ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

وتار

لابردنی پاشەكەوتی مووچەو و دەرهاوێشتەكانی

ڕزگار حەمەنوری

دوای چاوەڕوانیەكی زۆری مووچەخۆران ئەمڕۆ حكومەتی هەرێم بڕیارێكی گرنگی دا كە لابردنی پاشەكەوتی مووچە بوو بەمەش دەرگایەكی تری ئومێد لەسەر بژێوی مووچەخۆرانی هەرێم كرایەوە. ئاشكرایە بازاڕی هەرێمی كوردستان سیستەمی (بازاڕی ئازادە) و پرۆژەكانی خزمەتگوزاریش (كەرتی تایبەت) جێبەجێیان دەكات ، بۆیە هەندێجار كەحكومەت بڕیارێك دەدات لەبەرژەوەندی هاوڵاتیان بەتایبەتی بڕیارە ئابوریەكان جێگای داخە (هەندێ لە سەرمایەداران) ئەم هەلە دەقۆزنەوەو لەگەڵ هەر باشبونێكی باری دارایی مووچەخۆران نرخی كاڵاو شتومەك زیاد دەكەن هەر لە پێداویستیە سەرەتاییەكان تاكو كاڵا گەورەكان بەمەش بڕیاری باشبوونی باری دارایی مووچەخۆران ئامانجەكەی خۆی ناپێكێ و خەڵك سوودی لێ نابینێی بۆیە ئەركی دام ودەزگاكانی حكومەتە بە تایبەتی قائمقامیەتەكان و ناحیەكان كە لەدوای دەرچوونی ئەم بڕیارەی حكومەتەوە گرنگی تەواو بدەن بە لیژنەكانی ئابوری و چاودێری نرخی كەل و پەل و كاڵاو تەنانەت كرێی موڵك و …. هتد بكەن و نەهێڵن هیچ بازرگان و سەرمایەدارێك لە گرنگی ئەم بڕیارە كەم بكاتەوە كە پەیوەندی بەژیانی سەرجەم خێزانەكانی هەرێمەوە هەیە. لەئەمڕۆ بەدواوە پێویستە حكومەتی هەرێم میكانیزمی گونجاو دابنێت بۆ گەڕانەوەی مووچە پاشەكەوتكراوەكان لەقۆناغی یەكەمیشدا باشترین بژاردە ئەوەیە كە حكومەت دڵنیایی بداتە مووچەخۆران ئەویش بەكردنی بڕی مووچەی پاشەكەوتكراوی هەر مووچەخۆرێك بە (چەكی بانكی) وەدەكرێ پێش كردنی پاشەكەوتەكە بە چەكی بانكی هەر مووچەخۆرێك چەن قەرزاری حكومەتە وەك قەرزەكانی (ئاو ، كارەبا ، سلفەی خانووبەرەی ئەو چەن مانگەی كە مووچەخۆرەكە نەیداوە ، …… هتد) لە مووچە پاشەكەوتەكەی دابشكێنرێ . خاڵێكی تر كە پێویستە لەئەمڕۆ بەدواوە حكومەت دیراسەی پێویستی بكات و كاری لەسەر بكات ئەوەیە كە دەرگای دامەزراندن لەسەر گەنجان و لاوانی خوێندەواری ئەم هەرێمە بكاتەوەو بەپێی بەرنامەیەكی گونجاو و بەپێی پێویستی میلاكات و پسپۆری فەرمانگەكان بەشێكی بەرچاویان دامەزرێنێت چونكە هەموو دەزانین كێشەی دانەمەزراندنی دەرچوەكان هێندەی كێشەی پاشەكەوتی مووچە كاریگەری خراپی لەسەر ئایندەی ئەم هەرێمە هەیە.

