سەردێر

بەهای دۆلار و ئاڵتون بەرزترین ئاستیان تۆماركرد

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەهۆی ناسەقامگیری بازاڕی جیهانی لە ئەنجامی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و هەروەها تێكچوونی بازاڕی عیراقی بەهۆی بڕیاری بانكی ناوەندی بۆ دابەزاندنی بەهای دینار، بەهای ئاڵتون و دۆلار بەردەوام لە ناسەقامگیریدان و ئەمڕۆش بەرزترین نرخیان تۆماركردووە.

خاوەنی زێڕنگەرێك لەشاری سلێمانی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، ئەمڕۆ نرخی ئۆنسێك زێڕ بۆ 1880 دۆلار بەرزبۆتەوە و نرخی یەك لیرە 400 دۆلارە.

وتیشی، “نرخی زێڕی عەیار 24 ببە 443 هەزار دینارە و زێری عەیار 21 بە 380 هەزار دینارە و عەیارە 18 بە 325 هەزار دینارە.

هاوكات، خاوەنی نووسینگەیەكی ئاڵوگۆڕی دراو لە سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ لەكاتی كردنەوەی بازاڕ بەهای 100 دۆلار بە 143 هەزار و 500 دینار بوو، بەڵام لە ئێوارەدا بەهاكەی بەرزبووەوە بۆ 144 هەزار و 500 دینار.

وتیشی، “بەهای 100 دۆلار بەرامبەر بە 2 ملیۆن و 600 هەزار تمەن و بە دەستی و 100 یۆرۆ بە 121 دۆلارە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، پێشتر بانكی ناوەندی ڕۆژانە بڕێكی زۆر دۆلاری دەخستە بازاڕەوە، بەڵام چەند ڕۆژێكە ڕێژەی خستنەبازاڕی كەمكردۆتەوە، بەڵام هێشتا نرخەكەی بۆ ئەو بڕە بەرزنەبۆتەوە كە دەیەوێت.