بێ نازیی خێوەتگەی مانگرتوان نەبوونی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستگۆو ڕاستەقینەی سەلماند!



پ . د . سەعید عەلی محەمەد

ئاشكرایە لە هەموو وڵاتێكی جیهاندا لایەنی دەسەڵات ئەركی ڕاپەڕاندنی كاروباری هاونیشتمانیان و پاراستنی مافەكانیان و دەستەبەر كردنی ئاسایش و ئارامی بۆیان لە ئەستۆ دەگرێت! هەروەها بەپێی سروشت و جۆری سیستمی سیاسی و ئاستی پیادەكردنی فەزای دیموكراسی یاساو ڕێساكان دادەڕێژرێن و جێبەجێ دەكرێن، ئەمەش بە ئامانجی پاراستنی ماف و ئازادییەكان و ڕێكخستنی پەیوەندییەكانی نێوان تاكەكانی كۆمەڵگە و دەسەڵات و، ڕێگریكردن لەبێ سەروبەریی و بڵاوبوونەوەی فەوزا و پاشاگەردانی و تێكچوونی ئاسایشی گشتی!

ئەگونجێ هەندێ جار كەسانێك یان چەند دەستە و تاقم و لایەنێك لێرەو لەوێ بەو یاساو ڕێسایانە ڕازی نەبن، یان لەسەر شێوازی جێبەجێكردن و دابەزاندنی ئەو یاسایانە بۆ نێو ژیانی واقیعی كۆمەڵگە ڕاوبۆچوونی جیاوازیان هەبێت كە ئەمەش سەرهەڵدانی دیاردەیەكی سیاسی نوێی لە فەزای گشتی وڵاتدا لێدەكەوێتەوە كە پێی دەوترێ : دیاردەی ئۆپۆزسیۆن بوون.

ئەڵبەت پسپۆڕان و شارەزایانی بواری سیاسەت قسەی زۆریان لەسەر ئەم دیاردەیە كردووە، هەروەها پێناسەی جۆراوجۆریان بۆ وشەی ئۆپۆزسیۆن داڕشتووە كە گرنگترینیان و نزیكترینیان ئەوەیە : ئۆپۆزسیۆنی سیاسی بەرانبەرە لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی لە هەردوو ڕووی پڕۆژە و ئامانجەوە، هەندێكیان دەڵێن : ئەم دەستەواژەیە لە بنەڕەتدا وشەیەكی لاتینیە كە بریتیە لە (oppositus) و واتای گێچەڵ دروستكردن یان وەستانەوە دژی حكومەت دەگەیەنێ.

بێ گومان دیمەنی سیاسی هیچ وڵاتێك كە سیستەمی دیموكراسی پەیڕەو بكات تەواو نابێت ئەگەر ئۆپۆزسیۆنێكی نیشتمانی ڕاستگۆ و ڕاستەقینە لەو وڵاتەدا بوونی نەبێت و، لە پەرلەماندا فراكسیۆنێكی پەرلەمانیی نوێنەرایەتی نەكات!

ئەڵێم (ئۆپۆزسیۆنێكی ڕاستگۆ و ڕاستەقینە) چونكە هەندێك لەو حیزب و لایەنە سیاسیانەی كە لە قۆناغە جیاوازەكاندا بانگەشەی ئۆپۆزسیۆن بوونیان كردووە یان ئێستا ئەو بانگەشەیە دەكەن لە ڕاستیدا ڕاستگۆنەبوون یا نین و، ئۆپۆزسیۆن بونیان وەك ئامڕازێك و كارتێكی فشار بۆ دەستكەوتی حیزبی و تەنگەتاوكردنی حكومەت و دەسەڵات بەكارهێناوە یان دەیهێنن!

ئۆپۆزسیۆن هەندێ جار ڕواڵەتیە و لە ڕاستیدا بەشێكە لە دەسەڵات و چینە سیاسییەكە، ئەمانە لەسەر سواڵ و سەدەقەی دەسەڵات و چەند دەستكەوتێكی حیزبی تەسك دەژین و خۆیان بەڕێوە دەبەن، ئەم جۆرە ئۆپۆزسیۆنە هیچ ڕۆڵێكی بنیاتنەری نابێت و تەنها گوزارشت لە بەرژەوەندییە حیزبی و ناوچەیی و تایبەتییەكانی خۆی دەكات و هیچی تر!

جۆرێكی تر لە ئۆپۆزسیۆن هەیە ئەركی تەنها دەربڕینی هەڵوێستی ڕەخنەگرانەیە لە ڕاگەیاندنەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و، قەت توانای دەرچوونی لەو فەزایە نیەو، ناتوانێ دابەزێتە شەقام و بەشێوەیەكی ڕێكخراو و تۆكمە و نەخشە بۆ داڕێژراو ڕووبەڕووی دەسەڵات ببێتەوە!

