چوار فراکسیۆنی پەرلەمانی تورکیا پرۆژەیاسایەکیان لەبارەی قەیووم پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد و دەڵێن: قەیووم پێچەوانەی دەستووری تورکیایە و پێویستە هەڵبوەشێندرێتەوە.
ئەو چوار فراکسیۆنەی پرۆژەیاساکەیان پێشکەشی پەرلەمان کردووە پێکهاتوون لە جەهەپە، پارتی دەم، ئیی پارتی و فراکسیۆنی هاوبەشی پارتی ئایندە و سەعادەت.
جیا لە ئەندامانی ئەو چوار فراکسیۆنە، ئەندامانی پێنج حزبی دیکەی تورکیا واژۆیان لەسەر پرۆژەیاسای کۆتاییهێنان بە قەیووم کردووە.
لە پڕۆژەیاساکەدا ئاماژە بەوەدراوە، یاسای تایبەت بە دوورخستنەوەی سەرۆکی شارەوانییەکان و دانانی قەیووم لە جێگەیان، پێچەوانەی ماددەکانی یەک، پێنج، 123 و 127ـى دەستووری تورکیایە.
گۆکهان ئایدن، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە، دەڵێت، پشتگیریکردنی 10 حزبی تورکیا لە پرۆژەیاسای کۆتاییهێنان بە قەیووم، “زۆر گرنگە” و ڕەخنەی لەو چوار حزبەی دیکە گرت، کە پێکهێنەری هاوپەیمانیی جمهورن و پشتیوانیی لە پرۆژەیاساکە ناکەن.