سەردێر

دەست بەسەر بڕێكی زۆر بۆندا دەگیرێت

بەهۆی بەسەرچوونی ماوەكەی و نەشیاوی بۆ بەكارهێنان، لیژنەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی دەستیان بەسەر بڕێكی زۆر بۆنی پیاواندا گرتووە.

شێنێ عەتار، نوێنەری كوالێتی كۆنتڕۆڵ لە لیژنەی باڵای قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند، بەهۆی بەسەرچوونی ماوەكەی و نەشیاوی بۆ بەكارهێنان، لیژنەی سەرتاشخانەكانی قائیمقامیەت لەبازاڕەكانی شاری سلێمانی دەستی بەسەر زیاتر لە (90) شوشە بۆنی پیاواندا گرتووە، كە خاوەنەكەی بەنیازبوە بەسەر هاووڵاتیاندا ساغیبكاتەوە.

وتیشی، “بەپێی ڕێنماییە تەندروستییەكان ئەو كاڵا و شمەكانەی ماوەی بەكارهێنانیان بەسەر دەچێت، پێكهاتەكەی دەگۆڕێت بۆ مادەیەكی زیانبەخش و زیان بەتەندروستی دەگەیەنێت، ئەم بۆنە پیاوانەی دەستی بەسەردا گیراوە پێكهاتە كیمیاییەكەی دەگۆڕێت لەكاتی بەركەوتنی بەپێست زیانی دەگەیەنێت.

نوێنەرەكەی كوالێتی كۆنترۆڵی سلێمانی، داوا لە هاووڵاتیان دەكات؛ “لەكاتی كڕینی كاڵا و شمەك و پێداویستییەكانتان بەوردی سەرنج لە بەرواری دروستكردن و بەسەرچوونیان بدەن، لەكاتی هەبوونی شتومەكی خراپ و ماوەبەسەرچوو لەڕێی ژمارە مۆبایلی (07708677777) پەیوەندی بە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانییەوە بكەن”.

ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی، تەواوی ئەو بۆنە پیاوانەی دەستی بەسەردا گیراوە لەناودەبرێت و خاوەنەكەشی ڕووبەڕووی ڕێكاری یاسایی دەكرێتەوە.

خەڵك- بەشی هەواڵ