حکومەتەکە تەکنۆکرات بێت باشە



عەبدولواحید محەمەد – مامۆستا

لە دوای هەڵبژاردن، ئێستا چاوەکان لەسەر ئەوەیە حکومەتێکی تازە پێکبهێنرێت، تاوەکو سەرکردایەتی پەڕینەوەی هاووڵاتیانی هەرێم بکات و لەو هەموو ئەو کێشانەی بەرۆکی گرتینە ڕزگاریان بێت و بگەنەوە کەناری ئارام و ژیانێکی ئاسایی.

بۆ ئەو مەبەستە خەڵکی هەرێم پاساوێکیان نەهێشتۆتەوە لەبەردەم لایەنە سیاسیەکان تاوەکو خەمساردی بەرامبەر بەو خواستەیان بکەن، ئەوەتا لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بە گەرموگوڕیەوە هاتنە پێش و دەنگیاندا، ئەو ئەرکەی لەسەریان بوو جێبەجێیان کرد، بۆیە ئێستا نۆرەی لایەنە سیاسیەکانە دەست بە گفتوگۆ بکەن و لێک تێگەیشتن دروستبکەن.

واتە تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەو لایەنانەیە کە دەنگ و کورسیان هێناوە، دەشبێت وەفاداربن بەرامبەر بەو دەنگانە و ڕۆڵیان هەبێت، بەڕاستی هەڵبژاردنی بێدەنگی جۆرێکە لە بەهەند وەرنەگرتنی دەنگدەرەکانیان، لەبەر رۆناکی ئەو ڕاستییە، دەبێت هەمووان هەوڵی دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکان بدەن، لەوەشدا بەرژەوەندی باڵای هەرێمی تێدا لەبەرچاو بگیرێت.

بۆ ئەوە کەس نابێت خۆی بە سەردەست بزانێت و لە بورجی عاجیەوە سەیری ئەوانیتر بکات، خۆشی بە براوە بزانێت و شەرت و مەرج دابنێت، ئەوەش بەلەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخە زۆر هەستیارەی دەڤەرەکە پێیدا گوزەردەکات، بە هەموو شێوەیەک قوڵپ دەدات، ئەوەتا:

١- ڕۆژهەڵاتی ناوین لە ڕەوشێکی زۆر خراپدایە لە هەموو لایەک ئاگر براچە دەدات و بزیشک دەپڕژێنێت، ئەکید ئەوە ئەگەر چڕتر بێتەوە یان بە هەڵە تەقەیەک بکرێت بزیشکەکەی بەر لەوەی هەموو دەڤەرەکە ئاگر تێبەربدات، بەر شوێنە لاوازەکان دەکەوێت، بێگومان خاڵی لاوازی ئەم دەڤەرەش هەرێمی کوردستانە.

٢- کوردستان بە هەموو بەشەکانیەوە لە نێو جوگرافیایەکی زۆر سەختدایە، ئەوانەی بە دەوریەوەن لە نێوان دوژمنی سەرسەخت و ناحەز و داگیرکەر دابەش بوون، بە ئیمتیازەوە دۆستمان نین هەرگیزیش نابنە دۆست، مەگەر بۆ تاکتیک و بەرژەوەندی تایبەت نەبێت، بۆ ئەوە بەردەوام هەرێم لە قاڵب دەدەن و دەیانەوێت بە بەلای خۆیانەوە بیدوورن، هەڵسوکەوتی زۆر خراپیان لێبینراوە، بە شێوەیەک ئەگەر لە هەموو شتێک ناکۆبووبن، لەسەر دۆزی کورد و کوردستان کۆک و هاوڕان، کۆبوونەوە سێ قۆڵی و چوارقۆڵیەکانیان گەواهی ئەو ڕاستییەن.

٣- نۆیەمین کابینە کە بە زۆرینە و کەمینە و بە نەشتەرکاری قەیسەری و بە زەبری ئەمری داکەوت(واقیع) پێکهێنرا، نەیتوانی وەڵامی داخوازییەکانی کۆمەڵانی خەڵک بداتەوە، دواجاریش سەریکێشا بۆ حکومەتی حیزبی، نەک هاووڵاتی.

بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییەش بەڵگە زۆرە، بەڵام ئێستا جێگەی ئەوە نییە هەمووی بە گۆڕێ وەربکرێ، لە پاڵ ئەوەشدا بەرهەمێکی ئەتۆی بە قازانجی گشتی لێ وەدەستنەهات.

ئەوەتا کێشەی مووچە هەر بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە کە گەورەترین پرسە بە لای تاک بە تاکی ئەم کۆمەڵگەیە، خزمەتگوزاریەکان ئەگەر لە کابینەکانی ڕابردوودا خراپتر نەبووبێت، باشتر نەبووە، سەبارەت بە پەیوەندییەکانی حکومەتی ناوەند و هەرێم بەردەوام لە هەورزا و نشێودایە، باجەکەشی هەر هاووڵاتییان دەیدەن، بۆ خۆشیان نە بایە و نەبارانە.

کێشە ناردنە دەرەوەی نەوت کە سەروەختێک هەموو خەڵکیان پێوە سەرمەست کردبوو گوایە دۆلار باران دەبێت، ئێستا جار و بار باسی دەکەین، ئەویش بە دەنگی نزمەوە نەبادا لە ناردنی تەنکەرەکان خەڵک بێداربنەوە.

لە ژێر ڕۆشنایی ئەو خاڵە گرنگانەی ئاماژەمان پێدا، بێگومان هیتریش هەن، بەڵام من هەرە گرنگەکانم خستووەتەڕوو، دەبێت حکومەتێک پێکبهێنرێت هیچی بە نۆیەمین کابینە نەچێت، بە پێچەوانە دەبێت بنکەکەی فراوان بێت و هەمووان تێدا لە ڕەسمکردنی بەرنامەکەی بەشداربن، بۆ ئەوەی هەمووانیش بەرپرسیاریەتی جێبەجێکردنی یان هەر لێکەوتەیەکیتر بێتە پێشەوە لە ئەستۆبگرن.

بە بڕوای خۆم بۆ ئەم قۆناغە پڕ لە ئاڵەنگاریە حکومەتەکە تەکنۆکرات بێت باشە، بە تەواویش لە ژێر هەیمەنەی پەرلەماندا بێت، لە سەرۆک و جێگرەوە تا وەزیر و فەرمانبەران قابیلی لێپرسینەوە بن، بێ ئەوەی کەس بە هێنانەوەی پاساوی جۆراوجۆر پارێزراو بێت، لە کوێ پێویست بکات بانگهێشت بکرێت و لێپرسینەوە لەگەڵدا بکرێت، ئەگەر باشبوو بڵێن باشە، خۆ ئەگەریش بە پێی پێویست نەبوو متمانەی لێ بستێندرێتەوە، دیارە بەو شێوە حکومەتەکە هەرێم هەورازە سەختەکە دەبڕێت و هاووڵاتیانیش بە هی خۆیانی دەزانن و هەست بە ئەمان دەکەن.

چەند فراکسیۆنێک داوای هەڵوەشاندنەوەی قەیووم دەکەن
پێت چەند فراکسیۆنێک داوای هەڵوەشاندنەوەی قەیووم دەکەن
بارانبارین دەستپێدەکاتەوە
دوات بارانبارین دەستپێدەکاتەوە
پەیوەنیدر