ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کارنامەی خۆی بۆ دانیشتنی سبەینێ یەکشەممە بڵاوکردووەتەوە و تاوتوێی پێنج پرس دەکات.
فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کارنامەی دانیشتنی سبەینێ یەکشەممە، بریتی دەبێت لە دەنگدان لەسەر یاسای پێشنیازکراوی باری کەسی، رەشنووسی یاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان، رەشنووسی هەموارکردنەوەی دووەمی یاسای لێبوردنی گشتی.
هەر بەپێی کارنامەکە، خوێندنەوەی دووەم بۆ رەشنووسی هەمواری پێنجەمی یاسای فڕۆکەوانیی مەدەنی و خوێندنەوەی دووەم بۆ رەشنووسی هەموارکردنەوەی یەکەمی یاسای شارە پیشەسازییەکان ئەنجام دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دانیشتنەکەی پەرلەمان لە کاتژمێر 1:00ی پاشنیوەڕۆ دەستپێدەکات.