
دوای ڕێککەوتن لەگەڵ بەغداد و پەسەندکردنی هەمواری یاسای بودجە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات.
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی بەڕێوەبچێت و سێ بڕگە تاووتوێ بكات.
لە بڕگەی یەکەمی كۆبوونەوەكەدا لە پێنج خاڵدا بارودۆخی دارایی و مووچە تاووتوێ دەكرێ كە بریتین لە:
1- ڕێکخستنەوەی باری دارایی و داهات و خەرجییەکان و میلاک و بواری وەزیفیی گشتیی.
2- پەسەندکردن و پابەندبوون بە میلاکی سەرجەم مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان (بە ژمارە و پلە و خەرجی) بۆ ساڵی دارایی 2025.
3- پەسەندکردنی ڕێکاری گواستنەوەی خانەنشینانی پێشمەرگە و سەربازی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و شایستەکانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی وەزارەتی دارایی.
4- پابەندبوون بە سنووری دیاریکراوی خەرجییەکانی بەکاربردن و وەبەرهێنان.
5- بەئەلیکترۆنیکردنی لیستەکانی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوە.
لە بڕگەی دووەمدا ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی دەكات لە پەسەندکردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە یاسای هەمواری ماددەی 12 لە یاسای بوودجەی گشتیی فیدڕاڵ تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم.
لە بڕگەی سێیەمدا ڕێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆ و بەشی وەزارەتەکان لە داهات و ناردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵ گفتوگۆ دەكرێت.
لە دوای ڕێککەوتنی هەولێر و بەغداد لەسەر مووچە و پەسەندکردنی هەمواری یاسای بودجەی گشتی عێراق، ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە.