ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

راپۆرت

شەڕی حزبەكان ئەمجارە لەسەر ئەندازیاری ڕاپەڕینە

خەڵك-سەعد مەلا عەبدوڵڵا گوڵپی

ڕاپەڕینی باشووری كوردستان، یەكێكە لەو شانازییانەی مێژووی گەلی كورد كە لە دژی ستەمكارترین دەسەڵاتی ئەو كاتی عیراق كردوویەتی، بەڵام لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان لەبری بەدیهێنانی ئامانجەكانی ڕاپەڕین كە زۆرینەیان پشتگوێخستوون، خەريكی شەڕی ئەوەن كە سەركردەی كامە حزب ئەندازیاری ڕاپەڕین بووە.

لایەنەكان سەركردەكانی خۆیان بە ئەندازیاری ڕاپەڕین دەزانن
ڕۆژنامەی هەولێری سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان، بە مانشێتێكی گەورە ئەوەی ئاشكرا كردووە، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرەی كوردستانی ئەندازیاری ڕاپەڕین بووە.
هاوكات میدیاكانی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، نەوشیروان موستەفا ئەندازیار و جوڵێنەری ڕاپەڕین بووە و چەندین بەڵگە و دۆكۆمێنتیان بۆ ئەوە هەیە، وەك تۆماری دەنگی شەهید عەلی نەبی كە شەهیدی یەكەم ڕۆژی ڕاپەڕینە لە ڕانیە، تەنانەت شایەتیدانی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتیش دەهێننەوە كە لە كتێبی بیرەوەرییەكانی تەمەندا ئاماژەی بەوەكردووە نەوشیروان مستەفا ڕۆڵگێڕی سەرەكی ڕاپەڕین بووە.


هەرچی دەزگاكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیشە جەلال تاڵەبانی بە ئەندازیاری ڕاپەڕین دەزانن لەگەڵ ئەوەی حزبەكەیان بەڕێبەر و پلاندانەری ڕاپەڕین دادەنێن.

ڕاپەڕینی باشووری كوردستان چۆن ڕوویدا؟
مەسعود عەبدولخالق چاودێری سیاسی و ئاگادار لە چۆنێتی ووردەكاریییەكان ڕاپەڕین لە سەردەمی خۆیدا بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ڕاپەڕین، پرسی ناوچەیەكی دیاری كراو نەبوو، بەڵكو پرسی ڕاپەڕینی هەموو شارەكانی كورستان بوو كە ئەوكات عیراق كیمیایی و ئەنفالی بەكار هێنابوو، زۆر مەترسیدار بوو.

دەشڵێت “تێگەیشتنێك هەبوو لە كوردستان، كە كێشەی نێوان عێراق و ئەمریكا و هاوپەیمانان سیناریۆیە و لە عیراق نادرێت، لەبەرئەوە زۆربەی سەركردەكانی پارتی و سۆسیالیست و باڵی ئاڵای شۆڕش بە سەركردایەتی مەلا بەختیار پێیان وابوو لە عیراق نادرێت، ئەگەر شتێكیش بكرێت سیناریۆیە و لەگەڵ ڕاپەڕین نەبوون، نەك لەبەرئەوەی دژی ڕاپەڕین بن، بەڵكو لەبەرئەوەی پێیان وابوو كوردستان تووشی كیمیایی و وێرانكاری دەبێتەوە”.

هەرچەندە هاووڵاتییان پاڵپشتی تەواویان بۆ ڕاپەڕین هەبوو و ڕۆڵێكی گەورەیان گێڕا لە سەركەوتنی، بەڵام هەندێك لە لایەنەكان بە لاوازی و كەمییەوە لە ڕۆڵی هاووڵاتیان دەڕوانن و ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، هاووڵاتیان بە پاڵپشتی پێشمەرگەوە توانیان ڕاپەڕن.

مەسعود عەبدولخالق ئەوەشی ئاشكراكرد، ئەوەی زۆر سوور بوو یەكێتی بوو، لەنێو ئەوانیش نەوشیروان موستەفا لە كوردستان بوو مام جەلال لە دەرەوە بوو، ئەو دوو كەسە زانیاری زۆر وردیان هەبوو لەسەر سیاسەتی نێودەوڵەتی و یاساكانی، ئەوان زانیان عیراق ناتوانێت كوێت ببات و لێی دەدرێت.