وتار

بریکست، ئەو ڕێککەوتنەی سەری سەرۆک وەزیرانی خوارد

عەبدول محەمەد

لەو کاتەوەی پۆستی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیای وەرگرت لە هاوینی ساڵی ٢٠١٦دا ، ئامانجی سەرەکی تیرزا مەی بە دیهێنانی خەونی ڕێککەوتنی چونەدەرەوەی وڵاتەکەی بوو لە ڕێکخراوی یەکێتی ئەوروپا ناسراو بە “بریکست”، بەڵام دوای ٣ ساڵ لە کارکردنی بەردەوام لەو پێناوەدا سەرئەنجام و لە پێناو هەمان ئامانجدا دەسەڵاتی جێهێشتوو خۆی و پۆستەکەشی کردە قوربانی ئەو خەونەی بەریتانیاییەکان.

سەرەتای چیرۆکی بریکست دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٣، کاتێک دەیڤید کامیرۆن سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا بەڵێنیدا ڕاپرسییەکی گشتی ئەنجام بدات سەبارەت بە مانەوەی بەریتانیا لە ناو خێزانی یەکێتی ئەوروپادا یاخود نا، ئەوە بوو لە هاوینی ساڵی ٢٠١٦ ڕاپرسییە گشتییەکە ئەنجام درا، کە سەرەڕای گەرماکەی بۆ بەریتانیاییەکانیش بڕیار و ڕوداوێکی گەرم بوو، بەڵام ئەنجامەکەی بۆ پێشبنییەکانی کامیرۆن چاوەڕواننەکراو بوو، کە پشتیوانی مانەوەی وڵاتەکەی دەکرد لە ناو یەکێتییەکەدا.

ئەو کات بە گوێرەی ئەنجامی ڕاپرسییەکە لە ٥٢%ی بەریتانییەکان پشتیوانی هاتنەدەرەوەی وڵاتەکەیان کرد لە ڕێکخراوی یەکێتی ئەوروپا، بەو هۆیەشەوە کامیرۆن دەستبەرداری سەرۆکی پارتی پارێزگاران بوو، سەرئەنجام بوار بۆ تیرازا مەی رەخسا سەرۆکایەکی حکومەت و حزبەکەش بگرێتە ئەستۆ، مەی ئەو کات پۆستی وەزیری ناوخۆیی وڵاکەی بە دەستەوە بوو.

لەو کاتەوەی مەی گەیشتە بارەگای سەرەکی حکومەت بەریتانیا کە بە (١٠ داونینگ ستریت )ناسراوە لە ساڵی ٢٠١٦، ئاشکرابوو کە ئەرکی سەرەکی وەک سەرۆک وەزیران، جێبەجێکردنی خواستی بەریتانییەکانە بۆ چوونە دەرەوە لە ڕێکخراوی یەکێتی ئەوروپا لەبەر چەند هۆکارێک، دیاترینیان کۆچە.

ئەو کات سەرۆک وەزیرانی دەستلەکارکێشاوە وتی، لەو پێناوەدا کاردەکات و بە وشە بە ناوبەنگەکەی کە وتی (لە پێناو بەریتانیایەکی نوێدا) بەڵام لە کۆتایدا شکستی هێنا لەو ئەرکە و سەرئەنجام بە گریان و فرمێسک ڕشتنەوە پۆستەکەی جێهیشت.

سەرباری ئەوەی تیرزا مەی یەکێک بوو لە دیارترین ئەو کەسایەتیانەی ناو حکومەتی بەریتانیا بۆ مانەوەی وڵاتەکەی لە ڕێکخراوی یەکێتی ئەوروپا، بەڵام سەرۆکایەتی هەڵمەتی چوونە دەرەوەکەی کرد بێ ئەوەی سەرکەوتن بە دەستبهێنێت.