بۆ نموونە: بەدرێژایی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو کە شەپۆلی ناڕەزایی مامۆستایان و خۆپیشاندانی موچەخۆران بەڕێوە دەچێ و، خێوەتگەی مانگرتووان دژ بە بێ مووچەیی و نادادیی و ستەم لەم وڵاتەدا جمەی دێ و ڕۆژ بەڕۆژ توندترو فراوانتر دەبێ، کەچی نەمانبینی ئەوانەی کە خۆیان بەسەرقافڵەی ئۆپۆزسیۆن و، خەمخۆری میللەت و، سەرکردەی بەرەی جەماوەر دەزانی و دەزانن، بێنە ناو شەپۆلە ناڕازیەکەوەو، یەک دوو شەوێکیش سەرکردەکانیان لەگەڵ مامۆستا بێ نازو تەندروست تێکچووەکانی نێو خێوەتگەکاندا بمێننەوە و، لە نزیکەوە بەشداری ئێش و ئازارو موعاناتیان بکەن و، کەمێک لە خەفەت و بێزاریی و فشاریی دەروونیان کەم بکەنەوەو، بە فیعلی و بە کردەوە ببنە واجیهەو دەم ڕاست و ڕووی ڕاستەقینەی جەماوەری بێزارو توڕەبوو !!

بەڕاستی شەرمەزارییە .. چونکە ئەوەی کە بینیمان لەو حیزب و لایەن و سەرۆک و سەرکردەکانیانەوە هیچ نەبوو تەنها بەیاننیامەکی لاواز، یان لێدوانێکی شەرمنانەی بێ ماناو بێ کاریگەر نەبێ، کە ئەویش لەدوا لەحزەکاندا هات، واتە دوای ڕاگەیاندنی ڕێکەوتنی شاندی هەرێم و بەغدا لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی مووچە !!!!

دەتوانم بڵێم: ئێستاکە ئیتر جەماوەر مافی خۆیەتی متمانەی بە هیچ یەكێك لەم ڕەنگ و فۆڕمانە نەبێ كە لە ڕاگەیاندنەکانەوە لاف و گەزافی ئۆپۆزسیۆن بوون لێ دەدەن، چونكە هەموویان بە لای هاوڵاتییەوە بە فیعلی و بە واقیعی جار دواجار تاقیكراونەتەوەو تاقی دەکرێنەوە، بۆ جەماوەر ئاشکرا بوو کە زۆربەیان خاوەن هیچ گۆشە نیگا و بەرنامەیەكی سیاسیی چاكسازیی تۆكمەی ئەوتۆ نەبوون و نین، بەدرێژایی قۆناغەكانی ڕابردووش هیچ شتێكیان نەگۆڕیوە و، بارودۆخەكەش نەک وەك خۆیەتی، بەڵكو خراپتر لە جاران قەیرانەكان درێژەیان هەیە و، بێ هیوایی و ڕەشبینی و بێ ئومێدیی بەرانبەر بەم جۆرە ئۆپۆزسێۆنە زیاتر توندتر دەبێ و پەرە دەسێنێ !

ئەو حیزب و لایەنانەی كە ئێستا لە ساحەی سیاسی كوردستاندا وەك بەرەی ئۆپۆزسیۆن و جەماوەری ناڕازیی خۆیان نمایش دەكەن و، هەر لە ئێستاوە بە دروشمی درۆ و ساختە هەڵپەو بەرنامەسازیی بۆ كۆكردنەوەی دەنگ دەکەن بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانیە چاوەڕوانکراوەکەی عێراق، هەمان تایپە كۆنەكانن و هەمان سیاسیی و دەم و چاوە سواوەکانی ڕابردوون كە لای جەماوەر نەیانتوانیوە هیچ دەستكەوتێكی گەورەی نەوعیی بەدەست بهێنن و، نەیانتوانیوەو ناشتوانن لە داهاتوودا هیچ جۆرە گۆڕانكارییەكی ڕیشەیی لە سیستەمی حوكمڕانیی و فەرمانڕەوایی لە كوردستاندا بهێننە كایەوە، بە مانایەكی تر واتە لە كوردستاندا تا ئەم چركە ساتەش هیچ ئۆپۆزسیۆنێكی نوێی ڕاستەقینەی ڕاستگۆی جێی ئومێدو متمانە، چ لەڕووی بەرنامە و پرۆژەوە، چ لەڕووی پارت و كاراكتەرە پێشكەش كراوەكانەوە بەدی ناكرێ!

ئاسایش دەربارەی چۆنێتی بەکارهێنانی کارتە بانکییەکان هۆشداری دەدات
پێت ئاسایش دەربارەی چۆنێتی بەکارهێنانی کارتە بانکییەکان هۆشداری دەدات
کەشناسی هەرێم: بارانبارینی بە لێزمە ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە
دوات کەشناسی هەرێم: بارانبارینی بە لێزمە ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە
پەیوەنیدر