سەردێر

لە ناوچەیەكی هەرێم نرخی غاز وەك خۆی دەمێنێتەوە و گران ناكرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
سەبارەت بە نرخی غاز سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بە ئامادەبوونی قائیمقامەكامی كەلار و كفری و سەرۆكی لیژنەی سوتەمەنی ئیدارەی گەرمیان و بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی گەرمیان، لەگەڵ خاوەنی كارگەكانی غاز لە گەرمیان كۆبووەوە و بڕیاریدا نرخی غاز وەك خۆی بمێنێتەوە.

جەلال نوری، سەرپەشتیاری ئیدارەی گەرمیان ڕایگەیاند، لە بەشێك لە شارەكانی ھەرێمی كوردستان نرخی غاز بەرزبونەوەی بەخۆوە بینیوە، بەڵام لەگەرمیان تا ئێستاش بەھەمان نرخی پێشوو غاز دەفرۆشرێت، ھۆكاری گرانبوونی نرخی غاز لە كوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كارگەكان لە سەرچاوەكانیانەوە غازی شل بە نرخی گرانتر لە پێشتر دەكڕن.

بەپێی ڕاگەیەنراوی ئیدارەی گەرمیان، خاوەنی كارگەكان باسیان لە چۆنیەتی ئیشوكارەكانیان كرد و ئەوەیان دوپاتكردەوە ئەو سەرچاوانەی غازی شلی لێوە ھاوردە دەكەن بۆ گەرمیان ئەگەر نرخ زیاد نەكەن ئەمانیش نرخی غاز گران ناكەن.

خاوەنی كارگەكان باسیان لە سەرچاوەكانی غازی شلی كارگەكان كرد و ئەوەشیان خستەڕوو، ئەو كارگانەی لە گەرمیان ھەن بەرھەمەكانیان بەشی گەرمیان دەكات و لە ئێستاشدا فشار لەسەر كارگەكان نیە تاكو نرخی غاز گران بكەن.

لە كۆتایی كۆبونەوەكەشدا، بڕیاردرا كارگەكانی سنورەكە لەو سەرچاوانەوە غازی شل ھاوردە بكەن، كە نرخیان گران نەكردوە، بۆ ئەو مەبەستەش لایەنی پەیوەندیدار ھەماھەنگ و ھاوكار بێت، بڕیاریشدرا نرخی غاز وەك نرخی خۆی بمێنێتەوە و ھیچ زیاد نەكات، لای خۆشیانەوە خاوەنی كارگەكان پابەندبونی خۆیان دووپاتكردەوە.