لە وتاری دەستلەکار کێشانەوەدا بە گریانەوە مەی ڕایگەیاند ” نەمتوانی بریکست تەواو بکەم، ئەوەش بۆ من کارێکی زۆر ناخۆشە، من دووەم ژنم سەرۆکایەتی حکومەت لە مێژووی حکومەتی بەریتانیادا، بەڵام دوا ژنیش نابم، بەم نزیکانە دەستبەداری هەموو دەسەڵاتەکانم دەبم، بە مەبەستی ڕەخساندنی بوار بە سەرکردەکی تر بۆ دەرچوون لەو ڕێگە داخراوە و تەواوکردنی چوونەدەرەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، شەرەفمەندبوون بەو ئەرکە، بێ هیچ نییەتێکی خراپ دەستلەکارکێشانەوەی خۆم پێشکەشکردووە، ئامانج لەو هەڵوێستەشم بواردانە بە خۆم بۆ ئەوەی هەلی خزمەتکردنی وڵاتەکەمم بۆ بڕەخسێت”.

سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ ڕێکخراوی یەکێتی ئەوروپا گەیشتنە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی وادەی چوونەدەرەوەکە لە مانگی سێی ئەمساڵدا جێبەجی بکرێت، بەڵام دوای چەندین هەوڵی دووبارە و بەردەوام شکستی هێنا لەوەی بتوانێت پەرلەمانتارانی وڵاتەکەی لە پەرلەمانی بەریتانیا (ئەنجومەنی گشتی) ڕازی بکات بە رەزامەندی و تیپەڕاندنی ڕێککەوتنەکە.

دەقی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا باس لە ماوەیەکی کاتی (بەڕێکردن) دەکات کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ تەواو دەبوو، ئەو کات بەریتانیا بەردەوام دەبوو بە بژاردنەوەی کۆمەکەکانی وڵاتەکەی بە ڕێکخراوی یەکێتی ئەوروپا کە بڕی شایستە داراییە کەڵەکەبووەکان لەسەر لەندەن گەیشتبووە “٤٥” ملیار یۆرۆ.

ئەوە سەرەڕای ڕێککەوتن سەبارەت بە سنور لە نێوان ئیرلەندەی باکور و کۆماری ئیرلەندە، هەروەها ئازادی هاتوچۆی هاوڵاتیانی بەریتانیا لە ناو ڕێکخراوی یەکێتی ئەوروپا لە ماوەی بەڕێکردن.

بەڵام گەیشتن بەو ڕێککەوتنە بەو شێوە ئاسانە نییە ،چونکە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا گفتوگۆیەکی قورس و تاقەپروکێنی بەڕێوە برد لەگەڵ برۆکسل کە لە ساڵی ٢٠١٦وە دەستی پێکردبوو.

بەر لەو مێژووەش تیریزا مەی لە ڕێگەی بریکست ڕووبەڕووی شکستێک بۆیەوە، ئەویش لە دەستدانی زۆرینەی پەرلەمانی بوو لەلایەن پارتی پارێزگارانەوە لە پەرلەمانی بەریتانیا ، ئەو شکستە و ئەگەر هاوپەیمانی پارێزگاران نەبوایە لەگەڵ پارتێکی بچوکدا، ئەوەندەی نەمابوو ببێتە مایەی پەکخستنی گقتوگۆکان لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا.

لەو کاتەدا سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە دوو بەرەوە شەڕی دەکرد، لە لایەک سەرکردایەتی گفتوگۆیەکی قورسی دەکرد لەگەڵ ئەرووپییەکان، کە زۆر توندتر ببوون لە پێشووتر، لە بەرەیەکی دیکەشەوە دەبوایە بتوانێت پەرلەمانی وڵاتەکەی ڕازی بکات، بە پەرلەمانتارانی حزبەکەی خۆشییەوە، سەبارەت بە وردەکاریی کشانەوەکە لە یەکێتی ئەوروپا.

لێرە بە دواوەش تیرزا مەی ، ڕۆژی حەوتی مانگی داهاتوو (حوزەیران) بە تەواوی دەست لە سەرۆکایەتی حکومەت و حزیەکەشی دەکێشێتەوە، بڕیاریشە ڕۆژی ٣ی مانگی داهاتوو بەر لە جێهێشتنی پۆستەکەی بە تەواوی، لە لەندەن پێشوازی لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بکات.

