سەردێر

بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار مووچەی دوو مانگی دەستەبەركردووە

خەڵك- بەشی هەواڵ
ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عیراق ئاشكرای دەكات، بەهۆی بەرزبوونەوەی دۆلارەوە حكومەت پارەیەكی زۆری دەستكەوتووە، كە بەشی دوو مووچە دەكات و دەشڵێت: “حکومەت بڕی پارەی پێویستی لەبەردەستە”.

عەبدولهادی سەعداوی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عیراق لە لێدوانێكی بۆ میدیاكان ئاماژەی بەوەكردووە، حکومەت لە نزمكردنه‌وه‌ی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بڕێکی زۆر پارەی دەستکەوتووە، کە بەشی مووچەی دوو مانگی داهاتووی مووچه‌خۆران دەكات.

ڕاشیگەیاند، ئێستا پارەی پێویست لەبەردەستە بۆ دابەشکردنی مووچەی هەردوو مانگەکانی کانوونی دووم و شوباتی 2021، بۆیە دواكەوتنی پەسەندكردنی بودجە هیچ كاریگەرییەكی لەسەر مووچە نابێت.

جەختیشی كردۆتەوە، پێویستە حكومەت مووچە لەكاتی خۆیدا بدات و وەک فشار بەرامبەر پەڕلەمان بەکاری نەهێنێت، تاوەکو پڕِۆژە یاسای بودجە پەسەند بکات.

بە بڕیاری بانكی ناوەندی عیراق، بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار بەرزكرایەوە، كە 100 دۆلار بە 145 هەزار دینار دەبێت و بەهۆی ئەوەی عیراق ئەو نەوتەی دەیفرۆشێت پارەكەی بە دۆلار وەردەگرێت، بۆیە كاتێك دۆلارەكە دەكاتەوە بە دینار بڕێكی زۆرتر داهاتی دەستدەكەوێت و بەوەش بەشێكی كورتهێنانی بودجەی ساڵی داهاتوو پڕدەكاتەوە.