سەردێر

كچێك: خاوەنكارەكەم كاتی بۆ چوونە تەوالێت دانابوو

بەهۆی بژێوی ژیان و كەمی هەلی كارەوە كرێكاران ناچارن لەسەر كارەكانیان بەموچەیەکی کەم و فشاری خاوەنکارەوە بمێننەوە

خەڵك- نزار جەزا

ئاڵا لەتەوالێتی شوێنكارەكەی هاتە دەرەوە و بەڕێوەبەرەكەی بەمۆڕەوە لەبەردەم دەرگاكە وەستاوە و پێی وت:”بۆچی ئەوەندەت پێچوو!”، ئەمە دۆخی بەشێك لەكارمەندانی تایبەتە كە فشارێكی زۆریان لەسەرە و بەموچەیەكی كەم زۆرترین كاریان پێدەكرێت.

ئاڵا ناوی خوازراوی كچێكی تازە دەرچووی پەیمانگایە، كە لەیەكێك لەمۆڵەكانی سلێمانی ڕۆژانە ماوەی هەشت كاتژمێر كاری دەكرد، ئەو بە(خەڵك)ی وت:”ماوەی چەند مانگێك لەو مۆڵە ناچاربووم كاربكەم، بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانی خۆم و خێزانەكەم، بەڵام ئەو چەند مانگە وەك كۆیلە وابووم، نەدەبوو دابنیشین، بەڵكو دەبوو بەپێوە لەناو ڕاڕەوی ماركێتەكە بوەستین”.

ناوبراو زیاتر باسی دۆخی خۆی كرد و وتی:”سەرپەرشتیارەكەمان زۆر مامەڵەی خراپبوو بەجۆرێك كاتی چونە تەوالێتی بۆ دیاریكردبووین، ئەوكاتانەی دەستبەتاڵیشبووین نەیدەهێشت دابنیشین، ئەیوت نەوەك كڕیارێك بێت و بەدانیشتنەوە بتانبینن”.

چرا یەكێكی دیكەیە لەو كچانەی كە سیڤییەكی بەهێزی هەیە و ماوەی شەش ساڵە خەریكی فێربوونی زمانی بیانی و خولی جۆراوجۆرە، بەڵام كاتێك دەچێتە هەر شوێنكارێك بۆ كاركردن، بەهۆی مەرجە زۆرەكانیانەوە ناتوانێت كاریان لەگەڵ بكات.

ئەو كچە وتی:” كاتێك سیڤی بۆ شوێنێك دەنێرم دەڵێن سیڤیەكەت باشە، بەڵام وێنەیەكی خۆتمان بۆ بنێرە، منیش كچێكی لەچك بەسەرم، بۆیە بەهۆی ئەوەوە زۆرجار كارم دەستنەكەوتووە، هەندێكجاریش كەدەچمە شوێنكارەكە بەموچەیەكی زۆر كەم و دەوامێكی زۆر و كارێكی زۆرم بۆ دادەنێن، بۆیە خۆم كارەكەم ڕەتكردۆتەوە”.

محەمەد گەنجێكی تەمەن 27 ساڵە، كە لەچێشتخانەیەك ماوەی مانگێك كاری كرد، بەڵام خاوەن كارەكە بە بەڵێنی خۆیەوە پابەند نەبوو و نیوەی كرێی ڕۆژانەی پێدا، ئەو گەنجە وتی:”خاوەن كارەكان بەئارەزووی ویست و گیرفانی خۆیان پارە دەدەن، كەی بیانەوێت دەرتدەكەن، منێكی گەنجێش هەندێك شت هەیە ناچارم بەرگەی بگرم، تەنها لەبەر بژێوی ژیانم”.

لەدوای وەستانی دامەزراندن لەكەرتی حكومی، كەرتی تایبەت بوو بەجێگرەوەیەكی سەرەكی بۆ خەڵك، بەڵام لەم كەرتەدا هیچ ماف و ئیمتیازێك بۆ كارمەندانی كەرتی تایبەت دابیناكرێت، بۆیە ئەم كەرتە نەیتوانیوە ببێتە جێگرەوەیەكی باشی كەرتی حكومی.

