ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

راپۆرت

هاووڵاتیان لە بەرزی نرخی دوورینی پۆشاكی كوردی نیگەرانن

خەڵك- بەشی هەواڵ

ڕۆژی یەك شەممە 10ی ئاداری 2019 ساڵوەگەڕی ڕۆژی پۆشینی جلوبەرگی كوردییە، بەم بۆنەیەوە فەرمانبەران و قوتابیان بە پۆشاكانی كوردییەوە دەچنە فەرمانگە و قوتابخانەكان و هاووڵاتیانیش گشتی لەو ڕۆژەدا جلی كوردی دەپۆشن.

ساڵانە لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی بەهار و نەورۆزدا هاووڵاتیانی كوردستان ڕوو لە بازاڕەكان دەكەن بۆ كڕین و دوورینی پۆشاكی كوردی، ساڵانەش مۆدێل و شێوازی نوێی پۆشاكی كوردی دادەهێندرێن، بەڵام ئەوەی هاووڵاتیانی نیگەران كردووە، بەرزسی نرخی دوورین و ڕازی نەبوون لە كاری بەرگدرووەكانە، بۆیە داوا دەكەن كە چاودێریی ورد بخرێتەسەر كاری بەرگدرووەكان.

محەمەد حەسەن هاووڵاتییەكی شاری سلێمانییە، دەڵێت “وێڕای ئەوەی نرخی دوورینی پۆشاكی كوردی بەرزە، لە هەمان كاتدا بەرگدرووەكان بە خواستی كڕیار پۆشاكە كوردییەكە نادوورن، بەڵكو بە خواستی خۆیان دەیدوورن، ئەوەش وا دەكات چەند جارێك كڕیار پۆشاكەكە بەرێتەوە بۆ بەرگدرووەكە تا چاكی بكات”.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەوهۆیەوە زۆر جار پۆشاكە كوردییەكە كە پارەیەكی زۆریشی تێچووە، تێكدەچێت و بۆ لەبەركردن نابێت، چونكە چەند جارێك دەستكاری دەكرێت.

هەمزە سدیق وەكو گەنجێك باسی لە جلوبەرگی كوردی كرد “زۆر حەزم بە پۆشینی جلوبەرگی كوردییە، بەڵام گرانی نرخی دوورینی جلوبەرگی كوردی وای كردووە، خەڵكی كەمتر بایەخی پێبدەن”.
دەشڵێت “ئێستا پۆشاكی كوردی زیاتر لە بۆنە تایبەتەكاندا دەپۆشرێت و پۆشینی جلوبەرگی كوردی كاڵ بووەتەوە بەراورد بە سەردەمە كۆنەكان، پێشنیار دەكەم سەرەتا لە ماڵی خۆمانەوە كە دەست بكەین بە لەبەركردنی جلوبەرگی كوردی، هەروەها بە دیاری بیدەینە هاوڕێ و دۆستەكانمان تا زیاتر كولتوری كوردی بپارێزین”.

كچێكیش بە ناوی شەیما جەلال، كە خوێندكارە، ئاماژە بەوە دەكات، ساڵانە بەپێی بۆنە و مەڕاسیمەكان جلی كوردی دەپۆشێت و زیاتر بۆ ڕۆژە تایبەتەكان دەیپۆشێت، “ئێستا جلی كوردی زۆر دەستكاری شێوەكەی كراوە و خەریكە مۆركی كوردەواری لە دەستدەدات”.
هەروەها باسیشی لەوەكرد، زۆری نرخ و جیاوازی لەلایەن بەرگدرووەكانەوە و نەبوونی چاودێری بازاڕگەری بەسەریانەوە، خەڵكی ساردكردووەتەوە لە پۆشینی جلی كوردی.

لای خۆیەوە عیسا عەبدولڕەحمان بەرگدرووی جلوبەرگی كوردی خانمان سەبارەت بە گرنگی و دوورینی جلوبەرگی كوردی، دەڵێت “زیاتر ئێمە بەشێواز و دەستووری كۆن جلوبەرگی كوردی دەدوورین و ئێستا زیاتر گرنگی بەو مۆدێلانە دەدرێت، كە كاری دەستی تێدادەكرێـت، وابەرەو نەورۆز دەڕۆین و كەم كەم خەڵكی دەستیكردووە بە هێنانی قوماش و كردنی جلی كوردی بۆ سەری ساڵی نوێی كوردی”.
باسی لەوەش كرد، هەرناوچەیەك مۆدێل و شێوەی جلوبەرگی كوردی تایبەت بەخۆی هەیە، بۆ نمونە كەوای هەولێری و ڕانیەیی زیاتر بە حەوت پارچەیی دەدوورێن و لە ناوچەكانی دیكە كەمتر داوای ئەم شێوەیە دەكرێت.

