قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێـم رایگەیاند، نابێت دەزگا ئەمنییەکان چاوپۆشی لە سەرپێچیکارانی یاسا بکەن.
قوباد تاڵەبانی، لە هەولێر لەگەڵ جەلال شێخ ناجی، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری، هیوا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم کۆبووەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، لەکۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگی پەیوەندی و هەماهەنگی بەردەوامی نێوان دەزگا هەوڵگری، ئەمنی و سەربازییەکان و یەکخستنی هەوڵەکانیان کرایەوە لە پێناو پاراستنی ئاسایش و ئارامی هەرێم.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری و سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم لەبارەی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانیان لەم قۆناغەدا روونکردنەوەی وردیان پێشکەش بە جێگری سەرۆکوەزیران کرد.
لەبەرامبەردا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم ڕایگەیاند: “لەبەرامبەر ئاسایشی هەرێمەکەمان و پاراستنی سەروماڵی خەڵک دەبێت دەزگا ئەمنییەکانمان چاوپۆشی لە سەرپێچیکاران و پێشێلکارانی قانوون نەکەن و هەر تۆمەتبارێک دادگا داوای دەکات راپێچی بەردەم دەسەڵاتی دادوەری بکەن و بە توندترین شێوەش ڕووبەڕووی ئەوانە ببنەوە کە دەبنە هۆی تێکدانی ژیانی خەڵک”.