كێ ئەندازیاری ڕاستەقینەی ڕاپەڕین بوو
لایەنەكان ڕۆڵیان لە جێبەجێكردنی ئامانجی ڕاپەڕین هەبووە، بەڵام ئەندازیاری ڕاپەڕین ڕۆڵێكی كاریگەری بینیوە لە چۆنێتی داڕەشتنی پلانەكاندا.
مەسعود عەبدولخالق لەو بارەوە ڕایگەیاند، نەوشیروان موستەفا و مام جەلال بەجددی خۆیان ئامادە كرد و نەوشیروان موستەفا وەكو ئەندازەیەكی زۆر وورد ئەو پلانەی دانا، دەنگی گەلی كوردستانیش شاهیدە كە ئەو ڕاستییە هەرگیز ناشاردرێتەوە كە نەوشیروان موستەفا ئەندازیاری ڕاپەڕین بوو.

دەشڵێت “ئەو نامانەم بینیوە كە نەوشیروان موستەفا بۆ شەهید عەلی و محەمەدی كا هەمزە و سمایل وەرتێی دەنارد، چونكە ئەوانە دەستەی ڕاپەڕین بوون كە هاوڕێیەتیمان هەبوو، منیش ئامادەی دوو كۆبوونەوە بووم”.

لە راپەڕین كام لایەنانە ڕۆڵیان گێڕا؟
مێژوو ئەوە ناشارێتەوە كە سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی ئەوكات ڕۆڵی بەرچاویان گێڕاوە لەئازادكرنی كوردستان، بەڵام ئەو چاودێرە سیاسییە دەڵێت “هیچ حزبێكی دیكە بە شێوەی یەكێتی ئاگادار نەبوون، تاكو ڕاپەڕینەكە كرا بە فەرمانی نەوشیروان موستەفا، خۆم زۆر دڵنیا نەبووم لەسەركەوتنی بەتایبەت ئەوكات ڕاپەڕینی باشووری عیراق كرا و شكستی هێنا، لەبەرئەوە دوو دڵ بووین لە سەركەوتنی”.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، هیچ گومانێك لەو مێژووە نییە و نەوشیروان موستەفا و یەكێتی و ڕادیۆی گەلی كوردستان ئەندازیاری ڕاپەڕینن، بەڵام دواتر ئەوەی زۆر ڕۆڵی بینی لایەنە ئیسلامییەكان بوون، دواتر پارتی و حزبەكانی دیكەش بەشداریان كرد.

بەرەی كوردستانی، بێ ئاگاداركردنەوە بزووتنەوەی ئیسلامی جێدەهێڵن
بەپێی زانیارییەكان، دوای كۆنتڕۆڵكردنی كەركوك لە دژی ڕژێم لەلایەن حزبەكانەوە، زۆر ناخایەنێت، بەشێوەیەكی هەڕەمەكی پێشمەرگە دەكشێتەوە، بەرپرسانی بزووتنەوەش ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن ئاگاداری ئەو پلانە نەبوون و زیانی زۆریان دا.

مەسعود عەبدولخالق ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ڕەنگە ئەو شتانە ڕوویدا بێت، بەڵام قۆناغ بۆ قۆناغ و شار بۆ شار بە تەوجیهاتی نەوشیروان موستەفا بووە.

لای خۆشیەوە ئەیوب خوابەخش بەرپرسی ناوچەی تەكیەی بزووتنەوەی ئیسلامی و پێشمەرگەی بەشدار لە ڕاپەڕینی كەركوك بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، دوای كۆنتڕۆڵكردنی كەركوك ئێمە لە كتێبخانەی گشتی ئەو شارە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بارەگامان دانابوو، بەڵام سەربەخۆ بووین و لە بەرەی حزبەكانی دیكە نەبوون و جیاواز بووین.

دەشڵێت “ڕاپەڕین و ئازادكردنی ئەوشارە كەس بە كەس نەبوو، بەشێوەیەك بەرەی كوردستانی كە خۆی لە یەكێتی و پارتی و سۆسیالیست و شیوعی دەبینییەوە كەسیان ئاگادار نەكردەوە و كشانەوە و بە تەنها بزووتنەوەی لێمایەوە، هەر لەبەر ئەوەش بوو كە بەهۆی پێكدادانەكانمان لەگەڵ سوپای عیراق 13 شەهیدمان دا و كۆمەڵێك برینداریشمان بوون و زیاتر لە تەقتەقەوە گەڕاینەوە وەك كۆتا حزبی كوردستانی”.