لە بارەی ڕەنگەوە ئەو بەرگدرووە، ڕوونیكردەوە، هەر ساڵێك ڕەنگێك زیاتر گرنگی پێدەدرێت و بۆ ئەمساڵیش تا ئێستا ڕەنگی پرتەقاڵی زۆرترین داوای لەسەر بووە بۆ پۆشاكی ئافرەتان، ئێستا زیاتر گرنگی بە جلی ئامادەكراو و دووراویش دەدرێت، چونكە نرخیشیان كەمترە و ئاسانتر بەردەست دەكەون.
داواشیكرد “جلوبەرگی كوردی وەكو خۆی بمێنێتەوە و دەستكاری فۆڕم و شێوەی ڕەسەنی نەكرێت”.

بەختیار محەمەدیش یەكێكە لە بەرگدرووەكانی جلوبەرگی پیاوان، باس لەوە دەكات “ئێستا لەچاو ساڵانی پێشوودا نرخی قوماش زۆر دابەزیوە و ویستێكی زۆر لەسەر جلوبەرگی كوردی هەیە، لە سنووری سلێمانی خەڵكی زیاتر حەزیان بە چۆغە و مورادخانییە”.
ناوبراو لە بارەی مۆدێلە نوێیەكانیشەوە دەڵێت “من وەكو خۆم حەزم بە شێوازی تێكەڵكردنی ستایلی كوردی و ئەورووپایی نییە و ناشیكەم، لەبەرئەوەی هەر كولتورێك بگۆڕێت ئەو نەتەوەیەش تێكدەچێت، چونكە نەتەوەكان بە شێوە و ڕەنگ و جلوبەرگیاندا دەناسرێنەوە”.

گۆران قادر سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی، بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، تاكو ئێستا هیچ هاووڵاتییەك سكاڵای لەسەر بەرگدرووەكان تۆمارنەكردووە لای قائیمقامیەت، لەسەر نرخی جل دوورین یان كوالێتی دوورینی جلەكان.

لەبارەی جیاوازی نرخی بەرگدرووەكان ناوبراو ئاماژەی بەئەوەدا، بەرگدرووەكان كاری دەستدەكەن، بۆیە ناتوانرێت نرخیان بۆ دابنرێت، لەلایەكی دیكەوە بەرگدروو هەیە تازە دەستی بەكارەكە كردووە یان زۆر شارەزا نییە، بۆیە بەهەرزان جل دەدورێت، بەڵام خەڵكی شارەزا هەیە بەگرانتر دەیدورێت.

ریکلام

راپۆرت

پسپۆڕێك: 80%ی هاووڵاتیان تووشی كۆرۆنا دەبن
عیراق، ئەو لایەنانەی سودییان لە كۆرۆنا بینیوە ئاشكرا دەكرێن

خەڵك- بەشی هەواڵ
پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ لە پەرلەمانی عیراق پێیوایە سێ‌ لایەن سودییان لە ڤایرۆسی كۆرۆنا بینیوە لە عیراق، پسپۆڕێكی تەندروستی گشتیش لەگەڵ حاڵەتی پابەندنەبوونی هاووڵاتیان بە ڕێكارەكانی خۆپارێزی، 80%ی كۆمەڵگەی عیراقی تووشی پەتاكە دەبێت.

باسم خەشان پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی عیراق، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”دەركەوتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵات و كاریگەرییەكانی لەماوەی چەند مانگی ڕابردوو، بەشێوەیەكی ڕوون بەرەنجامی شۆڕشی تشرینیان لە گۆڕانكارییە شاوەڕوانكراوەكان دواخست و هاوبەشییان كرد لە هێشتنەوەی هێزە سیاسییەكان لە ڕەوشی ئێستایاندا، بۆیە دەكرێت بڵێین هەموان سودییان لە ڤایرۆسەكە بینی جگە لە گەلی عیراق”.