چاودێرانی رەوشی ناوخۆیی بەریتانیا پێیان وایە ڕۆیشتنی مەی دەبێتە مایەی قوڵبوونەوەی قەیرانی چوونەدەرەویە بەریتانیا لە ڕێکخراوی یەکێتی ئەوروپا، چونکە ئەگەری ئەوە هەیە سەرۆک وەزیرانی نوێ رووبەڕووی (بریکست)ێکی سەختر ببێتە لە وتوویژەکانی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا، کە ئەگەری ئەوەی هەیە ڕێگەخۆشکەر بێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی پەرلەمانی پێشوەختە لە بەریتانیادا بەڕێوەبچێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

شـەوانە بازاڕ لە مانگی ڕەمەزان

 

لەمانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا و لەگەڵ نزیكبوونەوەی جەژن بەشێكی زۆری هاونیشتیمانیان پێیان باشە بەشەودا بازاڕ بكەن و پێداویستییەكانیان دابین بكەن.
لەڕاستیدا ئەمەش دیاردەیەكی شارستانی نوێیە و دەرهاویشتەی جیهانگیرییە و ماوەی چەند ساڵێكە بووەتە كلتور لە كۆمەڵگای كوردستاندا بەشێوەیەك كاریگەری هەبووە لەسەر جموجوڵی كڕین و فرۆشتن و گەشەی ئابوری هەرێم.
كات یەكێكە لەڕەگەزە گرنگەكانی بازاڕ و ئەوكاتەی كڕیارو فرۆشیار بەیەك دەگەن نرخەكان دیاری دەكرێت و كرداری ئاڵوگۆڕ ئەنجام دەدرێت.
خۆشبەختانە بەهۆی سەقامگیری ئەمن و ئاسایش لە كوردستاندا ڕێژەیەكی زۆری كڕیاران بەشەو خواستەكانیان پڕدەكەنەوە و هەرچی مۆڵ و سۆپەرماركێت و بازاڕی میللی و هاوچەرخ هەیە جمەیان دێت لە كڕیاران و هەوڵ دەدەن پێویستییەكانیان بە كەمترین تێچونو نزمترین نرخ بەدەست بهێنن، كەدەتوانین بڵێین زۆربەی خواستەكانمان لەم كاتانەدا جلو بەرگ بۆ خانمان ومناڵان و سەبەتەی خواردن و خواردەمەنییە و بەشێكی تری هاونیشتیمانیان دەچنە بازاڕ و مۆڵەكان بۆ بەسەربردنی كاتێكی خۆش و قەرەبوكردنەوەی ڕۆژەكان كە بەهۆی بە ڕۆژوو بوون و بەرزبونەوەی پلەكانی گەرماوە ناتوانن بچنە دەرەوە.ئەوەشمان بیر نەچێت چاولێكەری خێزانەكان كاریگەری تایبەتی هەیە لەسەر شەوانەبازاڕ و هۆكارێكە بۆ برەوسەندنی ئەم دیاردەیە.
لەڕاستیدا شەوانە بازاڕی هاونیشتیمانیان و كڕیاران لەمانگی ڕەمەزاندا بۆ چەند هۆیەك دەگەڕێتەوە لەوانە زۆربەی كڕیاران بەهۆی ئەوەی كە بەڕۆژوو دەبن و زۆربەی كاتەكانی ڕۆژ لەماڵەوە پشوو دەدەن و پلەكانی گەرماش ووردە ووردە بەرزبوەتەوە و ناتوانن بچنە بازاڕەكانەوە و هەروەها بەشێكی تری كڕیاران بریتین لە فەرمانبەرانی دامودەزگاكانی حكومەت ئەمانە بەڕۆژ لە دەوامدان و ماندوو دەبن ناچار بۆ پڕكردنەوەی پێویستییەكانیان بەشەو دەچنە بازاڕو مۆڵەكان.
