
وتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی کوردستان زانیاری لە بارەی بڕینی 100 هەزار دیناری خانەنشینان ئاشکرا دەکات و دەڵێت، بڕیارەکە پەیوەندی بە هەموو عێراقەوە هەیە.
سادق عوسمان، وتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی کوردستان بە “تۆڕی میدیایی خەڵک”ی ڕاگەیاند، بەپێی یاسای ژمارە نۆی یەکگرتووی عێراق، هەر خانەنشینێک مووچەکەی لە ملیۆنێک دینار کەمتر بێت، بە بڕیاری سەرۆک وەزیرانی عێراق هەر یەکەیان دەرماڵەیەکیان بە بڕی 100 هەزار دیناری وەک دیاری پێدەدرا.
وتیشی: “ئەو بڕیارە ساڵانە نوێ دەکرێتەوە، بەڵام تا ئێستا بڕیارەکە لە بەغدادەوە بۆ هەرێمی کوردستان نەهاتووە، بۆیە پێدانی ئەو دەرماڵە 100 هەزار دینارییە ڕاگیراوە و ئەگەر بڕیاری خەرجکردنی بدرێت و بڕیاری پێدانی 100 هەزارەکە نوێ بکرێتەوە بۆ ئەمساڵیش، ئەوە لە مانگی دوو قەرەبووەکەی وەردەگرن”.
لە بارەی ئەو خانەنشینانەی کە پێش 2014 خانەنشین بوون و تا ئێستا مووچەکانیان هاوتا نەکراوە، سادق عوسمان وتی: “بۆ ئەم مانگەش بەشێکی دیکەی ئەو خانەنشینانە مووچەکانیان هاوتا دەکرێت و بەو هاوتا کراوییە وەریدەگرن، ئەوەشی ماوە بۆ مانگی دوو هاوتا دەکرێن و کۆتاییان پێدێت”.