لە ڕانیە ڕاپەڕین سەری هەڵدا
بۆ وەڵامی میدیا حزبییەكان و هاوكات نەشێواندنی مێژوو، مەسعود عەبدولخالق ڕایگەیاند، باشترین بەڵگەی ئەوەی كێ ئەندازیاری ڕاپەڕین بوو دەتوانین سەیری ناوچەی نفوس بكەین، سەرەتا لە ڕانیە ڕاپەڕین دەكرێت دواتر سلێمانی و نزیكەی 10 ڕۆژی پێچوو ئەوكات گەیشتە دهۆك، ئەوە مانای ئەوەیە هێز لە سلێمانی و هەولێرەوە ڕۆیشتونەتە دهۆك، واتە ئەو ناوچانە بەوشێوەیە ئامادە نەبوون بۆ ڕاپەڕین.

ڕاپەڕینێكی نوێ دژی چینی گەندەڵ
بەشێك لە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كە پەشیمانن لە ڕاپەڕین و هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگێڕنەوە كە ئەوان بۆ ڕزگار بوون لە ستەمی بەعش ڕاپەڕینیان كرد، بەڵام لە ئێستادا لەژێر ستەم و قەیرانە یەكلەدوایەكەكانی دەسەڵاتی كوردی ژیان بەسەر دەبەن، ئەو چاودێرە سیاسییەش بەدووری زانی ڕاپەڕینێكی لەو شێوەیە لە هەرێمی كوردستان دوبارە ببێتەوە.


مەسعود عەبدولخالق راِگەیاند، ڕاپەڕینی لەو جۆرە دروست نابێتەوە، چونكە ئەوكات ڕاپەڕین دژی داگیركەر بوو، ڕاپەڕین دژی حوكمی خۆماڵی زەحمەتە، بەڵام دەكرێت ڕاپەڕینی دەنگدان و ڕاپەڕین دژی چینی گەندەڵ بكرێت، ئەگەر هەیە ڕاپەڕینێكی زۆر گەورەتر ڕووبدات.

راپۆرت

وەرزی ڕەزبڕین لەشارباژێڕ

شارباژێڕ- نزار جەزا

لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی بەهار، خاوەن ڕەزەكان دەست بە بڕینی ڕەزەكانیان دەكەن، بۆئەوەی ڕەزەكەیان ترێیەكی جوان و باشی هەبێت، ئەم كارەش لەهەندێك گونددا بەهەرەوەزری دەكرێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

بەوێنە، ژنە كوردێكی شاری هەولێر خەڵاتی داهێنەرانی بەریتانیا وەردەگرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
ژنێكی كوردی پەنابەر لە وڵاتی بەریتانیا، لەلایەن دامەزراوەی (Innovate UK ) خەڵاتی (ژنانی داهێنەر)ی بۆ ساڵی 2019 پێ دەبەخشرێت، ئەمەش لەبەرامبەر بۆیەكردنی كوپە كاغەزەكان كە دەكرێت لەو ڕێگەیەوە بەكاربهێنرێنەوە و چی دی پشت بە كوپە پلاستیكییەكان نەبەسترێت كە تەنیا بۆ یەك جار بەكاردەهێنرێن.

لە حاڵەتی گشتاندنی ئەو تەكنیكە، بەریتانیا و جیهان لە كێشەی پیسبوونی ژینگە قوتارییان دەبێت كە زیاتر بەهۆی كوپە پلاستیكییەكانەوەیە و ژمارەیان تەنیا لە بەریتانیادا لە یەك ساڵدا، 90 ملیۆن تێدەپەڕێنێت.

دامەزراوەكە، بڕی 50 ملیۆن جونەیهی ئسترلینی و كۆمەڵێك پرۆگرام و پێداویستی بەخشیوە بە (ڤانیا ئیسماعیل) تا هاوكاریی بكرێت لەپێناو پەرەپێدانی داهێنانەكەی، لە هەمان كاتدا دامەزراوەیەك گرێبەستی لەگەڵ هەموو خوێندنگەكانی بەریتانیا كردووە، بۆ بڵاوكردنەوەی قەڵغانی پەمەیی كە ئاماژەكردنە بۆ دەستكەوتەكانی ژنان، ئەمەش لەپێناو هاندانی كچان لە بەریتانیا بۆ داهێنان و پەرەپێدانی تواناكانیان لە بواری زانستی.