بە وتەی خەشان”سێ‌ لایەن سودییان لە ڤایرۆسی كۆرۆنا بنیوە كە هێزە سیاسییە دەستڕۆیشتووەكان، بەو هۆیەی پارێزگارییان لە بوونی خۆیان كردووە لەبەرانبەر گۆڕانكارییەكان، لەگەڵ گرێبەستە گەورەكان كە لەماوەی ڕابردوودا واژۆكران، وێڕای سودوەرگرتنی بازرگانانی دەرمانە خراپەكان لەڕووی ساغكردنەوەی كاڵاكانیان لە بازاڕ”.

ئەو پەرلەنتارە پێیوایە”كۆرۆنا بۆتە مایەی ڕاگرتنی زۆرێك لە چالاكییە گرنگەكان لە وڵاتدا، بە تایبەتیش حكومییەكان، چونكە ڕێژەی دەوام 25% تێناپەڕێنێت، بۆیە هاووڵاتیان زەرەرمەندی گەورەن لەم تەنگژەیەی ڕوودەدات”.

پێشتر پسپۆڕێكی لە تەندروستی گشتی، پێشبینی كردبوو 80%ی گەلی عیراق تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا ببێت، باسی لە پێویستی هەنگاونانی عیراق كردبوو بۆ گەیشتن بە قۆناغی پێكەوەژیان لەگەڵ پەتاكە.

د. هەیسەم عوبێدی ڕایگەیاندبوو”عیراقییەكان و هەموو گەلانی جیهان، گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی كە پێویستە پێكەوەژیان لەگەڵ ڤایرۆسی كۆرۆنادا بكرێت، دوای ئەوەی ماوەیەكی زۆر بەسەر قەدەغەكردنی هاتووچۆدا تێپەڕی، هەروەها ژیان ناكرێت لەمە زیاتر ڕابوەستێت”.

بە بۆچوونی ئەو پسپۆڕە”هۆكاریی بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبوون بۆ كەمكردنەوەی ڕێوشوێنەكانی قەدەغەكردنی هاتووچۆ لەكانی جەژنی قوربان و تێكەڵبوونی خەڵك لە بازاڕەكان، یان لە سەردنەكان دەگەڕێتەوە كە ڕێگەی بۆ زیاتر بڵاوبوونەوەی پەتاكە خۆشكرد”.

عوبێدی پێشبینی كرد”70-80%ی كۆمەڵگەی عیراقی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا ببێتە بەپێی چەمكی بەرگری كۆمەڵایەتی، ناشكرێت ڕەوشەكە كۆنترۆڵ بكرێت تا بەشێوەیەكی پلەبەندی تووشبوون لەنێو كۆمەڵگەدا ڕوونەدات”.

پسپۆڕەكەی تەندروستی گشتی عیراق دەڵێت”كردنەوەی مۆڵەكان و ڕێگەدان بە هاتووچۆكردن، ڕێخۆشكەرن بۆ ڕوودانی حاڵەتی پابەندنەبوونی گەورە و بە تایبەتیش لەنێو توێژی لاوان كە زەمینەسازی بۆ تووشبوونی ملیۆنی خۆش دەكەن، ئەمەش عیراقییەكان دەخاتە ڕەوشێكی قورسەوە، چونكە دامەزراوەی تەندروستی لەو دەمەدا توانی لەخۆگرتنی ئەو ژمارە گەورەیەی نامێنێت”.

سەبارەت بە داواكارییەكانی هەڵگرتنی هەردوو شێوازیی قەدەغەكردنی هاتووچۆ، عوبێدی وتی”لەوبڕوایەداین پێكەوەژیان پێویستە هاوشان بێت لەگەڵ سەپاندنی ڕێكاریی توند كە هاووڵاتیان پابەند بكات بە خۆپاراستن و سەپاندنی سزای دارایی بەسەر سەرپێچیكاران، بۆ خۆلادان لە تۆماركردنی ژمارەیەكی گەورەی تووشبوان، بەركەوتن لەگەڵ ڤایرۆسەكەدا چەند زیاتر بێت، هێندە تووشبوو كاریگەریی لەسەر دروستدەبێت، بۆیە جەخت لەسەر پێویستی بەستنی كەمامە و سەپاندنی لە شەقامەكان و فەرمانگە و شوێنەكانی كار دەكەینەوە”.

