
لیژنەی هاوبەشی دانووستانكاری پارتی و یەكێتی دواهەمین كۆبوونەوەی خۆیان ئەنجامدا ڕەشنووسێکی ٩ خاڵی ئامادەکرا و ڕایدەگەیەنێت، ڕێككەوتنی سەرەتایی لەسەر زۆربەی تەوەرەكان هاتووەتە ئاراوە و دەشڵێت: دەخرێته بەردەستی لیژنەی باڵای دانووستانكاری هەردوولا بۆ یەكلاكردنەوەی.
ئەمڕۆ سێ شەممە، 4ـی شوباتی 2025، لیژنەی هاوبەشی دانووستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان، دواهەمین كۆبوونەوەی خۆیان ئەنجامدا.
لیژنەی هاوبەشی دانووستانكاری پارتی و یەكێتی ڕاگەیەنراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە، كە تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ 4ـی شوباتی 2025 لە هەولێر، لیژنەی هاوبەشی دانووستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دواهەمین كۆبوونەوەی خۆمان كرد، ئەوەش دوای چەندین دانیشتنی چڕوپڕ و گفتوگۆی بنیاتنەرانە بەمەبەستی كاری هاوبەش لە قۆناغی داهاتووی حوكمڕانیدا، بە شێوەیەك كە لە ئاستی قۆناغی هەستیاری ئێستا و چاوەڕوانیی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستاندا بێت.
ڕاشیگەیاندووە، لە میانی كۆبوونەوەكاندا، لێكگەیشتنی هاوبەش و ڕێككەوتنی سەرەتایی لەسەر زۆربەی تەوەرەكان هاتووەتە ئاراوە.
جەختیشدەكاتەوە، ئەنجامی كۆبوونەوەكان دەخرێته بەردەستی لیژنەی باڵای دانووستانكاری هەردوولا، بۆ یەكلاكردنەوەی پرسەكان.