 

ژنە داهێنەرە كوردەكە كێیە؟
ڤانیا ئیسماعیل (48 ساڵ)، خوێندنی لە زانكۆی سەڵاحەدین لە شاری هەولێری هەرێمی كوردستان تەواوكردووە و هەر لە هەولێر گەورە بووە.

لە ساڵی 1992دا كیمیای تەواوكردووە، پاشان لەگەڵ خێزانەكەی لە دوای جەنگی كەنداو لە ساڵی 1993 كە لەو دەمەدا تەمەنی 24 ساڵ بووە، پەنایان بردۆتە بەر بەریتانیا.

ڤانیا لە خێزانێكی خوێندەواردا گەورە بووە كە لە چوار خوشك و پێنج برا پێكدێت، باوكی ڤانیا لە پێشینەكانی ئەو كوردانەیە كە شەریعەتی ئیسلامیان لە ئەزهەر لە میسر خوێندووە.

ڤانیا دەڵێت:”شوكردن و خستنەوەی سێ‌ منداڵ، ڕێگر نەبوون لەبەردەم بەردەوامبوون لە كاروان و خواستەكانم لە بواری كیمیا، لە هەمان كاتدا كارەكەشم ڕێگر نەبووە لەبەردەم بەجێگەیاندنی ئەركەكانم وەك دایك، ناسرەوم تا بیركردنەوەكانم نەكەمە شتێكی زانستی، بابەتەكە زۆر بە سانایی خۆی لە خولقاندنی هاوسەنگی لەنێوان ئەركی خێزانی و ئەركی پیشەییدا دەبینێتەوە”.

 

ژینگەیەكی بەدوور لە پیسبوون
ڤانیا ئیسماعیل، سەرۆكی جێبەجێكار و دامەزرێنەری كۆمپانیای ( Coating and Advanced Material Sol-Gel ) ،تێكەڵەیەكی نوێی داهێنانەوە كە بریتییە لە گیراوەیەكی كیمیایی و تەنی بچوك بەرهەم دەهێنێت كە لە پیشەسازی كوپی ئامادەكراودا بەكاردەهێنرێن و بەرگەی پلە بەرزەكانی گەرما دەگرن.

ئەو تەكنەلۆجیایە پێی دەوترێت ” Sol-Gel ” و كوپە ئامادەكراوەكان بۆ ئاوخواردنەوە بەشێوەیەكی شیاو ئامادە دەكات، بەبێ‌ ئەوەی لە دروستكردنیدا پێویست بە بەكارهێنانی ماددەی پلاستیك بكات.

شارەزایان دەڵێن، بڕێكی یەكجار زۆری پاشماوە پلاستیكییەكان لە دەریای ناوەڕاستدا كەڵەكە بووە، نزیكەی هەزار تەن لە ماددە پلاستیكییەكان بەسەر ڕووی دەریاوەن كە زۆربەیان پاشماوەی كوپ و جانتا و بەرگ و كیسەكانن.

هەروەها لەم ماوەیەی دواییدا، بڕێكی زۆر لە ماددە پلاستیكییەكان لە سكی ماسی و باڵندە و كیسەڵ و نەهەنگ و ئەو ڕوەكاندا دۆزرانەوە كە لە كەنارەكانی باكووری ئەوروپا گەشە دەكەن.

ڤانیا دەڵێت، تەكنەلۆجیای نوێی (سۆڵ جیڵ) كە ئەو دایهێناوە، ژینگە لە پیسبوون قوتار دەكات، بۆیە بەردەوام دەبێت لە پەرەپێدانی پرۆژەكەی لەپێناو ژینگەیەكی پاكژدا.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

لابردنی پاشەكەوت قەیرانێكی دیكە دەخوڵقێنێت

خەڵك ـ نزار جەزا

لەگەڵ هەڵوەشانەوەی پاشەكەوتی موچەی موچەخۆرانی هەرێم پێشبینی گرانبوونی نرخی هەندێك كاڵا لە ناو بازاڕەكانی هەرێم دەكرێت.

ماوەی سێ ساڵە حكومەت بەشێك لە موچەی موچەخۆرانی هەرێم پاشەكەوت دەكات، بەڵام حكومەتی هەرێم بەهاوكاری حكومەتی عێراق بڕیاری پاشەكەوتی موچەی هەڵوەشاندەوە و بڕیارە لەم مانگەوە موچە بەبێ پاشەكەوت بەسەر موچەخۆراندا دابەشبكات.