ئەوەمان لەبیر نەچێت لەبازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا نرخەكان بەهۆی خواست و خستنەڕووە دیاری دەكرێن بەبێ‌ دەست تێوەردانی حكومەت، لەم مانگەدا یاسای خواست كار ناكات (پەیوەندیەكی پێچەوانە هەیە لە نێوان نرخ و بڕی خواست ) واتە ئەگەر نرخ بەرز ببێتەوە ئەوا بڕی خواست دادەبەزێت بەڵام بەهۆی زۆری خواستەوە و ناچار بوونی كڕیاران بۆ پڕكردنەوەی پێویستییەكانیان ئەم یاسا ئابورییە كاری پێ‌ ناكرێت و خێزانەكان زۆربەی داهاتەكانیان و بگرە هەندێ‌ جار قەرزیشی بۆ دەكەن لە پێناو دابین كردنی پێداویستییەكانیان ئەمەش بارگرانیەكی ترە بەسەر شانی لێپرسراوانانی خێزانەكانەوە و خەرجییەكانی خێزان لەم مانگەدا دوو ئەوەندە و زیاتریش دەبێت !
لەلایەكی ترەوە بەسەیركردنی خێرا لەهەموو ئەو بازاڕكردنانەی كە ئەنجام دەدرێت دەردەكەوێت كەبەشی هەر زۆری خواست بۆ كڕینی شمەك و كەلوپەلی كەمالین (جوانكاری، ڕوواڵەتی) ئەمەش مانای گۆڕانكارییە لە گوزەرانی هاوڵاتیاندا بەرەو باشبون و لەلایەكی ترەوە بەداخەوە كڕیاران و بەكاربەران زۆر زوو قەیرانی دارایی و ئابوری كوردستانیان لەبیركردوە و هەرچەندە هێشتا قەیرانەكە بەتەواوەتی بنبڕ نەكراوە هەر بۆیە پێویستە بزانین كە ئیدارەدانی ئابوری دروستی بەكاربەران ئەوەیە كە پاشەكەوت بكەین و هەرچی مایەوە خەرجی بكەین نەك بە پێچەوانەوە داهاتەكانمان خەرج بكەین و هیچ بڕە پارەیەك پاشەكەوت نەكەین.
ئەوەی لێرەدا گرنگە تیشكی بخەینەسەر بۆ ئەوەی هەردوولا (كڕیاران و فرۆشیاران) بتوانن ئامانجەكانیان بەدەست بهێنن لە بەرژەوەندی هەردولا ئەم مانگە پیرۆزە بەڕی بكرێت و ئیستیغلال كردنی تێدا نەبێت لە ڕووی نرخ و جۆری شمەك و كاڵاكانەوە وئەم هەلە نەكرێت بۆ ساغكردنەوەی شمەك وكاڵای خراپ و ماوە بەسەرچوو، هەردوولا بەچاوێكی نەتەوەیی و ئایینی یەوە لەم دیاردەیە بڕوانن.جێگای خۆیەتی دەستخۆشی لە هێزەكانی ناوخۆ بكەین بۆ هەوڵ و ماندوبونیان و ڕەخساندنی كەشێكی ئارام و سەقامگیر كە دڵنیایی بە هەموولایەك دەدات.
هیوادارین ئەم دیاردە شارستانی یە لەساڵانی داهاتودا بەردەوام بێت و گەشەی زیاتری پێ بدرێت و ئەم ڕووە گەشە جوانەی ئابوری و كۆمەڵایەتی و پێكەوە ژیانیەی كوردستان بەهەموو لایەكی بگەیەنین…
*ئابوریناس

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

دەتوانین چی بکەین بۆ کەرکوک؟  

دکتۆر جەبار قادر

(١)

