
وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە ڕایگەیاند تا ئەو کاتەی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەڵەستین دانەمەزرێت، ئەوا پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیلدا دروست ناکەن و جەختی لەوەش کردەوە کە ئەم ھەڵوێستەیان نەگۆڕە و ناچێتە ژێر باری گفتوگۆ و موزایدەوە، ھەروەھا حکوومەتی ئێستای ئەمریکایان لەوباریەوە ئاگادارکردووەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی لە سعوودیە لە ڕاگەیاندراوێکدا وەڵامی دۆناڵد ترەمپ و بنیامین ناتانیاھوی داوەتەوە و ڕایگەیاندووە: “ھەڵوێستی سعوودیە سەبارەت بە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین، ھەڵوێستێکی پتەو و نەگۆڕە، ھەروەھا ئەم ھەڵوێستە ناچێتە ژێر باری گفتوگۆ و موزایدەوە”.
ئەوەشی وەبیرھێناوەتەوە: “جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان لە میانی ئەو گوتارەی کە لە میانی کردنەوەی کارەکانی ساڵی یەکەمی نۆیەمین خولی ئەنجوومەنی شورا لە ١٨ی ئەیلولی ٢٠٢٤دا پێشکەشی کردبوو، ھەڵوێستی سعوودیەی لەبارەی دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین بە ڕوون و ئاشکرا دووپات کردووەتەوە، بۆیە بە ھیچ شێوەیەک ئەو ھەڵوێستەی سعوودیە لەبارەی دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین مایەی قبوڵکردن نییە، لەوەی لێکدانەوەی بۆ بکرێت”.
ئاماژەی بەوەشداوە: “محەمەد بن سەلمان لە میانی لوتکەی نائاسایی عەرەبی و ئیسلامی کە لە ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤دا لە ڕیاز بەڕێوەچوو، جەختی لەوە کردەبوویەوە کە سعودیە لە ھەوڵەکانی بەردەوام دەبێت، بە ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەڵەستین کە پایتەختەکەی قودسی ڕۆژھەڵات بێت،ھەروەھا ڕاشیگەیاندبوو، سعوودیە پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیل دروست ناکات بەبێ ئەوەی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەڵەستین دانەمەزرێت”.
لە ڕاگەیاندراوێکدا، ھەروەھا ھاتووە: “ھەر کات جێنشینی سعوودیە لە میانی لووتکەکەدا جەختی لەوە کردبوویەوە کە سعوودیە ھەوڵەکانی چڕتر دەکاتەوە، بۆ ئەوەی دەوڵەتی فەڵەستین لە سەر سنووری ساڵی ١٩٦٧ دامەزرێت و داواشی کردبوو کە کۆتایی بە داگیرکردنی خاکی فەڵەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە بھێنرێت و داواشی کرد کە زیاتر وڵاتانی ئاشتیخواز دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێن و ڕاشیگەیاندبوو کە گرنگە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پالپشتی لە مافەکانی گەلی فەڵەستین بکەن”.
وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێشتر بۆ چەندین ھەڵوێستی خۆی لە ھەمبەر پێشێلکردنی مافە ڕەواکانی گەلی فەڵەستین، چی لە ڕێگھی سیاسەتی دروستکردنی یەکەی جوولەکەنشین، یان لکاندنی خاکی فەڵەستین بە ئیسرائیل، یان ھەوڵدان بۆ ئاوارەبوونی گەلی فەڵەستین لەسەر خاکەکانیان، ڕەت کردووەتەوە.
لە ٢٥ی مانگی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ داوای کردبوو کە زۆرەملێ فەڵەستینییەکانی غەززە بگوازرێنەوە بۆ وڵاتانی وەک میسر و ئوردن، بەڵام ئەو دوو وڵاتە بە توندی داواکەی دۆناڵد ترەمپ-یان ڕەت کردەوە.
جەختی لەوەا کردووەتەوە، ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، لەوەی ھەوڵ بۆ کەمکردنەوەی ئەو ئازارە مرۆییانە بدات کە خەڵکی فەڵەستین ڕووبەڕووی بوونەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە جەختی لەوەش کردووەتەوە کە تا ئەو کاتەی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەڵەستین دانەمەزرێت، ئەوا پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیلدا دروست ناکەن و ڕاشیگەیاندووە کە ئەم ھەڵوێستەیان نەگۆڕە و ناچێتە ژێر باری گفتوگۆ و موزایدەوە، ھەروەھا حکوومەتی ئێستای ئەمریکایان لەوباریەوە ئاگادارکردووەتەوە”.
لە ساڵی ٢٠٢٠دا، ھەریەک لە ئیمارات، بەحرێن، سوودان و مەغریب بە نێوەندگیری ئەمریکا، رێککەوتننامەی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل واژوو کرد کە دواتر ناوی لێنرا “ڕێککەوتننامەی ئەبراھام”.
ساڵانێکی زۆرە بەرپرسانی ئیسرائیل باس لەوە دەکەن کە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ سعوودیە نزیکبووەتەوە، بەڵام سعوودیە بۆ چەندین جار دووپاتی کردووەتەوە کە تا ئەو کاتەی دۆزی فەڵەستین چارەسەر نەکرێت، ئەوا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی ناکاتەوە.