گفتوگۆی پەیامنێری خەڵك لەگەڵ دوكاندارێك

لەبەدواداچوونێكی مەیدانیدا (خەڵك) گفتوگۆی لەگەڵ چەند كاسبكارێك كرد،لەناویاندا ئاراس محەمەد، خاوەنی ماركێتی ئامەد ڕایگەیاند، نرخی خواردەمەنییەكان پەیوەندییان بەپاشەكەوتی موچەوە نییە، چونكە ئەم بەرهەمانە لە دەرەوەی كوردستانەوە دێن و فرۆشیارانی هەرێم ناتوانن كۆنتڕۆڵی نرخەكەی بكەن، بەجۆرێك لەدەرەوە نرخەكەی دیاری دەكرێت، واتە ئەگەر كاڵایەك لەدەرەوە گرانبێت ناچارن لەهەرێمیش بە گران بیفرۆشن، یان ئەگەر گومرگ زیادبكرێت فرۆشیارانیش ناچارن نرخ زیادبكەن.

ناوبراو پێشیوابوو، نەمانی پاشەكەوتی موچە زیاتر كاریگەری لەسەر نرخی خانوو و زەوی و كەرەستە بیناسازییەكان و نرخی ئۆتۆمبێل دەبێت، چونكە ئەمانە خواست لەسەریان زیاتر دەبێت، بەڵام خواردەمەنییەكان ئەگەر قەیرانبێت یان نا خەڵك هەر دەیكڕێت.

بۆ وەرگرتنی زانیاری لەبارەی گرانبوونی نرخی خانوو و زەوی، لەگەڵ كەیوان حاتەم خاوەنی نوسینگەی سوورماش بۆ كڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی، وتووێژێكمان ئەنجامدا، كە تێیدا كەیوان ئاماژەی بەئەوەدا، ڕەنگە بۆ ماوەیەكی كاتی نرخی خانوو و زەوی بەرز ببێتەوە، بەڵام دواتر دادەبەزێتەوە، چونكە بۆ زۆرینەی موچەخۆران تەنها نزیكی 100 هەزارێكی لێ پاشەكەوت كراوە ، كاتێكیش ئەم پارەیەی بۆ دەگەڕێتەوە زۆر كاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخ نابێت.

بەپێی دوایین ئاماری بانكی نێودەوڵەتی، ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم نزیكەی 53٪ی هەموو هێزی كاری هەرێمی كوردستان پێكدەهێنن، كە بەڕای پسپۆڕانی ئابووری ئەو ڕێژە خەڵكەی كە موچەخۆر نین، لەئەگەری بەرزبوونەوەی نرخدا زیادمەندی یەكەمن، چونكە داهاتیان زیادناكات و لەبەرامبەردا خەرجییەكانیان زۆر دەبێت.

لەلایەكی دیكەوە نوری عەبدوڵڵا، خاوەنی فرۆشگای ساڕاڵ بۆ پێداویستییەكانی ناو ماڵ لە وتووێژێكیدا لەگەڵ پەیامنێری (خەڵك) باسیلەوەكرد، هیچ چاودێرییەك لەسەر نرخەكانیان نییە و تاكو ئێستا كەسێك نەهاتووە ڕێنماییان بكات، بۆ ئەوەی كاڵاكانیان بەنرخێكی دیاریكراو بفرۆشن، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ئەم بڕیارە تازەی حكومەت كاریگەری لەسەر نرخەكانیان نابێت، چونكە تەنها ئەگەر لەدەرەوەی هەرێم كاڵاكان گرانبن یان گومرگ زیادببێت، ئەوا نرخ بەرزدەبێتەوە.

گۆران قادر، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی

بەپێچەوانەی ڕای دوكاندارەكەوە گۆران قادر سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەردەوام چاودێری بازاڕ دەكەن و ڕێگری لە بەرزبوونەوەی نرخ بەهەر بیانویەك دەكەن، بەڵام ئەگەر كەسێك نرخ بەرزبكاتەوە سزا دەدرێت و هاووڵاتیانیش ئەگەر بەرزبوونەوەی نرخیان لەهەر شوێنێك بینی، دەتوانن پەیوەندی بە لیژنەكانی قائیمقامیەتەوە بكەن، لەڕێگەی پەڕەی قائیمقامیەتی سلێمانی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك یان پەیوەندی بكەن بە ژمارە 100، یان ژمارە مۆبایلی 07708677777، یان سەردانی قائیمقامیەتی سلێمانی بكەن لەبەرامبەر باخی گشتی.