هەموو لایەک هاتوونەتە سەر ئەو باوەڕە، کە سیاسەتی دەسەڵاتدارانی کوردستان سەبارەت بە کەرکوک هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی لێ ناکەوێتەوە، بەڵکو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بارودۆخەکە خراپتر دەبێ. هەڵبەتە کاتێ باسی کەرکوك دەکەین، مەبەستمان هەموو ناوچە دابڕاوەکانە، چونکە کرۆک و گەوهەری کێشەکە کەرکوکە. ئێستا هەموو کەسێک لە خۆی و دەوروبەرەکەی دەپرسێ: باشە دەبێ چی بکەین؟ چۆن لەم تونێلە تاریکە دەرچین؟. ئایە هەر لەسەر ئەم سیاسەتە نەفرەتییە بەردەوام بین، یا بیر لە ڕێبازێکی تر بکەینەوە؟. ئیستا هەندێ هەوڵ و جموجوڵ لە نێوخۆی وڵات لە ئارادان، ئێمەی دیاسپۆرا چۆن دەتوانین هاوکار و پشتیوانیان بین؟. دید و بۆچوونەکانتان لەم بارەیەوە گرنگە بۆ ئەوەی هەموو بە یەکەوە هەنگاوێکی دروست بنێین.
چەند ساڵێک کوردی ئەو ناوچانە بە مادەی ١٤٠ەوە خەریک کران. سەرباری ئەوەی مادەکە لە بنەمادا هەنگاوێکی نانیشتمانی بوو، لە یەکەم ڕۆژیشەوە دیار بوو کە دەرفەتی جێبەجێ کردنی سفرە. لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی ئەو مادەیەوە ڕەنگبێ پەنجا وتارم لەسەری نووسیبێ و ئەوەندەش چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەوانی و تەلەفزیۆنیم لە بارەیەوە کردبێت و لە هەموویاندا ئەو بۆچوونەم دووپات کردووەتەوە کە جێبەجێ ناکرێت و بەرپرسانی کورد کارێکی خراپیان کرد. ئێستاش داوا لە نەتەوە یەکگرتوەکان دەکرێت ڕۆڵی هەبێت لە جێبەجێ کردنی مادەی ١٤٠دا، وەک ئەوەی لە ئەزموونی ١٥ ساڵی ڕابردوو و هەڵس وکەوتی نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ شتێک فێر نەبووبن.
لە ٢٢ نیسانی ٢٠٠٩دا نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ستیفان دی میستورا ڕاپۆرتی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ هاوکاری عێراق (یونامی) سەبارەت بە ناوچە کێشە لەسەرەکان پێشکەش بە حکومەتی عێراق و کوردستان کرد، کە ناوی لێ نابوو”ڕاپۆرتی یونامی تایبەت بە سنوورە نێوخۆییە کێشە لەسەرکان لە باکوری عێراق”. ئەو ڕاپۆرتە بەرهەمی ساڵێک کارکردنی یونامی بوو و بەشێک بوو لەو ئەرکەی ئەنجومەن ئاسایش بە پێی هەردوو بڕیاری ١٧٧٠ و ١٨٣٠ بە یونامی سپاردبوو. ڕاپۆرتەکە لە دوو بەرگدا بوو و بەسەر یەکەوە ٤٧٢ لاپەڕە بوو، باسی لە ١٦ یەکەی کارگێڕی دەکرد کە بریتین لە ١٤ قەزا و ٢ ناحیە: سنجار، تەلەعفەر، شێخان، ئاکرێ، حەمدانیە، مەخمور، حەویجە، دوبز، داقوق، کەرکوک، خورماتو، کفری و خانەقین لە گەڵ مندەلی و بەلەدروز. کاتی خۆی لێژنەیەک پێکهێنرا و دید و بۆچوونەکانی خۆمان لە ٦٠ لاپەڕەدا پێشکەش بەحکومەتی هەرێم کرد بۆ وەڵامدانەوەی یونامی. وا دە ساڵ تێپەڕی ئێستاش شتێکم لە بارەی ئەو ڕاپۆرتەوە نەبیستەوە. کاری زۆرم لە سەر ڕاپۆرتەکە کرد و بوو بە بەشێک لە کتێبێک لەسەر کەرکوک کە قەولە بەم زووانە بڵاو بکرێتەوە، بۆیە لێرە دەرفەتی ئەوە نیە زۆری لەسەر بڵێم.
