سەردێر

عیراق داهاتی نەوتی ساڵی 2020 ئاشكرا دەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ
كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ)، بڕی داهاتی فرۆشتنی نەوت بۆ ساڵی 2020 ئاشكرا دەكات.

ئاژانسی دەنگوباسی فەرمی (العراقیە) لە زاری عەلا یاسری بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ) بڵاویكردەوە”داهاتی بەدەستهاتووی هەناردەكردنی نەوت لەڕێی كۆمپانیاكە لە ساڵی 2020 گەیشتۆتە 42 ملیار دۆلار، داهاتی مانگی كانوونی یەكەمی ئەمساڵیش 4 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە و تێكڕای فرۆشتنی بەرمیلێك نەوت لەم مانگەدا گەیشتۆتە 49 دۆلار”.

بە وتەی یاسری”عیراق ڕۆژانە 3 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەكات لە پاش بڕیاری كەمكردنەوەی بەرهەم كە (ئۆپیك پڵەس)  ڕێكەوتنی لەسەر كردووە”، پێشبینیشی كرد وێڕای بڵاوبوونەوەی جۆرە نوێیەكەی كۆرۆنا، نرخی نەوت بوژانەوە بەخۆوە ببینێت.