سەردێر

هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ئاشكرا کرا

هەرچەندە بانكی ناوەندی عیراق ڕایگەیاندبوو، كە لەگەڵ بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار ڕۆژانە بڕێكی زۆر دۆلار دەخەنە بازاڕەوە، بەڵام وەك شارەزایەكی ئابووری دەڵێت: “ئەو قسەیە لەترسی بەرزبوونەوەی زیاتر بووە” بەڵام لە ئێستادا بڕەكەی كەمكردۆتەوە و بەوەش بەهاكەی ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە.

بیلال سەعید، بەڕێوەبەری ئینستیووتی ئابووری بەژمارە ڕایگەیاندووە، بازاڕ و واقیع دوو شتی زۆر جیاوازن، چونكە بانكی ناوەندی لەكاتی دیاریكردنی نرخی تازەی خستنەڕووی دۆلار لە بەرزبوونەوەی زیاتر لەنرخی دیاریكراو دەترسا، بۆیە تەكیدی لەوە ئەكردەوە كە دۆلار زیاتر دەخاتە بازاڕ.

ڕاشیگەیاند، لەماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوودا بەهای دۆلار بەبەردەوامی لەخوار ئاستی بەهای حستنەڕووی دۆلار بووە لە بانكی ناوەندی، بۆیە ئەو پلانەی پیچەوانە كردۆتەوە و ڕۆژ بەڕۆژ ئاستی خستنەڕووی دۆلاری كەمكردۆتەوە لەجیاتی زیاتر خستنەڕوو.

دەشڵێت: “بۆیە بەرزبوونەوەی قۆناغ بە قۆناغی دۆلار حاڵەتیكی چاوەڕوانكراو بوو”.

لە ئێستادا ڕۆژانە نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عیراق بە ناسەقامگیری ماوەتەوە و هەرچەند بانكی ناوەندی بە بیانووی ڕزگاركردنی وڵات لە قەیرانی ئابووری و پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجەی بەهای 100 دۆلاری كردە 145 هەزار دینار، بەڵام هێشتا لە بازاڕدا لە نزیكەی 140 هەزار مامەڵەی پێوەدەكرێت، كە هەندێك كات تۆزێك زیاتر دەبێت.

خەڵك- بەشی هەواڵ