
بەغدا زیاتر لە (٩٥٠ ملیار) دیناری بۆ مووچەی مانگی (یەک)ی ئەمساڵ نارد، پەرلەمانتارێكی پێشووی هەرێم دەڵێت: مووچەی مانگی (12)ی ساڵی ڕابردوو لە ئەستۆی هەرێمە.
عومەر گوڵپی، ئەندامی خوولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بە پێی ڕاگەیەنراوی فەرمی حکومەتی هەرێم، بەغدا بڕی (٩٥٠ ملیار) دیناری بۆ مووچەی مانگی 1ی 2025 خستە سەر ئەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم، بەبێ ئەوەی هیچ بەرپرسێکی هەرێم هیچ ئاماژەیەک بە مووچەی مانگی (12ی 2024) بکەن.
دەشڵێت: مووچەی مانگی 12 لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمە، بەغدا بە بەڵگە خۆی لەو بەرپرسیارێتیە هێناوەتە دەرەوە، ئەوەش بە دوو هۆکار:
یەک/ بۆ مووچەی مانگی 12 وەزارەتی دارایی عێراق بڕی (٤٤١ میار) دیناری ناردووە و وەزارەتی دارایی هەرێم ئەو پارەیەی وەرگرتووە.
دوو/ بە پێی ڕاگەیەنراوەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، هەرێمی کوردستان ماوەی 7 مانگی ساڵی ٢٠٢٤ هیچ بڕە پارەیەکی لە داهاتی ناوخۆ بۆ بەغدا نەناردووە، کە دەبوو بۆ هەر مانگێک نزیکەی (٨٠ ملیار) دینار بنێرێت، کە بۆ 7 مانگەکە دەکاتە (٥٦٠ میار) دینار.
ئاشكراشی كرد، بەمجۆرە ئەو دوو بڕە پارەیە دەکاتە زیاتر لە یەک ترلیۆن دینار، کە بەشی تەواوەتی مووچەی مانگی کانوونی یەکەم (12)ی ساڵی ڕابردوو دەکات.
جەختیشی كردەوە، بە هەموو پێوەرێکی ژمێریاریی و یاسایی ئەرکی حکومەتی هەرێمە مووچەی مانگی 12 دابەش بکات لەو پارەیەی بەغدا ناردوویەتی و لەوەشی کە دەبوو بینێرێت بۆ بەغدا و نەیناردووە، هەرێم ئەگەر پشکی بەغدای لە داهاتی ناوخۆ نەناردووە بۆ بەغدا دەبێت بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خەرجی بکات.
گوڵپی وتیشی، “پارە و داهاتی ناوخۆ موڵکی خەڵکی کوردستانە نەوەک دوو حزبی سیاسی، مووچە قوتی منداڵی مووچەخۆرە و نابێت کەس دەست لە مافی خۆی و منداڵەکانی هەڵگرێت، بۆیە پێویستە هەموو خەڵکی کوردستان ئەم ڕاستیە بزانێت و هەموو پێکەوە کاربکەین بۆ فشارکردن تا هەرێم دەچێتە ژێرباری بەرپرسیارێتی مووچەی مانگی 12 و خەرجی دەکات”.