
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان هۆشداری دایە ئەو هاووڵاتییانەی کە لە فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکانوە گەشت دەکەن کە جگە لە کارتی بانکیی خۆیان، هەر کارتێکی دیکەیان پێ بێت بە یاسای سپیکردنەوەی دراو و پارەدارکردنی تیرۆر تۆمەتباردەکرێن.
ئەمڕۆ سێشەممە، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان چوار ڕێنمایی دەربارەی بەکارهێنانی کارتە بانکییەکان لە فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان بڵاوکردەوە.
ئاسایش ڕایگەیاند، گەشتیار جگە لە کارتی بانکی خۆی نابێت هەڵگری هیچ کارتێکی تربێت، بەپێچەوانەوە تۆمەتبارە بەیاسای سپیکردنەوەی دراو و پارەدارکردنی تیرۆر ژمارە (٣٩ی ساڵی ٢٠١٥).
ڕوونیشیکردەوە کە ئەگەر گەشتیار هەڵگری چەند کارتێکی بانکی بوو کە بە ناوی خۆییەوە نەبوو، گەشتیار و خاوەنی کارتەکان بەرپرسیارن بەرامبەر بەیاسا و کارتە بانکییەکان دەستی بەسەردا دەگیرێت و بلۆک دەکرێن.
ئەوەشی خستەڕوو کە کڕینەوە یان بەکرێدانی کارتە بانکییەکان کارێکی نایاسایییە و بەپێچەوانەوە مامەڵەکار و خاوەنی کارتەکە ڕووبەووی یاسا دەکرێنەوە.
دەزگای ئاسایش ڕاشیگەیاند، داواکارین لە هاووڵاتییان پارێزگاری لە بەڵگەنامە کەسییەکانیان بکەن و ڕێگە نەدەن بەکار بهێنرێت بۆ ئەم مەبەستە.