دەنگی ئەمریکا: هێزەکانی هادی عامری لەو ناوچەیە باڵادەستن کە کێڵگەی گازی کۆرمۆری لێوە بۆردومانکراوە



سەرچاوەیەکی بەرپرس ڕایدەگەیەنێت، هێزەکانی سەر بە هادی عامری لەو ناوچانە باڵادەستن کە کێڵگەی غازی کۆرمۆری لێوە بۆردومان کرا.

شەوی یەکشەممەی ڕابردوو لە ڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کە بە پێی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆری سلێمانی درۆنەکە لەگوندی بەشیرەوە ئاڕاستە کراوە.

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە گوندی بەشیری باشووری شاری کەرکووک کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند،”لیوای 16 ی حەشدی شەعبی لەگوندی بەشیر باڵا دەستن کە سەر بە ڕێکخراوی بەدرن، هەروەها فەوجێکی لیوای 15ش لەو گوندە لە ئەرکدان، گروپەکانی تریش بە ڕێژەیەکی کەم لەو ناوچە بوونیان هەیە”.

سەرچاوەکە دەڵێت،”هەرچەندە دژە تیرۆری یەکێتی نیشتمانی گروپەکانی حەشدی بە بۆردومانکردنی کێڵگەی کۆرمۆر تۆمەتبار کرد، بەڵام ئەوان نکۆڵی دەکەن.”

کێڵگەی غازی کۆرمۆر کە کۆمپانیای دانە غازی ئیماراتی سەرکارە تێیدا، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، چەندین جار لەلایەن میلیشیا شیعەکانەوە و لە ڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە کراوەتە ئامانج، بەو هۆیەوە ژمارەیەک کرێکاری بیانی گیانیان لە دەستداوەو برینداربوون، ئەمە جگە لەو زیانانەی بەر کێڵگەکە کەوتوون.

بەپێی دواین ڕاگەیەنراوی کۆمپانیای دانە غاز، ڕۆژانە 503 ملیۆن پێ سێجا گاز لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام لە ئێستادا مەزەندە دەکرێت بەرهەمهێنانی غاز لە ڕۆژێکدا بۆ سەرووی 550 ملیۆن پێ سێجا زیادی کردبێت.

کۆمپانیای دانە غاز پلانی هەبوو لە ساڵی 2023 رێژەی بەرهەمهێنانی غاز لە ڕۆژێکدا بگەیەنێتە 700 ملیۆن پێ سێجا، هەروەها بۆ ساڵی 2025 بەرهەمهێنانی غاز زیاتر بکات و بیگەیەنێتە نزیکەی ملیارێک پێ سێجا، بەڵام بۆردومانی میلیشیا شیعەکان پلانەکانی کۆمپانیاکەی بۆ فراوانکردنی کێڵگەکە ڕاگرت.

بەپێی ڕاگەیەنراوی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لیژنەی لێکۆڵینەوەی لەسەر هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر پێکهێناوە، بە ئامانجی ئاشکراکردنی هۆکارەکانی تەقینەوەی نێو کێڵگەکە.

عەلی باپیر: غەززە سەری هەموو ئوممەتی ئیسلامی بەرزكردەوە
پێت عەلی باپیر: غەززە سەری هەموو ئوممەتی ئیسلامی بەرزكردەوە
کۆمپانیای BP ئامادەیە تاوەکو 25 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە کێڵگەکانی کەرکووکدا بکات
دوات کۆمپانیای BP ئامادەیە تاوەکو 25 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە کێڵگەکانی کەرکووکدا بکات
پەیوەنیدر