
دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بە فەرمانێكی (ولائی) بڕیاریدا بە ڕاگرتنی ئەو سێ یاسایەی، كە مانگی ڕابردوو وەك ڕێككەوتنی سیاسی و لە بەرژەوەندی كورد و سوننە و شیعە پەسەند كرا.
دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق ئەمڕۆ سێ شەممە 4ی شوبات، كۆبووەوە و لەسەر سكاڵای تۆماركراوی بەردەمی، هەر سێ یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی بەعس و گەڕاندنەوەی موڵك و ماڵ (بۆ كورد) و یاسای باری كەسێتی (بۆ شیعە) و یاسای لێبوردنی گشتی (بۆ سوننە) ڕاگرت.
دادگای باڵای فیدڕاڵی لە بڕیارەكەیدا ڕایگەیاندووە، هەر سێ یاساكە، كە لە كۆبوونەوەی پەرلەمان لە 21-1-2025 پەسەند كراوە ڕادەگیرێن تاوەكو ئەو كاتەی سكاڵای تۆماركراو لەسەر كۆبوونەوەی ئەو ڕۆژەی پەرلەمان یەكلایی دەبێتەوە.
جەختی کردۆتەوە، دەمانەوێت بزانین یاساکانی باری کەسی و لێبوردنی گشتی و گەڕانەوەی موڵکوماڵ لەگەڵ دەستور دەگونجێت یان نا.