باوەڕم وایە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان هیچ کێشەیەکی لە جیهاندا پێ چارەسەر نەکراوە و پێی چارەسەر ناکرێت. تەنها ئەو کاتە دەتوانێت کار بکات، ئەگەر پێشوەخت ئەنجومەنی ئاسایش ڕێککەوتبێت و بڕیاری تایبەتی لەسەر پرسێک دەرکردبێت. دامەزراوەکانی زۆر بیرۆکراتیانە کار دەکەن و مەگەر بەرپرسانی ئێمە ئەوەندەی ئەوان حەز لە کۆبوونەوەی بێ ئەنجام بکەن، گەندەڵی زۆریش لە کارەکانیاندا دەکرێت. کۆمەڵی کارمەند کە دەستیان لە کارێک گیر دەبێت، یەکەمین شت بیری لێ دەکەنەوە ئەوەیە، تا پێیان بکرێ تەمەنی کێشەکە درێژ بکەنەوە و لەسەر کارەکانیان بمێننەوە. بەرپرسە باڵاکانیانیش کاتەکەی خۆیان تەواو دەکەن و ڕادەستی یەکێکی تری دەکەن بێ هیچیان کردبێ. ئەوەتا دیمستورا دوای ئەوەی هیچی لە عێراق پێ چارەسەر نەکرا، کرا بە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کێشەی سوریا، لەوێش دوای ئەو هەموو ساڵە هیچ بەرهەمێکی نەبوو.
لەوەش خراپتر ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لە سەرووی هەمووشیانەوە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەموو کار و چالاکییەکانیاندا بەرژەوەندی دەوڵەتان لە بەرچاو دەگرن، ئاخر لە کۆتاییدا ئەوە دەوڵەتانن بڕیار دەدەن و پرۆژە و پێشنیارەکان دەخەنە واری جێبەجێ کردنەوە یا ڕەتیان دەکەنەوە. لە ڕاپۆرتەکەی یونامیدا ئەمە زۆر بە زەقی دەبینرێت. تێمەکە باش لەوە تێگەیشتووە کە کورد تاکە لایەنە کە لەسەر ئاستی نیودەوڵەتی بێ پشت و پەنایە. ئەمە لە کاتێکدا پێکهاتەکانی تری ئەو ناوچانە چەندین دەوڵەتیان هەیە کە لەسەریان دێنە دەنگ. تورکمان تورکیا و دەستەیەک دەوڵەتی تورکی زمانی هەیە، عەرەبی سوننەش چەندین دەوڵەتی عەرەبی و شیعەکانیش ئێران و هەندێ هێزی دیکەیان هەیە. ڕاپۆرتەکە تا ئەو شوێنەی بۆی کرا بێت پشتیوانی لەو پێکهاتانە کردووە و خواستی کوردی پشت گوێ خستووە. زۆر بە ئاسانی ڕەخنەی لە کورد گرتووە و بگرە تۆمەتی داوەتە پاڵی، لە کاتێکدا بەرامبەر بە کردەوە و هەڵس و کەوتی پێکهاتەکانی تر ئەو هەڵوێستەی نەنواندووە، ئەگەر ناچاریش بووبێ ئەوا ڕەخنەکانی زۆر نەرمتر و ڕووکەشیانە تر بوونە. بۆ گەیشتن بە ئامانجە دیاری کراوەکان تیمەکەی یونامی مامەڵەیەکی دوو فاقییانەی لە گەڵ زانیارییە مێژوویی، جوگرافییەکان و داتا و ئاماری سەرژمێرییەکاندا کردووە. لەم بارەیەوە لێکدانەوەی هەڵەی بۆ مێژووی زۆر لە ناوچانە کردووە و ئەو ئامارانەی خستووەتە ڕوو، کە تەنانەت لە گەڵ داتا و ئاماری سەرژمێرییە