سەردێر

پەڕلەمانتارێكی یەكێتی: كڕینی كارەبا لە توركیا زۆر مەترسیدارە

خەڵك- بەشی هەواڵ

پەڕلەمانتارێكی یەكێتی، كە ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكانە هۆشداری دەدات لە كڕینی كارەبا لە توركیا و بە “مەترسیدار” وەسفی دەكات و دەڵێت: “بۆ سێ‌ ساڵەكە دەبێت 365 ملیۆن دۆلار بدرێتە توركیا لەكاتێكدا بەو پارەیە دەكرێت بۆ 30 ساڵ كارەبای بەرهەمهاتوو لە وزەی خۆر بكڕدرێت”.

كاروان گەزنەیی ،ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان لە پەڕلەەمانی كوردستان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ئاماژەی بەوەكردووە، وەزارەتی كارەبا ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە كە بڕی (٢٠٠) مێگاوات كارەبا لە توركیا دەكڕن، لە كاتێكدا ئەم بڕیارە مەترسیدارە و دەبێت بوەستێندرێت.

دەشڵێت: “حكومەتی هەرێم، بۆ هەر كیلۆواتێك (٧) سەنتی لەسەر دەكەوێت و هەر مێگاواتێكیش (١٠٠٠) كیلۆواتە، واتا حكومەتی هەرێم نزیكەی (٢٠٠،٠٠٠) دووسەد هەزار كیلۆوات دەكڕێت لە بەرامبەر (١٤،٠٠٠) چواردە هەزار دۆلار بۆ هەر كاتژمێرێك؛ ئەم بڕە دەكاتە، (٣٣٦،٠٠٠) هەزار دۆلار لە ڕژێكدا و نزیكەی (١٢٠،٠٠٠،٠٠٠) سەد و بیست ملیۆن دۆلار لە ساڵێكدا. بۆ سێ ساڵ ئەم پارەیە دەكاتە نزیكەی (٣٦٥) ملیۆن دۆلار”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، حكومەتی هەرێم بۆ كڕینی كارەبا نزیكەی (٣٦٠) ملیۆن دۆلاری پێویستە، لە كاتێكدا دەتوانێت بەو بڕە پارەیە سێ هەنگاوی خۆماڵی بنێت و بەشێكی كێشەی كارەباشی پێ چارەسەربكات:
یەكەم: كڕینی كارەبا لە ڕێگەی وزە نوێبووەكان وەكو (تاقەی شەمسی) وزەی خۆر، هەمان بڕی كارەبا بۆ ماوەی (٣٠) ساڵ بكڕێت.
دووەم: دەتوانێت پاوەرپلانتێكی نوێ دروست بكات و لە ماوەی ٣-٤ ساڵ بڕی ٤٠٠-٥٠٠ مێگاوات كارەبا بەرهەمبهێنێت.
سێیەم: یانیش دەتوانێت بە هەمان بڕ لە ڕێگەی گازی سروشتی هەمان بڕ و بگرە زیاتریش بەرهەم بهێنێت! كەواتە، هۆكاری كڕنی كارەبا لە توركیا چییە!

ئاشكراشی كردووە، حكومەتی هەرێم لە ئێستادا توانای بەرهەمهێنانی وێستگە كارەباییەكانی نزیك بووەتەوە لە (٧٠٠٠) مێگاوات و بە كۆی گشتی نزیكەی (٣٥٠٠-٣٨٠٠) مێگاوات بەرهەمدەهێنێت بە گوێرەی كات. لە هەمان كاتدا، كێشەی كارەبا بەردەوامە و دەكرێت بۆ كۆتایهێنان بەم كێشەیە سود لە وزە نوێبووەوەكان وەربگیرێت، بەڵام لە هەموو بارێك دەبێت كڕینی كارەبا لە توركیا ڕەتبكرێتەوە و ڕابگیرێت.

ئەو پەڕلەمانتارەی یەكێتی جەختیشی كردۆتەوە، ئەمە هەنگاوێكی مەترسیدارە و زیانێكی گەورە بە حكومەتی هەرێم و هاووڵاتییان دەگەیەنێت و كێشەی كارەباش وەكو خۆی بە هەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە؛ ئەم هەنگاوە مەترسیدارە و پێویستە لە لایەن سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ڕابگیرێت.