوونی بازاڕی عیراقی بەهۆی بڕیاری بانكی ناوەندی بۆ دابەزاندنی بەهای دینار، بەهای ئاڵتون و دۆلار بەردەوام لە ناسەقامگیریدان و ئەمڕۆش نرخی دۆلار دابەزی.

خاوەنی زێڕنگەرێك لەشاری سلێمانی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، ئەمڕۆ نرخی ئۆنسێك زێڕ بۆ 1894 دۆلار بەرزبۆتەوە و نرخی یەك لیرە 405 دۆلارە.

وتیشی، “نرخی زێڕی عەیار 21 بە 383 هەزار دینارە و عەیارە 18 بە 325 هەزار دینارە”.

هاوكات، خاوەنی نووسینگەیەكی ئاڵوگۆڕی دراو لە سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ لەكاتی كردنەوەی بازاڕ بەهای 100 دۆلار بە 144 هەزار دینار بوو، بەڵام لە ئێوارەدا بەهاكەی دابەزی بۆ 143 هەزار و 500 دینار.

وتیشی، “بەهای 100 دۆلار بەرامبەر بە 2 ملیۆن و 580 هەزار تمەن و بە دەستی و تا ڕادەیەك نرخەكەی جێگیرە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، پێشتر بانكی ناوەندی ڕۆژانە بڕێكی زۆر دۆلاری دەخستە بازاڕەوە، بەڵام چەند ڕۆژێكە ڕێژەی خستنەبازاڕی كەمكردۆتەوە بۆ ئەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕدا بچێتە ئەو ئاستەی بۆی دیاریكردووە، كە 147 هەزار دینارە، بەڵام ناسەقامگیری بازاڕ و كەمی خواست لەسەری بۆتە هۆی دابەزینی نرخەكەی.