وەزیری دەرەوەی ئێران بەر لە سەردانەکەی بۆ ئەنقەرە، خۆی دەگەیەنێتە دیمەشق بۆ تاوتوێکردنی ئەو هەرەسە لە ناکاوەی لە چەند شارێکی سووریادا بەسەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران و سوپادا هات.
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بەسەردانێک بگاتە دیمەشق و لەگەڵ بەرپرسانی سووریا دۆخی ئەمنی وڵاتەکە و کۆنترۆڵکردنی چەند شارێکی وڵاتەکە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا تاوتوێ بکەن.
بڕیارە سبەینێش عێراقچی بۆ هەمان مەبەست بگاتە ئەنقەرە و لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا کۆببێتەوە.
دوێنێش عێراقچی، پێشڕەوی گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیای بە پلانێکی زایۆنی-ئەمریکی بۆ تێکدانی ئاسایشی ڕۆژئاوای ئاسیا وەسفکرد.
لە کۆتایی هەفتەی ڕابردووەوە ڕێکخراوی تەحریر شام (بەرەی نوسرە و قاعیدەی پێشوو) لەگەڵ ژمارەیەک گروپی دیکەی سەر بە تورکیا هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ سەر شارەکانی ژێر کۆنترۆڵی سوپای سووریا و میلیشیاکانی سەر بە ئێران دەستپێکرد و توانییان لە ماوەیەکی کورتدا دەست بەسەر شارەکانی حەڵەب و ئیدلب و چەند ناوچەیەکی دیکدا بگرن.