
ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی هۆشداری لەبارەی مووچەی مانگی 12 دەدات و ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر ئەمڕۆ و سبەینێ خشتەی مووچەی مانگی 12 ڕانەگەینرێت و پابەندی پلەبەرزكردنەوە نەبن خۆپیشاندان دەبەنە هەولێر.
ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دەسەڵات ئەمڕۆ و سبەینێ لیستی مووچەی مانگی (١٢) بڵاونەکاتەوە و بەزوویی و تا ڕۆژی شەممە ٨ی ٢ی ٢٠٢٥ پابەندبوونی خۆی بە (پلەبەرزکردنەوە) و داوا ڕەواکانی تری مانگرتووانەوە ڕانەگەیەنێت (کە خۆیان هۆکارن نەک بەغداد)؛ ئەوا ڕۆژی یەکشەممە ٩ی ٢ی ٢٠٢٥ (هەولێر؛ ناوەندی بڕیارەکان) دەکەین بە پایتەختی دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان.
دەقی ڕاگەیەنراوەكە:
هۆشداریی بۆ دەسەڵاتی هەولێر
سەرباری ١٠ ساڵ لە خەباتی مەدەنیی مامۆستایان؛ لەوانە:
(بایکۆت، بەیاننامە و ڕاگەیەنراو، هەڵمەتی هاشتاگ، خۆپیشاندان، خێمە هەڵدان، شەهیدبوونی چەندین خۆپیشاندەر، سەردانیکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکانی بەغداد، سکاڵا تۆمارکردن، سەردانی UN و باڵیۆز و کونسوڵخانەکان، ناردنی پەیام و ڕاپۆرت بۆ بەرپرسان و پەرلەمان و ڕێکخراوە جیهانییەکان، …تاد) دوواهەمینیان (مانگرتنی کۆمەڵێک هاوڕێمانه لە خواردن و خواردنەوە لەبەردەم نووسینگەی UN لە سلێمانی)؛
دەسەڵاتی هەولێر (پارتی) و (یەکێتی؛ هاوبەشی گشت تاڵانکارییەکانی پارتی) ؛ لەم ١٠ ساڵەدا نەک نەهاتوونەتە ژێرباری جێبەجێکردنی هیچکام له داوا ڕەوا و سەرەتاییەکانمان؛ کە لە ئێستادا هاوڕێیانمان ماوەی (٨) ڕۆژە مانیان لە خواردن و خواردنەوە گرتووە، لەپێناو جێبەجێکردنیاندا؛ وەک:
پلەبەرزکردنەوە
بەنیشتمانیکردنی مووچەکانمان (توگین).
دیاریکردنی چارەنووسی مووچەپاشەکەوتکراوەکان.
پێدانی مووچەی ٣٠ ڕۆژ جارێک.
گێڕانەوەی شکۆ بۆ تاکی کورد و مووچەخۆران.
سەرباری ئەوەش؛ لەم ماوە زۆرەی خەباتە مەدەنییەکانمان؛ بەردەوام لە هەوڵی ناشیرینکردنی کەسایەتی ڕێکخەرانی ناڕەزایەتییەکان و نەنگیدانانە پاڵ خەباتەکەماندا بوون و دەیان تۆمەتی ناڕەوایان داوەتە پاڵمان.
لەگەڵ ئەوەشدا دەیانەوێت پێدانی مووچەی مانگی ١٢ دیزەبەدەرخۆنە بکەن و خۆیانی لێ بدزنەوە.
هەر بۆیە لێرەوە ڕایدەگەیەنین؛ دەسەڵات ئەمڕۆ و سبەینێ لیستی مووچەی مانگی (١٢) بڵاونەکاتەوە و بەزوویی و تا ڕۆژی شەممە ٨ی ٢ی ٢٠٢٥ پابەندبوونی خۆی بە (پلەبەرزکردنەوە) و داوا ڕەواکانی تری مانگرتووانەوە ڕانەگەیەنێت (کە خۆیان هۆکارن نەک بەغداد)؛ ئەوا ڕۆژی یەکشەممە ٩ی ٢ی ٢٠٢٥ (هەولێر؛ ناوەندی بڕیارەکان) دەکەین بە پایتەختی دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان و لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانەوە بە لێشاو ڕووی تێدەکەین؛ هاوکات بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن بەردەوام دەبێت.
بۆ ئەم مەبەستە؛ داوا لە مامۆستایان و فەرمانبەران و مرۆڤە ویژدانساغەکانی هەولێری هۆلاکۆبەزێن و دهۆکی مەردایەتی و حیزبە سیاسیی و ڕێکخراوە پیشەیی و مەدەنیەکانی دەرەوەی دەسەڵات دەکەین، هاوکار و پشتیوانمان بن.
ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی
٤ی ٢ی ٢٠٢٥