د. هەیسەم عوبێدی ئاماژەی بە دەنگۆی تەوژمی دووەمی كۆرۆناش كرد كە بە وتەی ئەو”ڕوودانی جێگیر نییە، گەر ڕووشبدات لە عیراق، ئەوا 25%ی گەل كاریگەر نابێت بە پەتاكە، چونكە تووشبووە و لە ماوەی 6 مانگی ئەم ساڵدا بەرگری وەرگرتووە، گەر ڕووبدات، ئەوا نیشانەكانی جیاوازدەبن لەوەی لەئێستادا هەیە”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

وردەكاریی نوێ‌ لەسەر ڤاكسینی دژە كۆرۆنا ئاشكرادەكرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
دەسەڵاتدارانی ڕوسیا وردەكاریی نوێ‌ لەبارەی ڤاكسینە ڕوسییەكەی دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاشكرادەكەن.

چاوەڕوان دەكرێت یەكەمجار بۆ پزیشكان و مامۆستایان بەكاربهێنرێت كە دەكرێت لە كۆتایی ئەم مانگە یان سەرەتای مانگی ئەیلوبی داهاتوو پرۆسەی بەكارهێنەكەی دەستپێبكات.

لەڕێنماییە تایبەتەكانی بەكارهێنانی ڤاكسینە نوێیەكە كە لەلایەن ناوەندی (گامالی) ڕوسی بۆ پەتاكان و بایۆلۆجی دەركراوە هاتووە”ڤاكسینەكە بریتیە لە دەرزییەك كە لە دەماری (دەلتوید) لە شان دەدرێت. گەر ئەستەمیش بوو لەو شوێنە بدرێت، ئەوا لە دەماری پانی ڕان دەدرێت”.

لەپێناو پتەوكردنی بەرگری لەش، دوو جار دەرزییەكە لێدەدرێت كە یەكەمیان پێكهاتەیەكی ڤاكسینەكەی تێدایە، دوای 3 هەفتەش جارێكی تر كەسەكە ڤاكسینێكی تر وەردەگرێت كە پێكهاتەی دووەمی ڤاكسینەكەی تێدایە.

ڕێنماییەكان ئاماژە بە تێبینییەك دەكەن كە بریتییە لەوەی، ئەو كەسەی دەرزییەكەی لێدەدرێت، پێویستە بۆ ماوەی 30 خولەك لەژێر چاودێری پزیشكان یان پەرستاراندا بێت.

پێشتر ڤلادیمێر پۆتین سەرۆكی ڕوسیا ڕایگەیاندبوو، كچەكەی ڤاكسینی دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنای لەسەر خۆی تاقیكردۆتەوە كە بە وتەی ئەو، لەگەڵ وەرگرتنی یەكەم ڤاكسیندا پلەی گەرمای لەشی گەیشتۆتە 38 پلەی سەدی، بەڵام لەكاتی وەرگرتنی دووەم ڤاكسیندا پلەی گەرمای بەرزنەبۆتەوە و پاشان پلەی گەرمای جەستەی ئاسایی بۆتەوە، لەئێستاشدا تەندروستی زۆر باشە.

دەزگای (روس زدراڤ نادزور) چاودێری تەندروستی ڕوسی ڕایگەیاندبوو، پلانی هەیە لە دوای بەكارهێنانی ڤاكسینەكە توێژینەوە لەسەر چەندان هەزار كەس بكات، تا چاودێری ئەگەری دەركەوتنی دیاردە لاوەكییە ناچاوەڕوانكراوەكان بكات لەنێو ئەوانەی ڤاكسینەكەیان بەكارهێناوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

وردەكارییەكانی دەخرێنەڕوو
لێكۆڵینەوەكان بەشێك لە هۆكاریی تەقینەوەكەی بەیروت ئاشكرادەكەن

خەڵك- بەشی هەواڵ
سەرچاوە ئاگادارەكان ڕایدەگەیەنن، لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان ئاماژە بە چەندان ساڵ پشتگوێخستتن و بێخەمی دەسەڵاتداران دەكەن لەڕووی عەمباركردنی ماددەیەكی مەترسیدار لە بەندەری بەیروت كە بووە هۆی ئەو تەقینەوەیەی تێیدا زیاتر لە 100 كەس بونە قوربانی.

ئاژانسی (رۆیتەرز) لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە:”مەسەلەی سەلامەتی عەمباركردن، چەندان جار خراوەتە بەردەست لیژنەكان و دادوەران، بەڵام هیچ فەرمانێك دەرنەكرا بۆ گواستنەوەی ئەو ماددەیە كە خێرا گڕدەگرێت، یان لەناوبردنی”.

