
دوابەدوای دۆزینەوەی ڤاكسینی شێرپەنجە لە ڕوسیا و بڕیاری ئەو وڵاتە بۆ بەكارهێنانی لەماوەی ئەمساڵدا، لە بەریتانیاش قۆناغی تاقیكردنەوەی ڤاكسینی شێرپەنجە دەستیپێكرد.
پڕۆژەی دروستكردنی ڤاكسینی شێرپەنجە لەلایەن كۆمپانیای (چی ئێس كەی) و زانكۆی ئۆكسفۆرد دەكرێت و توێژەران ئاشكرای دەكەن، ئێستا لە قۆناغی تاقیكردنەوەی تیۆرییە و توانای هەیە ڕێگری لە شێرپەنجە بكات و بۆ ئەوانەشی كە تووشبوون رێگری لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی بكات.
لای خۆیەوە پڕۆفیسۆر سارا بلاگدن، توێژەرێكی ڤاكسینی شێرپەنجە لە زانكۆی ئۆكسفۆرد ڕایگەیاندووە ،ئامانجی سەرەكی ڤاكسینەكە ئەوەیە، كە ئەوانەی ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجە زۆرە، نەهێڵێت تووشی نەخۆشییەكە ببن.
بەپێی ئامارە جیهانییەكان، لە ساڵی 2023 دا نزیكەی 20 ملیۆن تووشبووی نوێی شێرپەنجە تۆماركراون، كە 9 ملیۆن و 700 هەزار كەسیان گیانیان لەدەستداوە، لەكاتێكدا ژمارەی تووشبووان لە ساڵی 2020 دا نزیكەی 10 ملیۆن كەس بووە.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە ڕوسیا بڵاویكردۆتەوە، تاقیکردنەوە سەرەتاییەکان ئەنجامێکی ئومێدبەخشیان لە خاوکردنەوەی گەشەی گرپێی شێرپەنجە (وەرەم) و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی دەرخستووە. بڕیارە تا ساڵی ٢٠٢٥ ڤاکسینەکە بێ بەرامبەر بۆ هاووڵاتیانی ڕوسیا بەردەست بێت، دوای تەواوبوونی تاقیکردنەوە کلینیکیەکان بۆ دڵنیابوون لە کاریگەری و سەلامەتی.
ماڵپەڕی (RT)ی ڕوسیا لەزاری ئەندرێ کابرین، سەرۆکی سەنتەری توێژینەوەی تیشکی پزیشکی سەر بە وەزارەتی تەندروستی ڕوسیا ڕایگەیاند، ڤاکسینەکە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ دەخرێتە بازاڕەوە، هەروەها تێچووی یەک ژەم لە ڤاکسینەکە نزیکەی سێ هەزار (3000) دۆلارە.
ڤاکسینەکە بۆ چارەسەری تووشبووانی شێرپەنجە بەکاردەهێنرێت، نەک بدرێت بە خەڵکی گشتی بۆ ئەوەی لە پلەی یەکەمدا گرێی شێرپەنجە دروست نەبێت.