
محەمەد حەلبوسی، لەسەر بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی بۆ ڕاگرتنی كاركردن بە سێ یاسا “لەنێویاندا یاسای لێبوردنی گشتی” هێرش دەکاتە سەر دادگاكە و دەڵێت: ئێمە بە هەموو شێوەیەک ڕووبەڕووی بڕیاری ڕاگرتنی لێبوردنی گشتی دەبینەوە و لە ڕێگەی خۆپیشاندانی بەرفراوانەوە و دەسەڵاتەكەی دەڕووخێنین.
محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی هاوپەیمانی پێشکەوتن، كە پێشتر بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دوورخرایەوە، لەئێستادا لەسەر ڕاگرتنی جێبەجێکردنی یاسای لێبوردنی گشتی، هێرش دەكاتە سەر دادگاكە و دەڵێت: بە هەموو شێوەیەک ڕووبەڕووی بڕیاری ڕاگرتنی لێبوردنەکە دەبێتەوە.
حەلبوسی لە بەیاننامەیەکدا، كە لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی (X) بڵاویكردۆتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، ئێمە گوتوومانە و چەندین جار جەختیشی لەسەر دەکەینەوە، کە یاسای لێبوردنی گشتی کە پەسەند کرا، تەنیا لە پێناو چاککردنەوەی بێتاوان و ستەملێکراوەکانە.
دەشڵێت: ئێمە ڕووبەڕووی بڕیاری ڕاگرتنی جێبەجێکردنی یاسای لێبوردنی گشتی بە هەموو ڕێگایەکی یاسایی و جەماوەری دەبینەوە”.
حەلبوسی داوای کرد، “خۆپیشاندانی بەرفراوان ئەنجام بدرێت کە بناغەکانی نادادپەروەری دەهەژێنێت و ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتی دادگای فیدراڵی بەسەر دەسەڵاتداراندا ڕابگەیەنێت”، هاوکات داوای کرد بایکۆتی هەمەلایەنە و تەواوەتی هەموو ئەو دامودەزگا و چالاکییانە بکرێت کە ڕێز لە ئیرادەی خەڵک و ڕێککەوتنەکانی نێوان پێکهاتەکانی ناگرن.
دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق ئەمڕۆ سێ شەممە 4ی شوبات، كۆبووەوە و لەسەر سكاڵای تۆماركراوی بەردەمی، هەر سێ یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی بەعس و گەڕاندنەوەی موڵك و ماڵ (بۆ كورد) و یاسای باری كەسێتی (بۆ شیعە) و یاسای لێبوردنی گشتی (بۆ سوننە) ڕاگرت.