فەرمییەکانی دەوڵەتی عێراقیشدا یەک ناگرنەوە. لە بری ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ داتا فەرمییەکان و سەرژمێرییە گشتییەکانی دەوڵەتی عێراق بە تایبەتی ئەوانەی بەر هەڵمەتی دەستکاری نەکەوتوون، پەنا دەبەنە بەر ئەو ژمارانەی هەندێ کەس وەریان گرتوون کە گوایە دیداریان لەگەڵیاندا کردووە و ناوی کەسیش ناهێنن و کەس نازانێ کێن ئەوانەی قسەیان بۆیان کردووە و تا چەند ئاگادارن و زانیارییان لەو بارەیەوە هەیە. ئەمەش شیوازێکی سەیرە بۆ گەیشتن بە ڕاستییەکان و بووەتە هۆی هەڵەی زەق لەم بوارەدا. ڕاپۆڕتکە بە جۆرێک لایەنگر و دژ بە خواستەکانی کوردە، کە ئەستەمە مرۆڤ چاوەڕوانی هەڵوێستێکی وا بکات لە ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی، کە گوایە دەیەوێت هاوکار بێت لە چارەسەرکردنی کێشەیەکی ئاڵۆزی وەک کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم. ئەو کەسەی بیر لەوە بکاتەوە یونامی ئەو کێشانەی بۆ چارەسەر بکات، دەبێ هەموو ژیانی لە چاوەڕوانی گۆدۆدا بێت.
بەکورتی وادەزانم لەسەر ئەوە هاوبیرین کە نە مادەی ١٤٠ جێبەجێ دەکرێت و نە یونامیش ناوبژیوانێکی بێ لایەنە و هاوکار دەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەی کەرکوک و ئەو ناوچانەدا. ئێستا هەندێ هەوڵ لە ئارادان بۆ ئەوەی کوردی کەرکوک و ئەو ناوچانە لە دەرەوەی سیاسەتی دەسەڵاتداران ڕێبازێک بۆ خۆیان بدۆزنەوە. لەوە زیاتر نابێ بکرێن بە سوتەمەنی ململانێی حیزبیی بێ واتا و لە پێناو بەرژەوەندی ئەم و ئەودا کوڕیان بەکوشت بدەن و ماڵیان وێران بکەن. کوردانی هەندەران دەتوانن هاوکار و پشتیوانی ئەم هەوڵانە بن. ئێمە تا ساڵی ٢٠٠٣ چەندین ڕێکخراومان لە ئەوروپا بۆ بەرگری لە کەرکوک دروست کرد بوو و چالاکی زۆرمان هەبوو. لە دوای ئەو ساڵەوە وتمان ئیتر ئەوە ڕژێمی سەدام ڕووخا و نوێنەرانی کورد لە بەغدا ئەرکی خۆیان دەبێنن، کە لە دەرەوەی بەرژەوەندی حیزبی و پۆست و پارە نەیان بینی. ئێستا کوردانی دیاسپۆرا زۆر باشتر دەتوانن کار بکەن و خەڵکانی نیشتمانپەروەر لە دەوری خۆیان کۆ بکەنەوە و لەم ڕەوشە نالەبارە خۆیان ڕزگار بکەن.
ئەم پێشەکییە بەشی یەکەمی زنجیرە وتارێکە لەم بارەیەوە، کە لە ڕۆژانی داهاتوودا لەسەر ئەم لاپەڕەیە بڵاویان دەکەمەوە. پێشوازی لە هەموو بیر و بۆچوونێکی بەسود لەم بارەیەوە دەکەم، کە دوور بن لە بەرژەوەندی تایبەتی و نەیارێتی ئەم و ئەو، چونکە من بانگەشەی دامەزراندنی حیزب ناکەم، ئاخر کورد ئەوەندەی چەند دەوڵەتێک حیزبی هەیە. هیوادارم گفتوگۆیەکی تەندروست دەستپێبکەین و ببینە یارمەتیدەر بۆ ئەوانەی هەوڵی خۆ ڕزگارکردن دەدەن لە کۆت و بەندی حیزبی بێ ستراتیژ و بێ داهاتوو.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان