
دوای ماوەیەكی زۆر لە زاڵبوونی كەشێكی وشك و بێ بارانی بەسەر هەرێمی كوردستاندا، ڕاپۆرتە كەشناسییەكان پێشبینی هاتنی شەپۆلێكی بەفر و باران بۆ ناوچەكانی هەرێم دەكەن.
سیروان ساڵح، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، وشکی كەشوهەوا کۆتایی دێت و لە ڕۆژی پێنج شەممەوە ئەگەری بارانی باش هەیە لە سەرجەم ناوچەکان بە گەرمیانیشەوە.
وتیشی، “لە زنجیره چیاکان ئەگەری بەفربارینی باش هەیە و سەنتەری چەند شارێک دەگرێتەوە”.
لای خۆشیەوە، شاڵاو هیدایەت، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، مانگی 2ی ئەمساڵ لەهەردوو مانگی (12- 2024 و 1- 2025) باشترە لەڕووی دابارینەوە ئەگەری زۆره گۆڕانکاری گەورەی تێدا ڕووبدات ڕێژەی دابارین بەشێوەی بەرچاو زیاد بکات.
وتیشی، “بەنسبەت مانگەکانی ڕابردووەوە بەپێی ئەو بڕە بارانە و بەفرەی دەزگای جفسی ئەمریکی دایناوە تەواو دڵخۆشکەرە و مەترسی وشکەساڵی لایەنی کەم لەزۆرینەی ناوچەکان دووردەخاتەوە”.