
بنیامین ناتانیاھو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، “ئاشتی لەنێوان ئیسرائیل و سعوودیە بەدی دێت، ھەروەھا ئیسرائیل و ئەمریکا پێکەوە کار دەکەن بۆ گۆڕینی نەخشەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
بنیامین ناتانیاھو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی ھاوبەشدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆشکی سپی لەبارەی ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سعوودیە، گوتی: “ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سعوودیە، تەنھا ئەگەرێک نییە، بەڵکو بەدی دێت و منیش پێوەی پابەند دەبم”.
ساڵانێکی زۆرە بەرپرسانی ئیسرائیل باس لەوە دەکەن کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ سعوودیە نزیکبووەتەوە، بەڵام سعوودیە بۆ چەندین جار دووپاتی کردووەتەوە کە تا ئەو کاتەی دۆزی فەڵەستین چارەسەر نەکرێت، ئەوا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی ناکاتەوە.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕووی قسەکانی کردە دۆناڵد ترەمپ و گوتی: “ئەگەر ئێوە لە ساڵی ٢٠٢١دا بۆ چەند مانگێک لە پۆستی سەرۆکی ئەمریکا بەردەوام بوونایە، ئەوا ئەو ئاشتییە بەدی دەھات”.
لە ساڵی ٢٠٢٠دا، ھەریەک لە ئیمارات، بەحرێن، سوودان و مەغریب لەسەردەمی خولی یەکەمی دۆناڵد ترەمپ لە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٠دا، بە نێوەندگیری ئەمریکا، رێککەوتننامەی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل واژوو کرد کە دواتر ناوی لێنرا “ڕێککەوتننامەی ئەبراھام”.
ھاوکات دۆناڵد ترەمپ لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ڕابردووە دوای دەستبەکاربوونی لە پۆستی سەرۆکی ئەمریکا، ئومێدی خواست کە وڵاتانی دیکەی عەرەبی وەک سعوودیە لەگەڵ ئیسرائیل، بگەنە ڕێککەوتنی ئاشتی.
بنیامین ناتانیاھو لەبارەی پێشنیازەکەی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە ڕاگواستنی فەڵەستینییەکانی غەززە بۆ میسر و ئوردن، ئەوا گوتی: “سێ ئامانجی ئێمە لە شەڕدا، ئەوەیە کە غەززە نەبێت بە ھەڕەشە، دۆناڵد ترەمپ داھاتوویەک بۆ ئەو پارچە زەوییە (واتا غەززە) دەبینێت کە جێگای سەرنجی تیرۆریستەکانە، ئەو بیرۆکەیەکی دیکەی ھەیە کە جێگای گرنگیدانە و ئێستا تیمەکەی کاری لەسەر دەکەن و ئەمە بیرۆکەیە کە دەتوانێت ڕێڕەوی مێژوو بگۆڕێت.”
لە ٢٥ی مانگی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ داوای کردبوو کە زۆرەملێ فەڵەستینییەکانی غەززە بگوازرێنەوە بۆ وڵاتانی وەک میسر و ئوردن، بەڵام ئەو دوو وڵاتە بە توندی داواکەی دۆناڵد ترەمپ-یان ڕەت کردەوە.
دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی کورتدا بەر لە ئەنجامدانی گفتوگۆکانی لەگەڵ بنیامین ناتانیاھو، پاڵپشتی خۆی بۆ پلانی ڕاگواستنی فەڵەستینیەکانی غەززە بۆ وڵاتانی دیکە، دووپات کردەوە.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشدا کە میسر و ئوردن بە واشنتۆنیان ڕاگەیاندووە کە ئەوان ئامادەنیین پێشوازی لە دانیشتووانی غەززە بکەن، بەڵام بانگەشەی ئەوەی کرد کە وڵاتانی دیکە ڕایانگەیاندووە کە ئامادەن پێشوازی لە دانیشووانی غەززە بکەن.
ھاوکات دۆناڵد ترەمپ دوای دیداری لەگەڵ بنیامین ناتانیاھو بە ڕۆژنامەوانانی گوت: “ئەمریکا کۆنترۆڵی غەززە دەکات، ھەروەھا ئەمریکا دەبێت بە خاوەندارێتی درێژخایەنی غەززە”.
ھاوکات سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، بە لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا دڵخۆش بوو و بۆ دۆناڵد ترەمپ گوتی: ” تۆ لە کۆشکی سپی، باشترین ھاوڕێی ئێمەیت”.
گوتیشی: “لە ژێر سەرکردایەتی ئێوە ( دۆناڵد ترەمپ)، جیھانێکی باشتر دروست دەکەین، ئێمە لە ناوچەکە چاوەڕوانی ئایندەیەکی باش دەکەین و ھاوپەیمانێتیی نێوانمان پتەوتر دەکەین”.
ھەروەھا بنیامین ناتانیاھو ستایشی ئەو ھەنگاوانەی کرد کە لەم چەند ڕۆژەی دواییدا، لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە نراوان، لەوانە یارمەتیدان بۆ ئازادکردنی بەدیلگیراوە ئیسرائیلییەکان، ئەوەش لە ڕێگای ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە و بڕینی پاڵپشتی دارایی بۆ ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەھاناوەچوون و کارپێکردنی پەنابەرانی فەڵەستین (UNRWA) لە فەڵەستین، ھەروەھا واژووکردنی بڕیاری “ئەوپەڕی فشار” بۆ سەر ئێران و ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری قەدەغەکردنی ھەناردەکردنی چەک بۆ ئیسرائیل کە لەلایەن حکوومەتی پێشووی ئەمریکاوە دەرکرابوو.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گوتیشی: “ھەموو ئەمانە تەنھا لە ماوەی دوو ھەفتەدا ڕوویانداوە، بیھێنە پێش چاوت کە چوار ساڵی دیکە، ئێمە لە کوێ دەبین.”
بانگەشەی ئەوەشی کردبوو کە ئیسرائیل و ئەمریکا پێکەوە شەڕی دوژمن دەکەن و پێکەوە کار دەکەن بۆ گۆڕینی نەخشەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست”.
ھەروەھا بنیامین ناتانیاھو بۆ سەرۆکی ئەمریکا گوتی: “سەرۆک دۆناڵد ترەمپ پێویستە پێکەوە کوتایی بە ئەرکەکە بھێنن و ئێمە سێ ئامانجمان لە غەززە ھەیە کە ئەوانیش برتیین لە گەڕاندنەوەی سەرجەم ڕفێندراوەکان (بەدیلگیراوە ئیسرائیلییەکان لە غەززە، وێرانکردنی حەماس و لەناوبردنی ھەڕەشەکانی سەر ئیسرائیل”.
گوتیشی: “من دڵنیام کە لە ژێر سیاسەتی ئێوە و بیرکردنەوەکانتان، ئێمە سەرکەوتوو دەبین لە گەیشتن بە ئامانجەکانمان”.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی ئێرانەوە گوتی: “ئێمە ئامادەین وەڵامی دەستدرێژییەکانی ئێران بدەینەوە و دڵنیابین لەوەی کە ئێران ھەوڵی پەرەپێدان بە چەکی ئەتۆمی نادات”.