
ئەمڕۆ سێ شەممە 2/4، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا کۆبووەوە.
دوای زیاتر لە 10 ڕۆژ كۆبوونەوەی شاندی هەرێم و عێراق لە هەولێر و بەغدا، ڕێككەوتن بۆ مووچەی مانگی 12ی مووچەخۆرانی هەرێم ئەنجام درا و ئەمڕۆش پارەی مووچەی مانگی 1ی ئەمساڵ، كە زیاتر لە 950 ملیار دینار بوو گەیشتە هەرێمی كوردستان.
حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە کۆبوونەوەی سەرۆكی حكومەت و شاندی هەرێم، شاندەکە کورتەیەکیان دەربارەی ئەنجامی گفتوگۆ و دیدارەکانیان لە بەغدا تایبەت بە هەموارکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵ و دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی ئەندامانی شاندەکە و هەموو تیمە تەکنیکییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، کە زۆر پیشەییانە و دڵسۆزانە ئەرکەکانیان جێبەجێ کردووە، هیواشی خواست دەنگدان لەسەر هەموارکردنی یاسای بودجەی فیدراڵ ببێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی دیکەی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ.