
وەک ناڕەزایەتیی دەربڕین لەبەرامبەر دەرکردنی (فەرمانی وەلائی)، لەلایەن دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراقەوە بۆ راگرتنی جێبەجێکردنی پڕۆژەیاسا پەسەندکراوەکانی ھەمواری باری کەسێتی، لێبوردنی گشتی و گەڕاندنەوەی زەوی و زارە زەوتکراوەکان بۆ خاوەنەکانیان، دەوام لە ھەندێک دامەزارەی فەرمی لە پارێزگاکانی نەینەوا، ئەنبار و سەڵاحەددین کرایە پشووی فەرمی.
رۆژی ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ لە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ھەریەک لە پڕۆژەیاساکانی باری کەسێتی، لێبوردنی گشتی، گەڕاندنەوەی زەویزارە زەوتکراوەکان بۆ خاوەنەکانیان، پەسند کران.
پڕۆژەیاسای باری کەسێتی لەلایەن شیعەوە پێشکەش کرابوو، ھاوکات پڕۆژەیاسای لێبوردنی گشتی لەلایەن سوننەوە پێشکەش کرابوو، ھەروەھا پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی زەوی و زارە زەوتکراوەکان بۆ خاوەنەکانیان لەلایەن کوردەوە پێشکەش کرابوو.
دوێنێ سێشەممە، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق (فەرمانی وەلائی) بۆ راگرتنی جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژە یاسانە، دەرکرد.
ھاوکات وەک ناڕەزایەتیی دەربڕین لەھەمبەر دەرکردنی (فەرمانی وەلائی)، لەلایەن دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراقەوە بۆ ئەو پڕۆژەیاسانە، دەوام لە ھەندێک دامەزارەی فەرمی لە پارێزگاکانی نەینەوا، ئەنبار و سەڵاحەددین کرایە پشووی فەرمی، بەڵام لە پارێزگای کەرکووک تەنھا لە دیوانی ئەنجوومەنی پارێزگا، کرایە پشوو.
لەوبارەیەوە پارێزگاری نەینەوا، عەبدولقادر دەخیل لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ چوارشەممە لە سەرجەم فەرمانگە و دامەزراوە فەرمییەکانی پارێزگاکە پشووی فەرمییە، ئەوەش وەکو ناڕەزایەتی دەربڕین لە ھەمبەر فەرمانەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی کە بۆ راگرتنی جێبەجێکردنی یاسای لێبووردنی گشتیی دەرکراوە.
ھەر لەوبارەیەوە پارێزگاری ئەنبار، محەمەد نوری لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە بۆ ماوەی سێ دەوام لە پارێزگاکە کراوەتە پشوو، ئەوە وەکو ناڕەزایەتیی دەربڕین لە ھەمبەر ئەو فەرمانەی کە دادگای باڵای فیدراڵیی بۆ راگرتنی جێبەجێکردنی یاسای لێبوردنی گشتیی دەریکردووە.
ھەروەھا پارێزگاری سەڵاحەددین، بەدر فەحل لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ چوارشەممە وەک ناڕەزایەتی دەربڕین لە ھەمبەر فەرمانەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی بۆ راگرتنی جێبەجێکردنی یاسای لێبووردنی گشتیی دەرکراوە دەوام لە دامەزراوە فەرمییەکانی پارێزگاکە، پشووی فەرمییە.
ئەو بەرپرسانە ڕاشیانگەیاندووە کە پشوو فەرمییەکە، دەزگا ئەمنییەکان و دامەزراوە تەندروستییەکان و شارەوانییەکان، ناگرێتەوە.
ھەر لەوباریەوە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، محەمەد ئیبراھیم لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ چوارشەممە لە ئەنجوومەنی پارێزگاکە و ئەو فەرمانگانەی کە سەر بە ئەنجوومەنەکەن پشووی فەرمییە، ئەوەش وەک ناڕەزایەتیی دەربڕین لە ھەمبەر فەرمانەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی بۆ راگرتنی جێبەجێکردنی یاسای لێبوردنی گشتی.
ھەروەھا سەرۆکی پارتی تەقەدوم، محەمەد حەلبووسی لە ڕاگەیاندراوێکدا لەبارەی فەرمانکەی دادگای باڵای فیدراڵیی ئاماژەی بەوەداوە: “بەردەوام گوتوومانە کە یاسای لێبوردنی گشتیی گەڕاندنەوەی مافی بێتاوان و ستەملێکراوانە و بە ھیچ شێوەیەک ئازادکردنی تیرۆریستان ناگرێتەوە، ئێمە لەگەڵ ئەوەدانین کە تیرۆریستان ئازاد بکرێن، چونکە ئێمە بە ئاگری ئەوان سووتاوین”.
لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعە، پاڵپشتی خۆیان پشتیوانیی خۆیان بۆ فەرمانەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی، راگەیاند.
چوارچێوەی ھەماھەنگی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، دەرکردنی ئەو فەرمانە، بە مافێکی دەستووریی دادگای باڵای فیدراڵیی لەقەڵەم داوە و ڕایگەیاندووە: “ئەو ڕاگرتنە رێڕەوێکی یاساییە لەنێو پڕۆسەی دیموکراسیدا”.
ھەروەھا چوارچێوەی ھەماھەنگی رەخنەی لەو لایەنانە گرتووە کە ناڕەزایەتییان لە ھەمبەر فەرمانگەی دادگای باڵای فیدراڵیی دەربڕووە و بە ھەوڵێک بۆ “زیانگەیاندن بە ناوبانگی” دادگاکە ناوزەندی کردووە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ھەروەھا ھاتووە: “دادگای باڵای فیدراڵیی مافی ئەوەی ھەیە وردبینی لەو سەرپێچییانە بکات کە لە کاتی پەسندکردنی پڕۆژەیاساکاندا لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا روودەدەن، لەوانە نەبوونی رێژەی یاسایی و دەنگدان لەسەر سێ یاساکە بە یەک پاکێج”.
تا ئێستا هەرێمی کوردستان هیچ هەڵوێستێکی دەربارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دەرنەبڕیوە.