لەم چەند ڕۆژەدا لەپەڕلەمانی كوردستان خانەنشینی پلە باڵاكان و فەرمانبەرانی حكومی زۆرترین گفتوگۆی لەسەركرا، بەڵام كارمەندانی كەرتی تایبەت هیچ باسێكیان لەسەر نییە، لەكاتێكدا ئەركێكی زۆر لەسەر شانی كارمەندانی كەرتی تایبەتە، هەروەك ئەبوبەكر هەڵەدنی ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی وت”لە وەرزی نوێی بەهارە دەمانەوێت پڕۆژە یاسایەك بۆ ئەو مەبەستە بدەینە دەستەی سەرۆكایەتی، چونكە لە كۆبوونەوەكانی چەند ڕۆژی ڕابردوو مەجالی ئەوە نەبووە باسی كەرتی تایبەت بكەیت”.

هاوكات محەمەد سەعدەدین ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، پەڕلەمان و حكومەتیش تەئكید لە پێویستی بوونی یاسایەكی خانەنشینی یەكگرتوو دەكەنەوە بۆ كەرتی تایبەت و بۆ كەرتی حكومەتیش، چونكە تاكو ئێستا زیاتر لە 10 یاسای خانەنشینی لە هەرێم هەیە، لەبەرئەوە پێویستە خانەنشینی ڕێكبخرێت و داوای پڕۆژەیەكیشمان كردووە كە هەموو فەرمانبەران بگرێتەوە و بەپێی یاساكەش دەكرێت جێگای كەرتی تایبەتیش بكرێتەوە.

بەپێی یاسای دەستەبەری كۆمەڵایەتی هەر كرێكارێك مانگانە لەسەدا 17 موچەكەی لێدەبڕدرێت بۆئەوەی لەدوای 20 ساڵ خزمەت بتوانێت خۆی خانەنشین بكات، كە لەسەدا 12 خاوەن كارەكە دەیدات و لەسەدا 5 كرێكارەكە دەیدات، بەڵام ئەم یاسایە كەموكوڕی زۆری تێدایە.

لەوبارەیەوە چالاك ڕەئوف سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی سەندیكاكانی كرێكاران بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، یاسای دەستەبەری كۆمەڵایەتی لەساڵی 1971 لەپەڕلەمانی عیراق دەرچووە، و لەساڵی 2012 لەپەڕلەمانی كوردستان هەمواركرایەوە، كرێكاران بەپێ ئەم یاسایە مامەڵەیان لەگەڵدەكرێت، بەڵام ئەم یاسایە وەك پێویست كاری پێناكرێت و كەموكوڕی هەیە و حكومەتی هەرێم بەدواداچوونی جدی نییە لەسەر جێبەجێكردنی ئەم یاسایە.

زیاتر ڕوونیكردەوە، ئەو یاسایە زۆرێك لە مافی كرێكاران و خاوەن كارەكان دەفەوتێت، چونكە ئەو یاسایە جێبەجێناكرێت، بۆ نمونە كرێكارێك 20 ساڵ بیمەی بەحكومەت داوە، بەڵام كە وازی لەو كارە هێناوە پاش پێنج ساڵ چووە بۆ گواستنەوەی ڕاژەكەی، بەڵام بەهۆی ئەوەی دەبوو لەماوەی ساڵی یەكەمدا بچێت، بەڵام نە پارەكەی بۆ دەگەڕێندرێتەوە نە خانەنشین دەكرێت و نە ئەو خزمەتەی بۆ دەگوازرێتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، ڕۆژانە سكاڵای كرێكاران دێتە لایان و هەوڵدەدەن بۆیان چارەسەربكەن و دوو پارێزەری خۆبەخشیان هەیە، كە كێشەكانی كرێكاران چارەسەردەكەن.

كرێكارانی كەرتی تایبەت موچەكانیان دوادەكەوێت، خاوەن كار بەویستی خۆی لەكارەكەیان دەریاندەكات یان كاری زیادەیان پێدەكات، بێڕێزییان بەرامبەر دەكرێت، موچەیان كەمدەكرێتەوە و دەیان پێشێلكارییان بەرامبەر دەكرێت، بەڵام بەهۆی بژێوی ژیان و كەمی هەلی كارەوە كرێكاران ناچارن لەسەر كارەكانیان بمێننەوە.



هەلبژاردە

گرنگترینەکان