پسپۆڕانی ئابووری ئامۆژگاری هاووڵاتیان دەكەن، كە هیچ كەسێك بەبێ بەرنامەیی داهاتەكەی خەرج نەكات، بەڵكو بەشێكی لەماڵەكەی خۆیدا لێ پاشەكەوت بكات، بۆئەوەی لەكاتی نەخۆشی و حاڵەتی زۆر پێویستدا بەكاریبهێنن.

دكتۆر نەوزاد محەمەد، مامۆستای زانكۆ و سەرۆكی ڕێكخراوی دووربین

نەوزاد محەمەد، مامۆستای زانكۆ و سەرۆكی ڕێكخراوی دووربین بۆ پرسە سیاسی و ئابوورییەكان بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، لەبەرئەوەی بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان ئازادن، ناتوانرێت كۆنتڕۆڵی نرخەكان بكرێت، بەڵكو نرخ بەپێی خواست بەرز و نزم دەكات، لەئێستاشدا هەر شتێك خواست لەسەری زۆربوو نرخەكەی بەرز دەبێتەوە، بەڵام نەك بەوجۆری كە فرۆشیار دۆخەكە بۆخۆی بقۆزێتەوە و نرخ زۆر بەرز بكاتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵئەوەی حكومەتی هەرێم بڕیارێكی دروستیدا و پاشەكەوتی لابرد، پێویستە حكومەتی هەرێم چاودێرییەكی ورد بخاتە سەر بازاڕ كە زیادەڕۆیی نەكرێت و نرخ بەرزنەبێتەوە، چونكە خەڵك ناتوانێت لەگەڵ ئەم بەرزبوونەوەیە ژیانی بەڕێبكات و پێویستە ئەو كەسانەی نرخ بەرزدەكەنەوە سزا بدرێن.

زیاتر ڕوونیكردەوە، بەشێك لەموچەخۆران لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا قەرزداری خەڵك بوون یان پارەی ئاو و كارەبا و زەریبەكانی دیكەی حكومەتیان نەداوە، بۆیە ئێستاش كە كەمێك موچەیان بۆ دەگەڕێتەوە دەبێت قەرزەكانیان بدەنەوە، واتە كاریگەری قەیرانی دارایی و پاشەكەوتی موچە لەچەند ساڵی ئایندەدا نامێنێت، لەبەرئەمە ناكرێت لەئێستادا لەپڕ نرخ بەرز ببێتەوە، لەلایەكی دیكەوە بەشێكی خەڵك موچەخۆر نییە و داهاتی مانگانەی هەر وەك پێشتر وایە، بۆیە ناكرێت نرخ لەسەر ئەمانیش زیاد بكرێت.

ئەو پسپۆڕە ئابوورییە ڕوونیكردەوە، لەكوردستان ڕاستە ئابووری خەڵك باش دەبێت، بەڵام ژێرخانی ئابووری نییە، بۆیە پێویستە بنەماكانی ئابووری لەئێستاوە لەسەر بنەمانی هەرێمایەتی و پلان و دنیابینی بنیادبنێن، هاوكات كەرتی كشتوكاڵ لەپاڵ كەرتی نەوت بەهێز بكەن، چونكە هەر بڕیارێكی تر بدرێت كوردستان دەگەڕێتەوە دۆخی پێشتر.

لەگەڵ بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن عێراقەوە و سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهۆی نەبوونی ژێرخانی ئابوورییەوە نەیتوانی ئیدارەی حكومەتەكەی بكات و بەناچاری بەشێك لەموچەی موچەخۆرانی بەناوی پاشەكەوتەوە بڕی، كە بووە هۆی قوڵكردنەوەی قەیرانی دارایی و هەزاران هەلی كار لەدەستچوون و هەزاران هاووڵاتی كۆچیانكرد و هەندێكیان لەڕێگای كۆچدا گیانیان لەدەستدا، لەلایەكی دیكەوە سەدان خێزان هەڵوەشانەوە و دەیان كێشەی كۆمەڵایەتی لەناو خەڵكدا دروستبوون.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە
کام لەم وەزارەتانەی کابینەی ٨ لە ئاست خزمەتکردن بە هاولاتیان جێدەستی دیار بووە؟

کوردستان