گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا کە ناوی خۆیان ناو ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە پێشڕەوییەکانیان بەردەوامن و گەیشتنە ناو شاری حەڵەب، هاوکات هێزەکانی سوپای سوریا و میلیشیا شیعەکان توانای ڕاگرتنی ئەو هێزانەیان نییە.
بەپێی ئەو دیمەنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، چەکدارەکان لە ناو گەڕەکەکانی شاری حەڵەبی سوریا دەسووڕێنەوە و هێزەکانی سوپای سوریا و میلیشیا شیعەکان توانای بەرگریکردنیان نەماوە.
بەگوێرەی زانیاری میدیاکانی نزیک لەو گرووپانە، پارێزگاری حەڵەب و فەرماندە سەربازییەکانی سوپای سوریا شارەکەیان جێهێشتووە.
ماوەی چەند رۆژێکە ئەو گرووپانە هێرشێکی کتوپڕیان بۆ سەر دەورووبەری حەڵەب دەستپێکردووە و ناوچەیەکی بەرفراوانیان دەست بەسەردا گرتووە.
لە لایەکی دیکەوە بەپێی زانیارییە نا فەرمییەکان، لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا لە ڕێگەی تورکیاوە 30 ھەزار مورتەزەقە و چەکداری ئیگۆری و چینی و شیشانی تورکستانی گەیەنراوەتە سووریا.
هەسەدە چی دەڵێت؟
فەرهاد شامی، وتەبێژی هێزەكانی هەسەدە ڕایگەیاند: بەوردی چاودێری دواین پێشهاتەکان و ھێرشەکانی سەر شاری حەلەب دەکەن و تورکیا لە پشت ئەم ھێرشانەوەیە.
باسی لەوەشکرد: هێزەکانمان بەپێی پێشهاتەکان دەجوڵێن و ھێزەکانمان بۆ ھەر ئەگەرێک لەوپەڕی ئامادەباشیدان.
لەلایەکی دیکەوە، هاوشێوەی تەقینەوەی ئامێرەکانی دەست حزبوڵای لوبنان، دەنگۆی تەقینەوەی سەرجەم ئامێرە بێ تەلەکانی دەستی سوپای سووریای سەربە بەشار ئەسەد هەیە، بەڵام هێشتا پشتڕاست نەکراوەتەوە.