بە وتەی سەرچاوەكە:”ئاگرێك لە گەنجینەی ژمارە نۆی بەندەرەكە كەوتەوە و گەیشتە گەنجینەی ژمارە 12 كە نیتراتی ئەمۆنیۆمی تێدا عەمباركراوە”.

سەرچاوەكە دەڵێت:”تەقینەوەكەی 4ی تەمموز بەهێزترین تەقینەوە بوو كە بەیروت بەخۆیەوە بینی، لەكاتێكدا شارەكە هێشتا برینەكانی جەنگی ئەهلی كە سی ساڵ درێژەی كێشا ساڕێژ نەبوون، سەرباری ئەوەش بە تەنگژەیەكی دارایی تونددا تێدەپەڕێت كە دەرهاویشتەی دەیان ساڵ لە گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردنی ئابورییە”.

بەدەری زاهیر، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی لوبنان بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاندووە”گەمرگ شەش بەڵگەنامەی بۆ دەسەڵاتی دادوەریی بەرزكردۆتەوە و هۆشداریی داوە لەبارەی مەترسی گەورەی ماددەكە”.

بە وتەی ئەو بەرپرسە لوبنانییە”داوامان كرد سەرلەنوێ‌ هەناردە بكرێتەوە، بەڵام ئەوە ڕوەینەدا و هۆكارەكەشی بۆ شارەزایان و پەیوەنیدارەكان بەجێدەهێڵین”.
سەرچاوەیەكی تر كە فەرمانبەرە لە بەندەرەكە بە (رۆیتەر)ی ڕاگەیاندووە”شەش مانگ لەمەوبەر تیمێك نیتراتی ئەمۆنیۆمی نێو گەجینەكەی تەماشاكرد و هۆشداریدا لەوەی كە گەر نەگوازرێتەوە،هەموو بەیروت دەتەقێنێتەوە”.

بەپێی ئاژانسەكە، دوو بەڵگەنامە هەن كە تێیاندا گومرگی لوبنانی لە ساڵانی 2016 و 2017 داوای لە دەسەڵاتی دادوەریی كردووە، تا داوا لە دامەزراوە دەریاییە پەیوەندیدارەكان بكات، ماددەكە هەناردەبكەن، یان ڕەزامەندی لەسەر فرۆشتنی نیتراتی ئەمۆنیۆم دەرببڕن كە لەڕێی كەشتی باری (رۆسۆس)ەوە هێنرا و لە گەنجینەی 12دا بۆ زامنكردنی سەلامەتی بەندەرەكە هەڵگیراوە”.

یەكێك لە بەڵگەنامەكان، ئاماژە بە چەند داواكارییەكی هاوشێوە دەكات لە ساڵانی 2014 و 2015.

ماڵپەڕی شیب ئەرستید. كۆم، كە تۆڕێكە مامەڵە لەگەڵ سكاڵا یاساییەكانی كەرتی بار دەكات، لە ڕاپۆرتێكیدا لە ساڵی 2015 ڕایگەیاندووە، كەشتی رۆسۆس كە بە ئاڵای مۆڵدافیاوە لە دەریادا گەشتی كردووە، كاتێك ڕووبەڕووی كێشەی تەكنیكی بووە لە گەشتە دەریاییەكەی لە جۆرجیاوە بۆ مۆزەمبیق، ، لە مانگی ئەیلولی 2013 لە بەیروت لەنگەری گرت و 2750 تەن نیتراتی ئەمۆنیۆمی هەڵگرتبوو.

بەپێی ماڵپەڕەكە”دوای ئەوەی پشكنینی بۆكراوە، ڕێگە لە بەڕێكەوتنی گیراوە، پاش ماوەیەكی كەمیش خاوەنی بارەكە دەستبەرداریی بارەكەی بووە، ئەمەش دوو قەرزاریی ناكۆكی ناچار كردووە سكاڵای ئاسایی بەرزبكەنەوە”.

ئەو ماڵپەڕە دەڵێت”بەهۆی مەترسییەكانی پەیوەست بە هێشتنەوەی نیتراتی ئەمۆنیۆم لەسەر كەشتییەكە، دەسەڵاتداران ناچاربوون بارەكە بگوازنەوە بۆ نێو گەنجینەكانی بەندەرەكە”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان